سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

مێگەرایی لە وڵاتانی جیهانی سێ

01/12/2022



نەرمین عوسمان

بزووتنەوەی ژنان لە وڵاتانی جیهانی سێ، جیاوازی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە بە بەراورد لەگەڵ بزووتنەوەی ژنانی وڵاتانی رۆژئاوا... ئەم جیاوازییانە بۆ؟ هۆكارەكان چین؟ 

لە سەرەتای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژنان لە وڵاتانی رۆژهەڵات لە كۆتایی سەدەی نۆزدە، رووبەڕووبوونەوەیەكی بەرچاوی بەخۆوە بینی و بە مەترسییەكی گەورە لەسەر دابونەریت لەقەڵەم دەدرا، هەروەها دەوترا كە دەبێتە مەترسی لەسەر بەها كۆمەڵایەتییە باوەكان و لەسەر ئایین و كۆمەڵگە هەڵدەوەشێنێت و دەیشڵەقێنێت. هەرچەندە داواكارییەكانی ئەو سەردەمە زۆربەی لەسەر مافی خوێندن، كار و رەفتاری شایستە بەرانبەر بە ژن تێنەدەپەڕین. سەرەكیترین هۆكاری ئەو بەربەستە گەورانە دژ بە بزووتنەوە و جووڵانەوەكانی ژنان، دەگەڕێتەوە بۆ دواكەوتوویی سیستمی ئابووری؛ لەو كاتەی دەوڵەتانی رۆژئاوا بووبوون بە وڵاتانی پیشەسازی و سەرمایەداری، هێشتا لە رۆژهەڵات و ئەفریقا سیستمی دەرەبەگایەتی هەبوو. سیستمی سەرمایەداری، لەگەڵ خۆیدا ئابوورییەكی جیاواز كە پێویستی بە هێزی كار هەبوو، هەروەها تەكنەلۆژیای تازە و بیری پێشكەوتنخوازیی هێنا بوو، وای كردبوو داواكارییەكانیش گۆڕانكارییان بەسەردا بێت و بەرزتر ببنەوە، نەك تەنیا لەسەر ئاستی ژنان، بەڵكوو پیاوانیش؛ ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی چینایەتی، بۆیە دەتوانین بڵێین: مێگەرایی بۆچوونێكی رۆژئاوایی بوو، هێشتا لەو جۆرە سیستمە لە رۆژهەڵات و جیهانی سێدا بەگشتی پەیدا نەبووبوو. 

لەو سەدەیەی كە بزووتنەوەی مێگەرایی پەیدا بوو، زۆربەی وڵاتانی جیهانی سێ ژێردەستە بوون و سیستمی داگیركاری و كۆلۆنیاڵیەت بەڕێوەی دەبردن، زلهێزەكان (داگیركەرەكان) نەیاندەهێشت ئەو وڵاتانەی داگیریان كردبوون، گەشەیەكی ئابووریی ئەوتۆی بەرچاو بەخۆوە ببینن، هەروەها رێگر بوون لە هاوردەی بیرۆكەی تازەگەری لە ترسی ئاژاوە. لە لایەكی ترەوە، ئەو كۆمەڵگەیانە چ خۆیان، یاخود بۆ جێبەجێكردنی مەرامی داگیركەران، نەیاندەهێشت تازەگەری ببێت، ئەویش بەمەبەستی پارێزگاری لە دابونەریت و كولتووری باوی ئەو سەردەمە. كاتێكیش بزووتنەوەی رزگاریخواز لەو وڵاتانە دەستیان پێ كرد، زۆربەی ئەو بزووتنەوانە پێیان وابوو بە رزگاربوونی وڵات لە دەستی داگیركەر، ژن و پیاو بەیەكەوە ئازاد دەبن، بۆیە پێویست بە رێكخراوی تایبەت بە ژنان نییە و ژنان دەبێت لە ریزە گشتییەكاندا كار بكەن شانبەشانی پیاوان. كاتێك رزگاریشیان بوو، ژن هیچی دەست نەكەوت و بەناچاری كەوتنە دروستكردنی بزووتنەوەی تایبەت بۆ داواكردنی مافەكانیان. 

هەر لە كاتی ژێردەستەیی، وڵاتانی داگیركەر رێگرییان دەكرد لە خوێندەواربوونی ئەو گەلانە و دەیانویست وەك خۆیان بمێننەوە، بۆیە تا ئێستاش دەبینین رێژەی نەخوێندەواری بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی پێشكەوتوو زۆر زیاترە. بەپێی راپۆرتی هەر رێكخراوی ئێسكوا و یونیسێف، تا ئێستا رێژەی نەخوێندەواری لەو وڵاتانە، نزیكەی لە سەدا نۆزدەیە و لەو رێژەیەش دوو لەسەر سێیان لە رەگەزی مێن. هەرچەندە ئەو رێژەیە زۆر كەمترە لەچاو دەیەكانی پێشوو، بەڵام هێشتا بە بەراورد بە وڵاتانی پێشكەوتوو، زۆر زۆرە. چەندیش نەخوێندەواریی زۆر بێت، ئەوەندە ئاستی زانیاری و توانایان كەمتر دەبێت، بەتایبەتیش لە رووی زانینی ماف و ئەركەكانیان و مانەوەیان وەك خۆیان، كە نایانەوێت گۆڕانكاریی ئەوتۆ بكرێت، هەر بۆیە كاریگەریی وتاری ئایینیی توندڕەو، جادوو و فاڵ لەناو ئەو ژنانەدا زۆر باوترە بۆ مەبەستی گۆڕانكاری وەك لەوەی پەنا ببەنە بەر یاسا و رێكخراوە تایبەتمەندەكان بۆ وەرگرتنەوەی مافەكانیان و بەدەستهێنانی داواكارییەكانیان. هەروەها ئەم ژنانە دووردەكەونەوە و نابنە هێز و پاڵپشت بۆ داواكارییەكان، ئەمەش ناڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر قورسایی ئەركی رێكخراوەكان دروست دەكات. ئەمانە و چەندین هۆكاری تری كۆمەڵایەتی، وایان كردووە بزووتنەوەی مێگەرایی هێشتا لە سەرەتادا بێت لە زۆربەی وڵاتی جیهانی سێ.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.