سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ژن لە سێبەری ستەمی پیاودا

01/12/2022



حەمەسەعید حەسەن

ئەوە سرووشتە وای كردووە، ژن و پیاو جیاوازبن. ئەم گوتەیە كاتێك دروستە، مەبەست لەو جیاوازییە، تەنیا لە یەكدی نەچوونی بایۆلۆگی بێت و هیچی دیكە، بەڵام ئەوەی پیاو لە ژن باڵاترە، لە ئەفسانەیەكی حەوتڕۆح بەولاوە، هیچی دیكە نییە. یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردووە، تەمەنی ئەو ئەفسانەیە هێندە درێژ بێت، پشتگیریی ئایینەكانە لێی. ئایینەكان، ئیدی ئاسمانی بووبن، یان زەوینی، لەسەر ئەوە كۆك بوون، پیاو لە ژن باڵاترە.

مێژووی پەیدابوونی ئەو ئەفسانەیەی گوایە پیاو لە ژن باڵاترە، بۆ سەرهەڵدانی سیستەمی بابسالاری دەگەڕێتەوە. بە گوێرەی لێكدانەوەی ئەنترۆپۆلۆگەكان، ئەگەر هەشتهەزار ساڵێك بێت، بابسالاری سەری هەڵدابێت، ئەوا پێش ئەو وەرچەرخانە، نزیكەی دووسەد هەزار ساڵێك، ژن و پیاو لە ماف و ئەركدا یەكسان و هاوبەش بوون. فرێدریك ئێنگڵس (١٨٢٠ - ١٨٩٥) لەكتێبی (ڕەچەڵەكی خێزان و موڵكی تایبەت و دەوڵەت)دا، پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، چەوساندنەوەی ژن و بابسالاری، هاوزەمان لەگەڵ سەرهەڵدانی كۆمەڵگەی چینایەتیدا پەیدابوون.

نزیكەی سەدوپەنجا بۆ دووسەد هەزار ساڵێك لەمەوبەر، یەكەمین سیستەمی كۆمەڵایەتی كە تێیدا ئینسان بە پشتبەستن بە كۆكردنەوەی بەروبوومی كێوی و ڕاو، بژێویی دابین دەكرد، سەری هەڵدا. ئەوسا ئینسان زیندەوەرێكی (دەست لەناو دەم) بوو، ڕاوی دەكرد، هەر چی كەڵكی خواردنی پێوە بووایە، كۆی دەكردەوە و درێژەی بە ژیان دەدا. ئەوسا وێڕای كەشوهەوای سەخت، دوو مەترسی تریش لەسەر ژیانی ئینسان هەبوون، پەلاماری گیانلەبەری دڕندە و هێرشی لەناكاوی (خێڵ)ی شەڕخوازی دراوسێ.

ئەو سەردەمە، ڕەوتی ژیان لەسەرەخۆ بوو، ئینسان ڕۆژانە، ئەوپەڕی دوو سەعاتێك كاری دەكرد و پاشماوەی ڕۆژەكەی بە قسەوباس و دانس و پشوودانەوە بەسەر دەبرد. چونكە گرووپەكە هەم كاریان پێكەوە دەكرد و هەم پێكەوەیش ژیانیان دەگوزەراند، ئەم پێكەوەبوونە، ڕۆڵی گرنگی لە پێشكەوتنی ئینساندا دەگێڕا. ئەو سەردەمە دابەشكردنی كار، پشتی بە لێهاتوویی و ڕەگەز و تەمەن دەبەست، بەڵام هەموو كارەكان، بە چاوپۆشین لەوەی سەختن یان ئاسان، لای گرووپەكە هەمان بەهایان هەبوو. بە پلەی یەكەم پیاوان و ئینجا ژنانی گەنج سەرقاڵی ڕاوكردن دەبوون، ئەوی ڕاوی نەكردبا، خەریكی كۆكردنەوەی خۆراك دەبوو كە ئەم ئیشە زێتر ژنان دەیانكرد و سەرچاوەیەكی هەرە گرنگی دابینكردنی بژێوی بوو. ئەو سەردەمانە پلەوپایەی ژن لەنێو گرووپدا، لای كەم هێندەی پلەوپایەی پیاو بڵند بوو.

ئەوسا بە هەرەوەز منداڵ بەخێۆ دەكرا، ئەمەیش وای دەكرد، ژنی تازەزاو ئازاد بێت و بیپەرژێتە سەر كاری دیكەیش، نەك تەنیا وابەستەی منداڵ بێت، ئاخر تەنانەت شیر بە منداڵ دانیش، هەر بە كۆمەڵ دەكرا و تەنیا ئەركی سەرشانی دایكی منداڵەكە نەبوو. ئەوسا ژن دۆكتۆری گرووپیش بوو، چونكە دەرمان لە ڕووەك دروست دەكرا و ژنیش لە بواری ڕووەكناسیدا، لە پیاو شارەزاتربوو. هەر لەو وەختەوە كە ئینسان كەوتە سەر پێ، ئاخر لە سەرەتادا بە چوارپەل دەڕۆییشت، ئیدی سیستەمێكیش پەیدابوو، كە گرووپی پێكەوە دەبەستەوە و هەر لەناو گرووپیشدا، چارەسەر بۆ ئەو دەستدرێژییانە دەبینرایەوە كە دووچاری تاك دەبوون، ئەگەرنا لەو سەروەختە سەختانەدا، منداڵ چانسی بە زیندوویی مانەوەی گەلێك كەم دەبوو. ئەگەر سەرنجی سیستەمی پێكەوە ژیانی ڕەوە شیمپانزییەك بدەین، هەست دەكەین سوپەربابسالارییە، چونكە نێر هێندە دڕندانە مێ دەچەوسێنێتەوە، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بە گشتی، پیاو وەها زبر، ڕەوتاری لەگەڵ ژندا نەكردووە.

چونكە منداڵ لەناو گرووپدا، بە هەرەوەز بەخێو دەكرا و ژیانی مسۆگەربوو، پیاو پێویستی بەوە نەبوو، بیر لەوە بكاتەوە، سامانی تایبەت بە خۆی هەبێت و وەك میراتی بۆ منداڵی بمێنێتەوە. ئەو سەردەمە، كەس خاوەنی هیچ نەبوو، هەمووان خاوەنی شتەكان بوون، تەنانەت ئەوەیش زەحمەت بوو كە باوكی بایۆلۆگیی منداڵ بە دڵنیایییەوە دیاری بكرێت. ئەمەیش سێ شتی گرنگ دەسەلمێنێت، یەكەم: ئەوەی نائاسایییە، بابسالارییە، نەك یەكسانیی نێوان نێر و مێ. دووەم: ئەوە هیچ بناغەیەكی دروستی نییە كە دەڵێن، ئینسان چونكە خۆپەرستە و شەیدای موڵكی تایبەتە، مەحاڵە سۆسیالیزم و كۆمۆنیزم پێڕەو بكرێن. سێیەم: مانەوەی ئینسان لەو هەلومەرجە سەختانەدا، بەرهەمی كاری هەرەوەز و ژیانی كۆلێكتیڤە.

ئەنترۆپۆلۆگی ئەمریكایی، ئێلینۆر لیكۆك (١٩٢٢ - ١٩٨٧) دەیگوت: لەكۆمەڵگەی كۆلێكتیڤی ڕاو و بەریدار كۆكردنەوە و پەیدابوونی چاندنیشدا، پێوەندیی نێوان تاكەكان، سۆسیالیستەنەبووە، یەكسانی زاڵ بووە و ئەوانەی بڕیاریان بە دەست بووە، هەر خۆیان جێبەجێكەری بڕیاریش بوون، بەڵام كە كۆمەڵگەی چینایەتی سەری هەڵدا، ئیدی ژن نەك هەر لە بڕیارداندا بەشدار نەدەبوو، بەڵكوو هێدی هێدی شوێنپێی لە كۆمەڵدا، وەك هی كۆیلەی لێ هات.

لە كۆمەڵی كۆلێكتیڤدا، گەلێك ژن و مێرد، منداڵ و نەوەی جیاواز، لە بن هەمان میچدا دەژیان و ئەگەر كەسێك لەوانی دی، زێتر ڕێزی لێ گیرابێت، ئەوە ژنێكی بەتەمەنی بەئەزموون بووە. ئێنگڵس بەخت یاوەری نەبووە كە ناوی (داكسالار)ی لەو كۆمەڵگەیە ناوە، ئاخر ئینسان سیستەمی زاڵمی (بابسالار)ی وەبیر دێتەوە و زەینی بۆ ئەوە دەچێت، ئەو قۆناغە، ژن، ستەمكار و پیاو، ستەملێكراو بووبێت، كە ئەو لێكدانەوەیە لە ڕاستییەوە دوورە، چونكە لە هیچ كۆمەڵگە و قۆناغێكدا، دایك زاڵم نەبووە. ئەو دایكسالارییە، كە ڕاستییەكەی (سیستەمی شێوازی دایكانە)یە، لەوەوە نەهاتووە كە دایك سەروەر بووە، لەوەوە هاتووە كە خزمایەتی تەنیا لە بەرەی دایكەوە دروست بووە، كە تەنیا ئیمكانی ئەوە هەبووە، دایكی منداڵ بە دروستی دەستنیشان بكرێت و كە ژن و پیاوێك بڕیاریان داوە پێكەوە بژین، پیاوەكە چووەتە (ماڵ)ی ژنەكە، بەڵام ژن ستەمی لە پیاو نەكردووە و سەرداری پیاو نەبووە، هەردووكیان یەكسان بوون.

ئەو كۆمەڵگەیە، كارڵ ماركس (١٨١٨ - ١٨٨٣) ناوی نابوو، كۆمۆنیزمی سەرەتایی، كۆمەڵگەیەكی ناچینایەتی بوو، كۆمەڵگەیەك تێیدا كەس خاوەنی شتومەكی تایبەت بە خۆی نەبوو، كۆمەڵگەیەك هێشتا دەوڵەتی تێدا پەیدا نەبووبوو. لە كۆمۆنیزمی سەرەتاییدا، خەڵكەكە بە شێوەیەكی هاوبەش لە شتەكان سوودمەند دەبوون، پێكەوە كۆمەڵیان بەڕێوە دەبرد، بڕیاردەران هەر خۆیان بڕیار جێبەجێكەرانیش بوون و ڕۆڵی ژنان هیچی لە ڕۆڵی پیاوان  كەمتر نەبوو. گواستنەوە لە قۆناغی كۆكردنەوەی بەری دار و ڕاوەوە، بۆ قۆناغی كشتوكاڵكردن، هەزاران ساڵی خایاند، ئێنگڵس بەو ماوەی گواستنەوەیە، دەڵێت: بەربەریزم كە بناغەی دامەزراندنی شارستانیی كۆمەڵگەی چینایەتی بوو.

كە زەویكێڵان گەشەی كرد، ئەوە پیاو بوو، چونكە لە ڕووی فیزیكییەوە لە ژن بەهێزتر بوو، لە كێڵگەدا كاری دەكرد، بۆیە ئەوەی بەرهەمی دەهێنا و ئەو قازانجەی دەیكرد، دەبوون بە موڵكی خۆی و ژمارەی دانیشتووانیش بەردەوام هەڵدەكشا، ئیدی دابەشكردنی كاریش، گۆڕانی گرنگی بەسەردا هات. زەویكێڵان، ژنی لە كاری سەخت ڕزگار كرد، بەڵام كۆنترۆڵكردنی دانەوێڵەشی لە بن دەستی دەرهێنا، كە سەرچاوەیەك بوو، بۆ خۆ دەوڵەمەندكردن و پێشتر ژن سەرپەرشتیی دەكرد.

لەگەڵ پەیدابوونی خاوەنداریەتیی تایبەتدا، ناكۆكی كەوتە نێوان پیاوانی خاوەنموڵك و ئەو سیستەمە كۆمەڵایەتییەوە كە ژن و پیاو تێیدا یەكسان بوون. پیاوان كە دەستیان بەسەر دانەوێڵە و ئاژەڵدا گرت، ئیدی بەوە قایل نەبوون، میراتی بەر بنەماڵەی ژن بكەوێت. زۆربوونی سامان بە قازانجی بەهێزكردنی شوێنپێی پیاو لە خێزاندا شكایەوە و پیاو بوو بە سەروەر و بەخێوكەری خێزان، ئەمەیش وای كرد، دابەشكردنی میراتی بە شێوەی جارانی نەمێنێت و تەنیا بەر وەچەی پیاو بكەوێت.

مۆڵكایەتیی تایبەت، هەر پێوەندی نێوان ژن و پیاوی نەگۆڕی، پێوەندیی پتەوی نێوان خێڵ و تیرەكانیشی تێك دا و پێوەندیی ئابووری و سیاسیی دێرینی نێوان ئەم كۆمەڵگە و ئەوی دیكەیشی لە ڕەگوڕیشەوە گۆڕی. گەشەسەندنی بەردەوامی ئابووری، وای كرد پیاوانی خاوەن سامان، پێوەندییەكی ئەوتۆیان بە ئەندامانی خێڵەوە نەمێنێت و لەبری ئەوە، بۆ پاراستن و زیادكردنی سامانیان، پێوەندیی لەگەڵ كەسانی خاوەنموڵكدا ببەستن، بە چاوپۆشین لەوەی سەر بە كام خێڵ، یان كۆمەڵگەن. بەمەیش كۆتایی بەوە هات، بەرهەمهێنان پشت بە توانای كەسوكار و خزمایەتی ببەستێت و ئیدی ئەوە سەرەتای پەیدابوونی كۆمەڵگەی چینایەتی و دروستبوونی دەوڵەتیش بوو.

تێكشكانی سیستەمی شێوازی دایكانە، تێكشكانی ڕەگەزی مێ بوو، ئیدی تەنانەت لەناو ماڵیشدا، ئەوە تەنیا پیاو بوو، بڕیاری دەدا و ئیتر ژن هێندە بچووك بووەوە، وەك كۆیلە و وەك شتێك لە شتەكانی پیاوی لێ هات. لە قۆناغی ئەنتیكدا كە پێنجسەد ساڵێك بەر لە دایكبوونی مەسیح كۆتایی دێت، بە كۆیلەكردنی ژن گەییشتە لووتكە، ئەو سەردەمە لای ڕۆمەكان، فامیلی بە مانای ئەو كۆیلانە دەهات كە تاقە پیاوێك هەیبوون. ئەو سەردەمە، هێندە سووك سەرنجی ئافرەت دەدرا، ئەگەر كچێك یان ژنێك ئەتك كرابا، بە دەستدرێژی بۆ سەر كچەكە یان ژنەكە هەژمار نەدەكرا، بە تاوان دژی باوكی كچەكە، یان مێردی ژنەكە، لە قەڵەم دەدرا. ئافرەت بە چەشنێك كەوتە بن هەژموونی پیاوەوە، ئەگەر كچێك شووی كردبا و دەركەوتبا پێش هاوسەرگیری بنی پژاوە، پیاوانی سەر بە بنەماڵەی باوكی، مافی ئەوەیان هەبوو، سەنگبارانی بكەن. 

لە سایەی كەپیتالیزمیشدا، ژن وەك شتومەك سەرنجی دەدرێت و هاوسەرگیری لای كەپیتالیستەكان، زیاتر پرۆژەیەكی بازرگانییە و وەك لەوەی لەسەر بناغەی سۆز و خۆشەویستی دابمەزرێت. سۆسیالیستەكان خەو بەوەوە نابینن، كۆمەڵ بۆ قۆناغی كۆكردنەوەی بەروبوومی كێوی و ڕاوكردن بگەڕێتەوە و تامەزرۆیییان بۆ ئەو ڕابردووە نییە، بەڵكوو دەرسی لێوە فێر دەبن و هەوڵ دەدەن بە كۆمەكی ئەو ئەزموونە، كۆمەڵگەیەك ڕۆ بنێن، تێیدا ژن و پیاو یەكسان بن، كەسیان سەروەری ئەوی تریان نەبن. كۆمەڵی چینایەتیی سەرمایەداری كە لە سایەی بابسالاریدا پاڵی لێ داوەتەوە، دوا وێستگەی گەشەسەندنی مێژوو نییە و ئەگەر چاوبڕینە قازانج و موڵكی تایبەت، جێپێیان پێ لێژ ببێت، هەم چەوساندنەوەی چینایەتی و هەم ئەو ستەمەی لە ژنان دەكرێت، دەبن بە بەشێك لە كەلەپوور. دیرۆك ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە، ئەو جیاوازییە بایۆلۆگییەی لە نێوان پیاو و ژندا هەیە، پاساو نییە بۆ ئەوەی، پیاو، ستەم لە ژن بكات، بۆیە ڕۆژێك دێت، ئەو ستەمە نەمێنێت.(*)

(*) Anna Löfgren, Kvinnoförtrycketshistoria, Offensiv 30 augusti 2012 Stockholm.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.