سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

توندوتیژی دژی ژنان

09/12/2022



نەرمین عوسمان

توندوتیژی، دیاردەیەكی باوی ناو هەموو كۆمەڵگەكانە، جۆر و شێوازی زۆر و لێكەوتەكانی هۆكارن بۆ ناجێگیریی ژیانی تاك و كۆمەڵ، كە هەندێك جار دەگەنە رادەی لەناوبردنی لایەنی بەرانبەر، بەمەش ئاسایش و سەقامگیریی تاك و كۆمەڵ تێك دەچێت، بۆیە ئەركە و ئەركێكی قورسیشە لەسەر هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان كە بەیەكەوە هەوڵ بدەن هەم بۆ كەمكردنەوەی دیاردەی توندوتیژی، هەمیش بۆ چارەسەری بەركەوتەكان. 

لێرەدا باس لەو شێوازانە دەكەین كە چۆن چارەسەری توندوتیژی دژ بە ژنان دەكرێت:

یەكەم: ئەركی دەوڵەت:


ئەركی دەوڵەتانی جیهان، بەیەكەوە هەوڵدانە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی و رێگە گرتن لە بەكارهێنانی بە هەموو جۆر و شێوازێك، وەك:

- واژووكردن لەسەر هەموو ئەو رێككەوتننامانەی كە دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەكن دەرحەق بە ژنان.
- بەپێی یاسا و رێنماییەكان، تاوانبارەكان سزای خۆیان وەربگرن و قەرەبووی ئەو ژنانە بكەنەوە كە رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە بەپێی رادەی زیانەكانیان.
- تەرخانكردنی بەشێك لە دارایی دەوڵەت بۆ ئەو كار و چالاكییانەی پەیوەندییان بە نەهێشتنی جۆرەكانی توندوتیژییەوە هەیە.
- بایەخدان بە لایەنی پەروەردە و فێركردن، بەمەبەستی راستكردنەوەی رەوشتەكانی تاك و كۆمەڵگە و لەناوبردنی ئەو كردە هەڵانەی دژ بە ژن دەكرێن.

دووەم: ئەركی كۆمەڵگە:

لەسەر تاكی هەر كۆمەڵگەیەك ئەركە هەوڵ بدات بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە، بۆ ئەو مەبەستەش، ئەم هەنگاوانە بگیرێنەبەر:

- هۆشیاركردنەوەی تاك و بڵاوكردنەوەی زانیاری لەبارەی مەترسییەكانی دابونەریتە زیانبەخشەكانی دژ بە ژن، بەتایبەتیش لە ناوچە دوورەدەستەكان. هەروەها كۆمەڵگە لەو راستییانە ئاگادار بكرێنەوە كە دەبنە هۆكار.
- گوێگرتن لە ئەزموونی ئەو ژنانەی كە رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە و رەچاوكردنی پێداویستییەكانیان، رووبەرێكی فراوانیان بدرێتێ بۆ ئەوەی بتوانن بە دەنگی بەرز بدوێن، گرنگە لە كاتی قسەكردنیان، بەتایبەتیش لە حاڵەتی توندوتیژیی سێكسی، جلوبەرگی ژنەكە نەبێتە هۆی ئەوەی تۆمەت بخەیتە سەر ژن، چونكە گوناحبارە سەرەكییەكە تاوانبارەكەیە. دەبێت وا لە قوربانییەكە بكرێت كە متمانەی هەبێت و بەڕاشكاوانە هەستەكانی باس بكات.
- هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە لە زیانی بەشوودانی پێشوەخت و زۆرەملێ.
- هاندانی ژنان بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسی و گەشەی ئابووری.
- تۆماركردنی سكاڵا لە هەر شوێنێك بۆ هەر شێوازێك لە شێوازەكانی توندوتیژی لە كاتی رووبەڕووبوونەوە، یاخود بینینی.
- بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی یەكترقبوڵكردن بە هەموو جیاوازییەكانەوە.

سێیەم: ئەركی خێزان:

خێزان پێكهاتەیەكی سەرەكیی كۆمەڵگەیە، ئەگەر پەروەردەی خێزان باش بێت، ئەوا كۆمەڵگەیەكی تەندروست دروست دەبێت. بەم شێوازانە خێزان دەتوانێت بەشدار بێت لە كەمكردنەوەی توندوتیژی:


- هۆشیاركردنەوەی تاكی خێزان و بەرزكردنەوەی ئاستی زانیارییان بە گرنگی و بایەخی نەهێشتنی توندوتیژی.
- دابەشكردنی بەرپرسیارێتی لەناو خێزان لە نێوان ژن و پیاو.
- رێزگرتن لە راوبۆچوونی یەكتری ئەگەر جیاوازیش بن، چونكە لە دوو ژینگەی جیاوازەوە هاتوون.
- ژینگەی فێركاریی گونجاو و ئارام بۆ هەموو ئەندامانی خێزان فەراهەم بكرێت.
- هاندانی كچان و ژنانی خێزان بۆ خوێندن و چوونە خوێندنگە. هەمان بوار بە هەمان ئاست بۆ هەردوو رەگەز بڕەخسێنرێت.
- هاندانی كچان و ژنان بۆ خوێندنەوە و خۆپەروەردەكردن، بەتایبەت بۆ مەبەستی پەروەردەی (تەندروست)ی ئەندامانی خێزان.
- رێزگرتن لە داواكارییەكانی هەردوولا بەپێی توانا.

چوارەم: ئەركی دامەزراوەی فێركردن و پەروەردە:

فێركردن، كۆڵەكەیەكی بنەڕەتییە بۆ گەیشتن بە یەكسانی و رێگری لە توندوتیژی دژ بە ژنان. بۆ ئەو مەبەستە، لە رێگەی ئەم هەنگاوانەوە دەتوانرێت كار بكرێت:


- ژینگەیەكی فێركاریی گونجاو و ئارام بۆ هەموو خوێندكارەكان فەراهەم بكرێت.
- هاندانی خێزانەكان بۆ ناردنی كچەكانیان بۆ خوێندن و لابردنی كۆسپەكانی دابونەریتە نامۆكان كە دەڵێن خوێندن بۆ كچ نەخوازراوە.
- مامۆستا دەتوانێت رۆڵێكی گرنگ ببینێت لە چارەسەركردنی هەموو جۆرە بیركردنەوەیەكی توندوتیژانە.
- راهێنانی خوێندكاران لە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ یەكتری بەهێمنی و چارەسەركردنی كێشەكانیان بە رێگەی ئاشتییانە. هەروەها وانەكانی ئاشتەوایی خوێندنگە بخرێتە بەرنامەی كاریان.
- راهێنانی خوێندكاران لەسەر هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و مانای هاوڕێیەتی و یەكترقبوڵكردن.
- فێركردنی خوێندكاران بە مافەكانیان و ئەركەكانیان و بەرپرسیارێتییان.

پێنجەم: ئەركی رێكخراوە حكومی، ناحكومی و نێودەوڵەتییەكان:

رۆڵی ئەو رێكخراوانە، تەواوكارن بۆ رۆڵی دامەزراوەكان و لایەنەكانی تر و زۆر گرنگن، دەتوانن بەم هەنگاوانە بەشدار بن:


- تۆماركردنی ئامارەكانی توندوتیژی و جۆرەكانی، كە وا دەكات زیاتر لە حاڵەتەكان تێبگەن.
- رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، بۆ نموونە؛ رێكخراوی تەندروستیی جیهانی و رێككەوتننامەكانی، هاوكاریی رێكخراوە ناحكومییەكانی وڵاتان بكەن هەم لە رووی دارایی، هەم لە رووی كردنەوەی خولی راهێنان و پێگەیاندنی كادیری لێهاتوو لەو بوارەدا.
- دروستكردنی تۆڕ لە نێوان رێكخراوە پەیوەندیدارەكان بۆ هاوكاری و هەماهەنگی.
- بەدواداچوونی كەیسەكان و بڵاوكردنەوەی ئەزموونەكان.
- كردنەوەی خولی هۆشیاری بۆ هەردوو رەگەز، بەتایبەتیش لەو شوێنانەی كە دیاردەی توندوتیژیی باوە.
- هاندانی ژنان بۆ تۆماركردنی سكاڵاكانیان هەركات رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.
- رێكخراوە حكومییەكان دەتوانن خولی تایبەت بۆ ژن و پیاو بكەنەوە پێش ئەوەی هاوسەرگیری بكەن.
- دابینكردنی شەڵتەرێك بۆ قوربانیانی توندوتیژی و دانانی هێڵی گەرمی تەلەفۆن بۆ پەیوەندی بەمەبەستی رێنیشاندان و رێنماییكردنیان.
- بەشداریكردن لەو 16 رۆژەی لە جیهاندا تەرخان كراوە بۆ دژایەتیكردنی توندوتیژی بە هەموو جۆرە چالاكییەك، هیچ نەبێت هانی دۆستانی دژ بە توندوتیژی بدرێت بە دانانی دروشمی تایبەت بەو ساڵە و نووسینی بابەت.

شەشەم: چارەسەركردن لەناو ژینگەكانی كار:

زۆر جار توندوتیژی دژ بە ژنان لە شوێنی كار روو دەدەن، كە بەم هەنگاوانە دەتوانرێت رووبەڕوویان ببینەوە:


- بەرنامەڕێژی بۆ هۆشیاركردنەوەی كارمەندان بە چۆنیەتی وەستانەوە دژی توندوتیژی و دەرەنجامەكانی.
- بوونی پلانی ئەمنی بەمەبەستی تۆماركردنی سكاڵاكانی توندوتیژی، هەروەها چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵیان بەشێوەیەكی یاسایی.
- دەكرێت لە هەر شوێنێكی كار كۆمەڵێك رێنمایی دابنرێت بۆ سزادانی ئەو كارمەندانەی توندوتیژی بەكار دەهێنن.
- دروستكردنی پەیوەندی لە نێوان كارمەندان لەسەر بنەمای رێزگرتن لە یەكتری، بەتایبەتیش لە نێوان هەردوو رەگەز.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.