هۆمەر محەمەد
بیرم دێت كە دژایەتی قوتابخانە دەكرا، گوایە دەرسی شەیتانی تێدا دەخوێندرێت! جا ئەوە پیاوێكی قسە خۆش هەبوو لەهەشتاكانی سەدەی ڕابردوو بەبێدین ناسرابوو، لەمەجلیسێكدا دانیشتبوو وتی: من مەیخۆرم بێدین نیم .. مەی دەنۆشم و نوێژیش دەكەم، من خوای خۆم دەناسم و پێویستم بەكەس نییە ئامۆژگاریم بكات.. كێ مەی دەنۆشی عافێتی بێ و كێ بەحەرامی دەزانێ با نەینۆشێ كەس ناچێتە قەبری كەسەوە.
كابرا سوێندی خوارد وتی: ئەوكاتەی ئێمە منداڵبوین، دەیانوت منداڵتان مەنێرن بۆ مەكتەب دەرسی شەیتانی تێدا دەخوێندرێ، ئەمە فیتی ئاغاكان بوو، بەڵام مەلاكان بانگەشەیان بۆ دەكرد، سەیر لەوەدابوو مەلای گوندەكەمان كە ئەم بانگەشەیەی دەكرد كوڕەكەی خۆی لەگەڵ ئێمەدا لەمەكتەب بوو، بۆیە هەموو دەیانزانی ئەوەی دەیڵێت، قسەی دڵی نییە، بەڵكو ڕاسپاردەی ئاغایە.
ئێ خۆ سەرەتای نەوەدەكان هەمومان بیرمانە كە سەتەلایت هاتە كوردستان چ دژایەتیەكی دەكرا؟ بەتایبەتی لەلایەن مەلاكانەوە، بەڵام ئێستا مەلا هەیە سەتەلایت لەماڵەكەیدا نەبێت؟ بۆخۆم بەبیرم دێت كە زۆر نامەردانە دژایەتی شوێنكەوتوانی بزوتنەوەی هەقە دەكراو دڕندانە پەلامار دەدرانو بوختانیان بۆ دەكرا، گوایە ژنو پیاو مێگەلی تێكەڵدەبنو دەست لەخوشكی خۆشیان ناپارێزن، بەڵام نا، بزوتنەوەی هەقە كۆمەڵەیەكی پێگەیشتوتربونو جیاوازی جێندەری نێرومێیان تێپەڕاندبوو، هەڵاواردنی ژنیان بەرەوا نەدەزانی، بۆیە بێگوێدانە ئەو بوختانو گەوجایەتیە، ژنو پیاو پێكەوە لەكاروباری سیاسیو كۆمەڵایەتیو كارگێڕیدا بەشداربون.
لەوەتای بانگەشەی یەكسانی هەیە، هەموو دینەكان دژایەتی دەكەن بەتایبەتیش ماركسییەكانیان بەوە تۆمەتبار دەكرد، گوایە (بێ ئەخلاقی) بڵاودەكەنەوە و دەیانەوێت ژن موڵكی هەموو پیاوان بێت!
ئەوانەی ئێستاش دژایەتی (یەكسانی جێندەری) دەكەن ..ئەو كۆنەپەرستانەن كە لەبنەڕەتەوە دژایەتی مافی یەكسان بۆ ژن و پیاو دەكەن و هەرجارەی بیانویەكی بۆ دادەتاشن.