سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كلیلەكانی تێگەیشتن لە جێندەر!

09/12/2022



رێبین ئەحمەد رەشید

"گەر بتوانیت چیرۆكێك بهۆنیتەوە و خەڵكی لەدەور كۆبكەیتەوە و وایان لێبكەیت باوڕە بە چیرۆكەكەت بهێنن، ئەوا تۆ توانیوتە كۆنترۆڵیان بكەیت". یوڤاڵ نوح هەراری 

🔹مێژووی سیاسی و ئایدۆلۆژی لەسەر ئەم ئەستێرەیەی ئێمە مێژووی سەرلەبەری بریتییە لە مێژووی هەیمەنەی چیرۆك، چوار چیرۆكی زۆر نزیكی سیاسی هەن كە ڕۆژگارێك دەیان ملیۆن كەسیان بۆ ئامانجەكانی خۆیان داوەتەبەر، دوانیان ئاوا بوون، دانەیەكیان لاواز بووە و ئەوەی كۆتایی لە گەرمەی نەشونمای خۆیدایە. چیزۆكەكان نازیزم، فاشیزم، كۆمیونیزم و لیبرالیزمن.

🔹 نازیزم و فاشیزم و تا ڕادەیەكیش كۆمیونیزم چیرۆكەكانیان بەرگەی زەمەنی نەگرت  و ئاوا بوون، ئەوەی ماوەتەوە و خوایەتی بەسەر چیرۆكە سیاسییەكانی دیكەدا دەكات لیبراڵیزمە. لێرەو لەوێ ئەمیش لەلایەن ڕژێمە تۆتالیتار یا پۆپیولیستییەكانەوە لەتمەی وێ دەكەوێ، بەڵام تا ئێستا باش خۆی ڕاگرتووە و نەلەرزیوە. پێم وانییە پۆپیولیزم بتواێت جێگا بە لیبراڵیزم لێژ بكات، ئەوەی خەتەری حەتمییە لەسەر لیبراڵیزم ئەو دونیایەیە كە لەداهاتوودا ژیری دەستكرد و ئەلگۆریتمە ماتماتیكییەكانی ئاڕاستەی دەكەن.

🔹لیبرالیزم تا ئێستا كەمترین خراپەی هەبووە بە نیسبەت سیستمەكانی پێش خۆیەوە، چونكە لە سەنتەرەكەیدا مرۆڤ و مافەكانی داناوە. جوانترین میوەی درەختی ئینسانییەت كە دیموكراسیە لەهەموو ئەلتەرنەتیڤەكانی دیكە باشتر لەگەڵیدا هەڵیكردووە و تەبا هاتۆتەوە لەگەڵی. بۆیەكەمجارە لەمێژوودا لەژێر هەیمەنەی حوكمی سیستمێكدا مردن بە زۆرخۆری لە مردن بە برسێتی زیاترە، مردن بە دەردی پیریی و ماكەكانی درێژكردنەوەی تەمەن و هەڵكشانی تەمەن لە مردن بە نەخۆشی  پەتا زیاترە. ئەمەیە ئەو  بەرهەمە جیاوازەی كە لیبرالیزم لە سیستمەكانی پێش خۆی جیادەكاتەوە، هۆكاری ئەمەش تەنها و تەنها مرۆڤسەنتەری و مافسەنتەرییەكەیەتی.

🔹مەسەلەكانی یەكسانی، فێمینیزم، جێندەر، پۆرنۆگرافی، فرەجەمسەری، تەنانەت هاوڕەگەزخوازی وەك ئایدۆلۆژیایەكی ساری كە ئەمڕۆ مەسەلەی گەرمی ڕۆژن، دەرهاویشتەی مۆدێرنیتە و دونیا لیبراڵەكەی زادەی مۆدێرنیتەن. لە  سیستمێكی لیبراڵدا تۆ و هەستەكانی تۆ هەمیشە لەسەر حەقن، حەق ئەوەیە كە هەستەكانی تۆ داخوازی لێدەكەن. لەم دونیایەدا هەموو شتێك ڕێژەییە، پێوەری ڕێژەیی بوونەكە تۆ و هەستەكانی تۆن.حەقێكی موتڵەقی دەرەكی نییە، ئەو شتە حەقە كە تۆ پێی دەڵێیت حەق، جوانی دەرەكی بوونی نییە  بەڵكو ئەو شتە جوانە كە تۆ پێی دەڵێیت جوان، باش كاتێك باشە كە تۆ و هەستەكانی تۆبە باشی بزانن، بازاڕ هەمیشە بە گوێرەی ویست و حەز و هەستەكانی تۆ وەك  كڕیاڕ دەسوڕێت نەوەك  باشییە دەرەكییەكان، كاڵایەك ئەو كاتە باشە كە كڕیار پێی دەڵێت باش، مۆسیقایەك ئەوكاتە خۆشە كە تۆ پێی دەڵێیت خۆش، تابلۆیەك ئەوكاتە مانادارە كە تۆ مانای دەدەیتێ. لەم دونیایەدا مافەكان تێیدا  یەكسەرە جێگا بە ئیرادە دەرەكییەكان و ئەخلاقیات و ئەركەكان لێژ دەكەن.

🔹گەر پێناسە كلاسیكییەكەی بۆ مرۆڤ بكەینەوە لە دونیای لیبراڵدا ئەوە دەتوانین بڵێین مرۆڤ حەیوانێكی خاوەن مافە. لیبرالیزم یەكسەرە تەنها ماف دەبینێت، كاتێكیش تۆ شتێك لە نێو كۆمەڵێك شتدا هەڵدەگۆزی و خاسیەتێكی تایبەتی پێدەدەیت، ئەوا خۆبەخۆ كۆمەڵێك شتی دیكە هەن كە گرنگییەكەیان لەشتی یەكەم كەمتر نییە بەڵام نادیدە دەگیردرێن و پاسیڤ دەكرێن. سیتسمە لیبراڵەكان هەمیشە لەبەرامبەر مافەكاندا واجبات responsibilities و ئەخلاقیات پشتگوێ دەخەن.  لەم سیستمە لیبراڵانەدا تەنانەت عەدالەتی كۆمەڵایەتیش لە بەرژەوەندی كاپیتالیزمە قەڵەوەكەیدا پاشەكشەدەكات. هەربۆیە كاتێك سیستمێك لیبراڵ دێتە نێو تۆوە وەك یەك پاكێج دێت، نەوەك هەندێكی بێت و ئەوی دیكەی تۆ بتوانیت ڕێگری لێبكەیت. خومەینی دەیگوت چاكەكانی غەرب دێنین بەڵام ڕێگری لە بێ ئەخلاقییەكەی دەكەین. بەڵام تەماشا ئێرانی ئەمڕۆ تەواو پێچەوانەیە، دەڵێت یا نابێت ڕازی بیت بە كرانەوە، یا بەیەك پاكێج كرانەوە دێتە نێو تۆوە و دەبێت ڕازیبیت بە پاكێجەكە.

🔹 ئەوانەی لە فروعاتەوە جێندەر دەخوێننەوە و تەماشای ڕیشەی فیكری وشەكە ناكەن و ناچن بەشوێن ئەو دونیابینییە لیبراڵەدا بگەڕێن كە زادەی دونیابینییەكە و ڕیشەی وشەكەشە ئەمڕۆ  بۆ دووبەرەی تەواو  لایەنگیر و دژی وەك ئەوەی  كوردستان دابەش دەبن. بەرەیەكیان دەڵێت جێندەر واتە هاڕەگەزخوازی و هەتیوبازی و زەواجی پیاو و پیاو، بەرەی دووەم دەڵێت نەخێر جێندەر مانای یەكسانی كۆمەڵایەتی نێر و مێ دەدات لە دابەشكردنی ئەركە كۆمەڵایەتی كلتورییەكاندا، بەبێ ئەوەی ئەو بۆشاییە سایكۆلۆژی و بایەلۆژی و فیسیۆلۆژیانە لەبەرچاو بگرێت كە ڕووبەڕووی ئەم پرسە نوێیەی نێو دونیای لیبراڵیزم دەبێتەوە. هەردوولایان هەم ڕاست دەڵێن هەم هەڵە. پرسی لیبراڵیزم چەترێكە بۆ پرسی جێندەیزم، پرسی جێندەریزمیش هەمان ئەو چەترەیە بۆ پرسەكانی یەكسانی ژن و پیاو و ماف و ئازادییەكانیان لەلایەك و پرسەكانی هاوڕەگەزبازیش لەلایەكی دیكەوە.

🔹بە بۆچوونی من هەردوو بەرەكە وەك ئەو كوێرانە وان كە بە دەستلێدان دەیانەوێت وەسفی فیل بكەن، یەكێكیان دەڵێت فیل قامچییەكە تومەز دەستی لە كلكی داوە، ئەوی دیكە دەڵێت فیل بۆرییەكی ئەستوورە ئەمیش دەستی بەر لوتە درێژەكەی كەوتووە، یەكێكی دیكە دەڵێت فیل دارێكی ئەستوورە ئەمیش دەستی لە لاقەكانی داوە. ئەوەی ئەم كوێرانە دەیڵێن سەبارەت بە فیل ڕاستە، بەڵام فیل هەرگیز قسەی ئەمانە نییە. ئەوەی وادەكات فیل وەك خۆی ببینین و دواتر وەسفی بكەین دووچاوی تیژن كە دەتوانن بە ڕوانینێكی هەڵۆیانەوە لەسەرەوە و هەموو لاكانەوە تەماشای فیل بكەن.

🔹 دەقیق ئەمڕۆ لە كوردستان ئەوانەی قسە لەسەر جێندەر دەكەن دۆخیان دۆخی ئەو كوێرانەیە. ئەوەی ئەوان دەیڵێن لەسەر جێندەر تەواو ڕاستە بەڵام جێندەر ئەوە نییە كە ئەوان دەیڵێن. جێندەر مادەم سە بە دونیا مافسەنتەرەكەی لیبراڵیزمە، ئەوا هەم جێگای هاوڕەگەزخوازی تێدا دەبێتەوە وەك مافێك، هەمیش ئەو دیدە كە پێی وایە نابێت لەسەر ئەساسی بایەلۆژی و ڕوانینی كۆمەڵایەتی پرسەكانی ژن و مێیینە لە كۆمەڵگادا بە چاوی جیاواز لێی بڕواندرێت و زوڵمی كلتووری و مێژوویی  لێبكرێت. بە بێ تێگەیشتنی گشتگیر لە سروشتی دونیاكەمان ناتوانین خاڵ لەسەر پیتەكانی دونیابینییەكەمان دابنێین.

🔹لەم دونیا لیبراڵەدا بەتەنها لەپرسی جێندەردا نییە ئێمە تووشی كڵۆڵی و دژیەكی دەبینەوە، زیاد لە مەسەلەكانی جێندەر  ئێمە توشی پارادۆكسی سەیروسەمەرەی دیكە دەبینەوە لە ژیانكردن لە وەها دونیایەكدا كە نازانین سەد ساڵی دیكە ئینسانەكانی ئەودەمە چۆن لە ئێمە و پارادۆكسی بیكردنەوەكانمان دەڕوانن! لەم دونیا لیبراڵەدا مەسەلە ئەخلاقییەكان دەقیق بونەتە پاشكۆی ماف و ئازادییە كەسییە ڕەهاكان. لەم دونیا نوێیەدا  لەلایەك زۆترین هەوڵدەدەین، زۆرترین پارە سەرفدەكەین باشترین عەقڵەكان مەشغوڵدەكەین تا ڤاكسینێك بدۆزینەوە بۆ ئەوەی كەمترین مرۆڤ بمرن، مەلایین دۆلار دەدرێنە لێكۆڵینەوەیەك تا دەرمانێك بۆ نەخۆشییەكی دەگمەنی جینی یا بۆماوەیی بدۆزنەوە كە چەندكەسێكی زۆر كەم تووشی هاتوون بۆ ئەوەی چارەسەر وەرگرن، لە سەرێكی دیكەشەوە زۆرترین پارە سەرفدەكەین، باشترین عەقڵەكان مەشغوڵدەكەین بۆ دروستكردنی دوورمەووداترین ڕۆكێت تا ئەوەی زۆرترین كەسی ساخ  بكوژین یا نەخۆش بخەین. لە وەها پارادۆكسێكدا دایە زەروورەتە ئەخلاقی و سیستمە ئەخلاقسەنتەرییەكانی خۆیان  درەدەخەن.

🔹پرسیارەكە لێرەدایە ئەخلاق دەبێت لەكوێی ئەم سیستمە مافسەنتەرەدا بێت كە دەستكەلای ئارگیومێنتی پرسی جێندەر و دەیان پرسی گەرم و نوێی دیكەی دونیاكەمانن؟  ئایا ئەوەی ماف بوو دەبێت بەدەستبهێندرێت، دواتریش جێكەوت بكرێت؟ ئایا ئێمە لوكسی ئەوەمان هەیە وەك موختەبەرێك لەخۆمان كۆمەڵگاكانمان بڕوانین لە دوای كاولكاری وەك ئەوەی لە نازیزم و كۆمیونیزم ڕوویانا ئەنجا بێین بڵێین برادەران هەڵە هاتووین یەڵا ئەگەڕێینەوە بۆ خاڵی سەرەتا؟ ئەم پارادۆكسە چۆن حل بكەین؟

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.