سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

جێندەر لە گۆشەیەكی تریەوە

09/12/2022



یادگار ئیسماعیل

جێندەر بابەتێكی زانستی و مرۆییە، لێكۆڵینەوە و توێژینەوەش لەسەری هەر ئەبێ مرۆییانە و زانستیانە بێت و لە خزمەتی مرۆڤایەتی بەگشتیدا بێت. 

جێندەر بۆیە بابەتێكی زانستیە، چونكە باسە لە هەموو ڕەگەزەكانی مرۆڤ و ئەو بنەما سەرەتاییانەی مرۆڤی لێ دروست بووە (ڕەهەندە فیزیكیەكەی) 

بەپێی پۆلێنكردنی ئەرستۆ جۆرەكانی (ناو) بریتین لە نێر و مێ و شت (مادە). بەكارهێنانی جێندەر لە بواری جیاوازییە ڕێزمانییەكاندا، بەكارهێنانێكی تایبەت و تەكنیكییانەیە هەربۆیە لە زمانی ئینگلیزیدا وشەكە زیاتر لە بواری ڕێزماندا گرنگی پێ دراوە وەك لە بواری جیاوازییە توخمییەكاندا.

جێندەر بۆیە بابەتێكی مرۆییانەشە، چونكە باسە لە بەها و كەرامەت و پێگەی ڕەگەزەكانی مرۆڤ، باسە لە ئەرك و مافی ئەو ڕەگەزانە. 

ئایدۆلۆژیا جیاوازەكانیش بەتایبەت ئەوانەی ماف و ئەرك و بەها بەپێی جیاوازی ڕەنگ و ڕەگەز و سیمبولی شكلی مرۆڤەكان دیاری ئەكەن، واتە پێوەری مرۆییانە و زانستیانە بەكارناهێنن لە دیاریكردنی ئەرك و ماف و بەهادا، بابەتی جێندەر بە ویست و حەزە ئایدۆلۆژیەكەیان شیتەڵی ئەكەن و مانای ویستراوی خۆیانی بۆ دائەتاشن. 

فێمینستێك بە حەزی فێمینیزمیانەی خۆی باسی جێندەرت بۆ ئەكا و بەها و ڕێز و مافی خۆیت بە ڕەتڵ بۆ ڕیز ئەكا و لەولاشەوە ئەركە قورس و گرانەكەی ژیانت بە نێر بۆ ئەسپێرێت! كە ئەمە خۆی لەخۆیدا دوورە لە هەموو بەهایەكی مرۆییانە و ستەمێكی ڕوونیشە بەرامبەر چەمكی فێمێنیزم خۆی! چونكە بەشە جوان و گرنگەكەی فێمینیزم، بریتیە لە بەها مرۆییە گشتیەكە و پێدانی ماف و ئەرك و پێگەی هەر ڕەگەزێكە لە چوارچێوەكەی خۆیدا و پێشێلنەكردنی ماف و شایستە مرۆییەكانی هیچ ڕەگەزێكە،   كە ئەمەیان خزمەتە بۆ هەموو لایەك و ڕێز و كەرامەتی مرۆڤانەیە بۆ هەموو ڕەگەزەكان بێ جیاوازی. 

بەڵام زۆرێك لە خانمانی ئێمە بە ناوی فیمینیزمەوە ئەم مانا گەورە و تێگەیشتنە مرۆییانە لە باسی جێندەر دەشارنەوە و هەوڵی بڵاوكردنەوەی ئەو مانا شكڵیە لە جێندەر ئەدەن كە پڕە لە مقۆ مقۆ و چەلەحانەی بێ مانا و شەڕە قسە و دابەشكاری، كە ئەمە هەم ڕق و دوژمنایەتی نێوان ڕەگەزەكان دروست ئەكات، هەم مانایەكی ڕوون و دروست و جوانیش بۆ جێندەر وون دەكات، ئێمەش چونكە هەتا خوا حەز بكات ناهۆشیارین بەرامبەر بابەتی نوێی ڕۆژانە، بۆیە هەر بەناهۆشیارانەش چێژ لە مانای دژەكان وەرئەگرین بۆ چەمكەكان و لەوێشەوە ڕقەبەرایەتیەكە تۆختر ئەكەینەوە، لەجیاتی بینینی مانا جوانەكان.

تۆ كەسەیری بابەتی جێندەرت كرد وەك بابەتێكی زانستی و مرۆییانە، ئیتر گوێ بە فێمینیستێك مەدە كە چۆن باسی جێندەرت بۆ ئەكات، گوێ بۆ كۆنە ئیسلامیەكیش مەگرە كە چۆن فێڵبازانە بە باسی جێندەر، شەوق و ویستی خۆیت بۆ رێزگرتنی ژن و ئافرەتت بۆ باس ئەكات و لەولاشەوە ژن لە مێشكیدا هەر لە پلەی دووەمدایە و تێڕوانینە وەهابیزمیەكەشی بەبەردەوامی بەرامبەر ژن و خوشك و كەسە نزیكەكانی خۆی جێبەجێ دەكات. هەروەها گوێ لە ماركسیزم و بێباوەڕێكیش مەگرە كە تاكڕەهەندانە باسی جێندەرت بۆ ئەكات و ڕەهەندەكانیتری نابینێت. 

هۆشیاری تۆ لەوەدایە كە زانیت بابەتی جێندەر زیاتر ڕەهەندێكی زانستی و مرۆییانەی هەیە، ئیتر لە هەموو دەرگای ئایدیا و ئاینەكانەوە تەنها گۆشە زانستی و مرۆییەكەی وەرئەگری و لێرەشەوە هەر ڕاڤە و تەفسیرێك بۆ جێندەر، كە لایدا لە سنوورە زانستی و مرۆییەكەی، تۆش بەلایدا مەڕۆ و ئەو ڕاڤەیە مەكە بە دەلاقەیەك بۆ ناسینی جێندەر. 

هەوڵ بدە هۆشیارانە لە گۆشەی زانست و بەها مرۆییەكانەوە و لە دەلاقەی هەموو ئاین و ئایدیاكانەوە، بۆ باسی جێندەر بگەڕێ و خەیاڵت با تەنها لەسەر ناسینی پێگە مرۆییەكەی بێت، هەوڵی ناسینی ئەو ئەرك و مافانە بدە كە ڕەگەزەكان پێكەوە دەبەستێتەوە پێكەوەژیانێكی ڕەگەزیانەی لێ دێتە بەرهەم.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.