سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئیسلامییەكان و جێندەر

09/12/2022



یاسین ئافتاو 

وەكو هەموو جارەكانی دیكە، ئیسلامییەكان خەریكە كۆمەڵگەی ئێمە بە هەڵەدا دەبەنەوە، ئەمە ئیشی لەمێژینەیانە، هەر كاتێك شتێكی تازەباو و نوێ هاتبێتە ئاراوە، یەكسەر بە تفەنگی تەحریم و تەكفیر و ناجائیز و ...هتد، لێیان داوە، بێ ئەوەی بە وردیی چەمكەكەیان خوێندبێتەوە، دیراسەیان كردبێت، مشتوماڵیان كردبێت و لەسەر بنەمایەكی لۆجیكیی و زەرائیعیی و واقیعیی لایەنە باش و خراپەكانیان جیاكردبێتەوە ئینجا حوكمیان بەسەردا دابێت. جا ئەم چەكی تەحریم و تەكفیر و ئیبلیساندنە؛ چونكە چەكی لاواز و نالۆجیكیی و سۆزدارانەن؛ بەرگەی واقیع ناگرن و زۆری پێ ناچێت ئیسلامییەكان بیریان دەچێتەوە كە ئەو شتانەیان حەرام كردووە و دواتر دەبێت دەستیان بگریت و لێیان بپاڕێیتەوە كە زیادەڕەویی نەكەن لە بەكارهێنانی ئەو شتانەدا. 

لە ماوەی تەمەنی خۆمدا، بە تایبەتیی لە تەمەنی ١٣ ساڵییەوە كە هۆشم كراوەتەوە و وردەوردە عەقڵم بە دونیا شكاوە، سەرەتا دیندار بووم، ئینجا ئیسلامیی، ئینجا مسوڵمانێكی هاكەزایی، ئینجا ماوەیەك لە بەرەنجامی بیركردنەوە و تێڕامان بێباوەڕ بووم، دواتر هەر لە بەرەنجامی خوێندنەوە، گەڕان، موناقەشە، ئارگیومێنتسازیی و لە هەمووشی گرنگتر ئەزموونی ژیانی واقیعیی و مەعریفیی؛ سەرلەنوێ ئیمانی خۆمم دۆزییەوە، ئیمانێك كە بە چنگەكڕێ و شەونخوونیی و ئازار و فرمێسك بەدەستم هێنا، ئیمانێكی پتەو و نەلەرزیو، نەترساو، ئامادە بۆ هەموو ئارگیومێنتسازیی و بەڵگاندنێك، ئیمان بە خودایەك كە جەوهەری چاكەی بە لاوە گرنگە نەك ڕووكەشەكان، دەرەنجامی بە لاوە گرنگە نەك ڕێكارەكان، ئا لەو ماوەیەدا من سەدان جار، كۆمیدییانە و تراجیدییانە ئەم ڕەتكردنەوە هەڵبەز و دابەزئاسا هەرزەكارانە ناعەقڵانییە سادەلەوحانەیەی شتە نوێباو و تازەكانم دیوە، هەر بۆیە لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا زەڕڕەیەك متمانەم بە هیچ هێزێكی ئیسلامیی سەر زەویی نەما، هەتا توانیبێتیشم لە هەموو ڕووە عەقیدیی، ئەخلاقیی، كۆمەڵایەتیی و مەعریفییەكانەوە خۆم لێ جیا كردوونەتەوە. 

لە ماوەی ئەو ٣٠ ساڵەی وشیارانە ژیاوم، حەرامكردنی ئەم شتانەم بە چاوی خۆم، بە گوێی خۆم و بە ئامادەیی خۆم دیوە: پێپسیی و كۆكاكۆلا، تۆم و جێریی، كارتۆنی پاپای، مۆسیقا (جگە لە دەف)، چاكەت و پانتۆڵی ئەورووپی، بۆینباخ، سەعاتكردنە دەستی چەپ، خوێندنەوەی فەلسەفە، تۆپی پێ، سەیركردنی تۆپی پێ، ماكیاجی ژنان، دەموچاو هەڵگرتن بۆ پیاو و ژن، قژبڕین وەكو ئەورووپییەكان، پانتۆڵی جینز، پەیكەرسازیی، هونەری شێوەكاریی (جگە لە زەخرەفە)، وێنەگرتن و كاری ڤیدیۆیی، كارتۆنی پۆكیمۆن، كاری پەرلەمانیی، جەژنی سەری ساڵ، پیرۆزباییكردن لە غەیرەدین، پیرۆزباییكردن لە مەسیحیی، چوونە خۆرئاوا وەكو پەنابەر، هاوپەیمانیی لەگەڵ هێزی عەلمانیی، مۆبایل، یۆگا، فاتیحا بۆ مردوو، فاتیحای دوای بانگی پیرۆز كاتێك بانگبێژ بانگەكە تەواو دەكات، قورئانخوێندنی پرسەی مردوو، سەتەلایت، ....هتد. 

یەكێك لەوانەی كە تا ئاستی مردن عەزابم پێی خوارد حەرامكردنی مۆسیقا بوو، من كە بە باوەڕ و ئۆكسجین و هیوا و مۆسیقا دەژیام، دەبوو گوێی لێ نەگرم، چونكە لە بەهەشتدا دارێك هەیە خۆشترین مۆسیقاكانی دونیا پەخش دەكات، مرۆڤی مسوڵمان ئەگەر لە دونیادا گوێی لە مۆسیقا گرتبێت لەو دونیا بشچێتە بەهەشت گوێبیستیی ئەو مۆسیقایانە نابێت، ئینجا كۆمەڵێك حەدیسی صەحیح بە ڕیوایەتی (ئیبن عەبباس) كە گوێگرتن لە مۆسیقا یەكسان دەكەن بە گوێگرتن لە مەزامیری شەیگان، وای لەو عەزابە؟ جا ئەوكاتە هێشتا تەمەنم ١٨-١٩ ساڵێك بوو، ئەمە دەهریی كردم، خۆم دەستم كرد بە خوێندنەوە و بەدواداچوون و گەیشتمە دڵنیایی خۆم، ئیتر ئەمە خاڵی هەڵگەڕانەوەی من بوو لە فیقهی ئیسلامییەكان، گەڕانەوە بۆ ئیعتیزال، عەقڵكردنە ڕێبەر لە ئیمان و دینداریی خۆمدا و تووڕهەڵدانی بەزم و بالۆرەی ئەم جۆرە پێودانگانە. 

جارێك شتێكی خۆش ڕووی دا؛ لە یەكێك لە شەوەكانی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، لەگەڵ واعیزێكی ئیسلامییدا بووە مشتومڕمان لەسەر كارتۆنی پاپای و تۆم و جێریی، ئەو دەیوت حەرامن و بەڵگەسازییشی بۆ دەكرد، منیش بە پێچەوانەوە، كەچی ١١ ساڵ دواتر لە كەناڵی تەلەفزیۆنیی ئەو بابا ئیسلامییەوە تۆم و جێریی و بەدوایدا پاپای لێ دەدرا. 

ئێستا ئیسلامییەكان، بە ڕابەرایەتیی چەند نیمچەخوێندەوار و گومڕاكەر و فەوزاخوڵقێنێك، هەراوهوریا و بەزمێكی بێمانا و بێپاساو و ناڕاستیان لەبارەی چەمكی جێندەرەوە درووست كردووە، ئەو نیـمچەخوێندەوارە سەرلێتێكدەرانە كە بەحساب هەندێكیان (كۆمەڵناس)ـن، زەنەقی كۆمەڵگەی كوردیی و مسوڵمان و ئیسلامییەكانیان لە چەمكی جێندەر بردووە و بە چاك و خراپ لەگەڵ باسكردنیدا یەكسانی دەكەن بە هاوڕگەزخوازیی و منداڵبازیی و بەرەڵڵایی. كە ئەمە بەلاڕێدابردنێكی خراپە، نادرووستە و مەترسیدارە، مەسەلەكەش بە تەنیا جێندەر نییە، بەڵكو ئەو شێوازەیە كە ئەو چەمكەی پێ دەشێوێنرێت، ڕەت دەكرێتەوە و بەشەیتانیی دەكرێت، ئیدی ئەوان یەك قاعیدەی بەرفراوان لە مرۆڤی ساویلكە و دڵپاك و دڵسۆز، تەییار دەكەن بۆ ئەوەی هەر كەسێك بیەوێت بتوانێت بێ هیچ هەستێكی ڕەخنەیی، بیركردنەوە و لەبێژنگدانێك هەرچۆنێكی بووێت بەو جۆرە ئاراستەیان بكات.

بە خەمڵاندنی خۆم، لەسەدا ٩٩.٩٩ی ئیسلامییەكان یەك لاپەڕەشیان لە بارەی جێندەرەوە نەخوێندۆتەوە، كەمینەیەكی زۆر زۆر كەمیان شتێكی تەمومژاویی لەبارەوە دەزانن و سەرچاوەی بیركردنەوەكانیان هەندێك توێژەری ئیسلامیی تۆقیون و یەك ڕەهەندی مەسەلەكە دەبینن، جگە لەوانە چەند مرۆڤێكی سەنگینی بە ژمارەی پەنجەكانی دەستیان تێدایە كە ورد و بابەتییانە و دوور لە هەراوهوریای تەكفیر و لێباركردن، چەمكەكەیان خوێندۆتەوە، تەتەڵەیان كردووە و دەزانن لایەنە باش و خراپ، گونجاو و نەگونجاوەكانی چیین، بەڵام ئەوەی جێی داخە ئەوانە بێدەنگن و هیچ ناڵێن، لە كاتێكدا بۆ مەسەلەی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو پرسە دەبوو ئەوان زمانحاڵ و فەتوادەر و سەنگی مەحەك بوونایە.

پرسی جێندەر پرسێكی مرۆییە، لە خۆرئاوا گەڵاڵە كراوە، مرۆڤ و هۆشیاریی سنوورداری مرۆڤ گەڵاڵەی كردووە، لایەنی باشی هەیە و هی خراپیش، باشبەكارهێنانی پێوە دەكرێت و گەندەسوودیش، ڕاڤەی جیاوازی بۆ دەكرێت، ئەمپەڕ و ئەوپەڕی هەیە، تیۆریی سەنگین و قووڵ و وردی تێدایە و هی كرچوكاڵ و توندڕەوانە و گەمژانەش، لە هەندێك ئاستدا زانستە و مێتۆدێكە بۆ پێشخستنی كۆمەڵگە، هەندێك ئاستیشی چەلەحانێ و زۆربڵێی و تووڕەهاتە، یەكەم ڕەخنەگری چەمكی جێندەر و هەڵوەشێنەرەوە و ڕاڤەكەری چەمكەكە خۆرئاواییەكان خۆیانن، (هەر بۆ نموونە جۆردن پیتەرسن).

جێندەر پرسێكی هێندە سادە و ساكار و منداڵانەی وەكو بابەتی هاوڕەگەزخوازیی و منداڵبازیی و بەرەڵڵایی نییە كە بتوانیت بە حەرامكردنی لێی دەرباز بیت، پرۆسێسێكی هێندە ورد و زانستیی و لۆجیكییە كە گومانم نییە ئەگەر دە ئیسلامیی زۆر خوێندەوار و خۆڕابین لە بیروباوەڕ و ئیستیقامەی خۆیان سەد كتێب لە كتێبە ڕەسەنەكانی جێندەرناسەكان بخوێننەوە لە (جودیپ بەتلەر) زیاتر دەبنە جێندەریست، ئەوانە بە سادەكردنەوەی بابەتەكە وا دەزانن لێی دەرباز دەبن و كۆمەڵگەی كوردیی لێ دەپارێزن و ڕێك پێچەوانەكەشی ڕاستە.

من كە ڕەنگە چەند هەزار لاپەڕەیەكم لەبارەیەوە خوێندبێتەوە و دەیان ڤیدیۆ و كۆرس و ۆركشۆپم لەبارەی جێندەرەوە بینیبێت، دەزانم كە ئەم بابەتە هەر وا سادەلەوحانە مامەڵەی لە تەكدا ناكرێت و بە هەراوهوریا و قیژە و قاڕەقاڕی چەند كەسێك كۆتایی نایەت، جێندەر لایەنی ئیجابیی و هی مەترسیداریشی هەیە، لەگەڵ ئەوەی دەكرێت ببێتە مێتۆدێك بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵایەتیی، دەكرێت ببێتە ئایدۆلۆجیا و ڕێبازێكیش بۆ هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵگە و لێكترازانی. ئەوانەی كە دژی جێندەرن دەبێت تێ بگەن، جێندەر بەرهەمی سەردەمی مۆدێرنەیە، لە پووختترین مانایدا جێندەر پێمان دەڵێت؛ سەردەمێك كە تیایدا عەقڵ گەشەی كردووە، هەموو دونیا بە دوگمە و لەمس بەڕێوە دەچێت، خوێندەواریی وەكو هەوا بەناو خەڵكدا بڵاوبۆتەوە، ئیشەكان ئاسان بوون، ناكرێت بە مێتۆد و شێوازی هەزار ساڵ لەوەو بەر مامەڵە لەگەڵ بابەتی جیاوازیی نێوان نێر و مێدا بكەین، جێندەرناسەكان دەبێژن؛ درووستە لە كۆندا زۆرینەی كارەكان لەسەر هێزی ماسوولكە و بەرگەگرتنی جەستەیی و توندوتۆڵی لەشولار وەستابوون، ئاسایی بوو نێر ڕەواجی زۆرتر بێت، نێر سەنتەرتر بێت و بە باشتریش دابنرێت، بەس ئێستا ئەو سەردەمە بۆ هەتاهەتایە لەگۆڕنراوە، ئێستا گەورەترین ماشێنی دونیا بە دوگمە و لەمس و ئەپڵیكەیشن بەڕێوە دەچێت، ئایا مەعقوولە مامەڵەكردن لەگەڵ ژن و پیاو هەر وەكو هی سەردەمی حوشتر و ئەسپ و شمشێر بێت؟! ئەمە كرۆكی فەلسەفەی جێندەرە، ئەوەی دیكەی كە مشتومڕی لێ ساز دەكرێت (لێرەش و لە خۆرئاواش)، كۆمەڵێك مرۆڤی نەخۆشی مەییال بۆ ئاژاوەنانەوە و دووبەرەكیی لەپشتە. 

هەر بۆیە ئەی هاوڕێی ئەزیز؛ مەهێڵە كەس لە بری تۆ بیر بكاتەوە، دوای هاشوهوشی چەند مرۆڤێك كە ئەجێندای بزنس و بوونە پەرلەمانتار و كوێخا و ڕیشپسیان هەیە، لەگەڵ چەند پەیجێكی گوماناویی و درۆزن و بندیوار مەكەوە، حەقی خۆتە خەمی ئەخلاق و یەكگرتوویی خێزان و پەروەردەی باشی خۆت و هی منداڵ و خزمەكانیشت بێت و منیش وەكو تۆ هەر هەمان خەمم هەیە، بەڵام ئەمە بە مێشكداخستن و هوتافكێشان و فەتوا و ڕەتكردنەوە مەیسەر نابێت، پێویستی بە خۆماندووكردن و گەڕان و بیركردنەوەیە، بریا كارەكە ئەوەندە ئاسان بووایە و بەو سادەیییە لێی دەرچوونایە، هەربۆیە من بۆ یاریدەدانی خۆم و بەڕێزیشت و بۆ ڕوونكردنەوەیەكی زۆر گشتگیرانەی پرسی جێندەر لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بابەتێكی تێروتەسەل دادەنێم و بە هیوام ببێتە ماكی گفتوگۆیەكی بونیادنەرانە لەم بارەیەوە...

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.