"شێوازی كاركردنیان لە رەخساندنی هەلومەرجی جەنگێكی خوێناوی گەورە نزیكماندەكاتەوە"
ژمارەیەك لە نوسەر و رۆژنامەنووس و ئەكادیمی راگەیەندراوێكیان بڵاوكردووەتەوە"شەپۆلێك لە دینداریی سیاسیی و سەلەفیی لە دونیای ئێمەدا ئامادەیە كە شێوازی ئامادەگیی و كاركردنی لە دروستكردنی دوژمنایەتییەكی ھەمەلایەن و ڕەخساندنی ھەلومەرجی جەنگێكی خوێناوی گەورە، نزیكماندەكاتەوە."
دەقی راگەیەندراوەكە:
دەیان كەسایەتی ئەكادیمی و رۆشنبیرو نوسەرو رۆژنامەنوس و چالاكەوان بەیاننامەیەك بڵاودەكەنەوە.
شەپۆلێك لە دینداریی سیاسیی و سەلەفیی لە دونیای ئێمەدا ئامادەیە كە شێوازی ئامادەگیی و كاركردنی لە دروستكردنی دوژمنایەتییەكی ھەمەلایەن و ڕەخساندنی ھەلومەرجی جەنگێكی خوێناوی گەورە، نزیكماندەكاتەوە. بكەرە توندڕەوەكانی ئەم شەپۆلە، لە كادر و ھەوادارە ھەرە سادەكانیانەوە بیگرە، تا بە بانگخواز و سیاسیی و میدیاكارەكانیان دەگات، خۆیان نەك تەنھا بە نوێنەری خودا دەزانن، بەڵكو بەناوی خوداشەوە پەلاماری ھەموو كەسێك دەدەن، كە شتێك بڵێت جیاواز لەوەی ئەوان باوەڕیان پێیەتی. لەمەشدا ئەوان تەنھا ھێرش ناكەنە سەر ئەو شێوازی زمان و بیركردنەوە و بەرخوردانەی كە دینیی نین، بەڵكو دەشیكەنە سەر سەرجەمی ئەو دەنگ و بیركردنەوە و ڕوانینە دینیانەش كە لە خۆیان جیاوازە. ئەمانە خەونی دروستكردنی كۆمەڵگایەك دەبینن، ھەموو ئەندامەكانی كۆپی بانگخوازەكانی ئەوان بێت.
ئەم شەپۆلە توندڕەوە گەشە بە زمان و عەقڵیەت و ئەخلاقیاتێكی سواخدراو بە دین دەدات كە لەسەر وروژاندنی ھەستی خەڵك و توڕەكردنیان كاردەكات، زمانێك دابڕاو لە لانی ھەرەكەمی ھێمنیی و لە كەمترین ڕێز و لە مەرجە ھەرە سەرەتاییەكانی گفتوگۆی عەقلانیانە. ئەركی سەرەكیی ئەم زمانە ترساندنی كۆمەڵگا و تۆقاندنیەتی بە ئەگەری لەدەستدان و لەناوچونی خێزان و دین و كولتوور و بەھا كۆمەڵایەتییەكان. قسە لە بەرەڵایی و بەدڕەوشتیی و بێدینییەكی ھەمەلایەن و گشتگیر، دەكەن. ئەمەش گرێدەدەن بە تیۆری پیلانگێڕییەوە. خەڵك بەوە دەترسێنن كە گوایە پیلانێكی نێودەوڵەتی گەورە داڕێژراوە بۆ لەناوبردنی بەهاكانی ئەم كۆمەڵگایە و ئەوانیش وەك كۆمەڵێك پاسەوانی دیندار، پاڵەوانی ڕێگرتنن لەم پیلانە و بەرگریكردن لە ئەخلاق و كولتوورەكەی. قسەكانیشیان پڕە لە جنێو و سوكایەتیی و دەمپیسییەكی بێوێنە، ھەموو ڕەخنەكردنێكی ئەم جنێو و دەمپیسییەش وەك ڕەخنەكردنی خودا و ڕەخنەكردنی پیرۆزییەكان نیشاندەدەن. ئەوان لەوكاتەدا كە خۆیان وەك پاڵەوانی ڕزگاركردنی دین و خێزان و كولتور و كۆمەڵگا، نیشاندەدەن، ھاوكات بەشێكی گەورەی ئەم كۆمەڵگایە بە بێدین و دژەخێزان و دژەكولتوور و بەرەڵا و بەدڕەوشت، ناودەبەن.
لەپاڵ ئەم جۆرە لە بانگخواز و چالاكوانی دینیی سیاسییدا، ژمارەی ئەو كەس و گروپە كۆمەڵایەتییانەی پەلاماردەدرێن، بە بەردەوامی ڕووی لە گەورەبوونە. جارێك كەسانی دینیی لەخۆیاننەچوو بە بێدین، جارێك بە موشریك و جارێك بە زەندیق، جارێك بە مونافیق ناودەبەن و كۆی ئەو زمانە دینییە كۆنە زیندوودەكەنەوە، كە زمانی بەر لە دروستبوونی چەمكەكانی ”ھاوڵاتیبوون“ و ”ماف“ و ”ڕێزگرتن“ی مرۆڤە وەك بونەوەرێكی ”خاوەن كەرامەت“. لە دەرەوەی زمانە دینییەكەشدا پەلاماردانێكی ئەخلاقیی بۆ سەر ژنان و پیاوانێك ئەنجامدەدەن، كە بەرگریی لە مافە ھەرە سادەكانی مرۆڤ، بە ژن و پیاوەوە، دەكەن. لەمەشدا ماشێنێكی گەورەی چەواشەكارییان لە توڕێ كۆمەڵایەتییەكاندا خستووەتە گەڕ و سڵ لەوە ناكەنەوە ھەواڵی درۆ و بوختان و قسەی داتاشراو بۆ ئەو كەسانە دروستبكەن كە دەیانەوێت پەلاماریان بدەن و تیرۆری كەسایەتییان بكەن. لە ئێستاشدا بەشێك لەو كەسانەی دەیانەوێت پەلاماریان بدەن، جارێك بەناوی ھاوڕەگەزخوازەوە، جارێك بەناوی فێمینیستەوە، جارێك بەناوی ڕێكخراوەكانی ژنانەوە و جارێك بەناوی جێندەرەوە، پەلاماردەدەن. پەلامارێك سەرەتا و كۆتاییەكەی باسكردنی جنس و ژیانی جنسییە، وەك ئەوەی سی ساڵە دەسەڵاتی سیاسیی و كۆمەڵگای ئێمە و ناوچەكە هیچ كێشەیەكی گەورە و مەترسییداری نەبێت كە هەڕەشەی جیدیی لەسەر ئاشتیی كۆمەڵایەتییەكەی دروستبكات.
ئێمە دڵنیاین ھێرش و پەلاماری ئەم بانگخواز و چالاكوانە دینییە سیاسییانە تەنھا بەمەی ئێستاوە ناوەستێت، بەڵكو ئەم پەلاماردانە لە دۆخی ھەڵئاوسانێكی بەردەوامدایە و لە ئایندەشدا یەخەی كەسانی دیكە دەگرێتەوە، كە ئەوان بە زەندیق و بێڕەوشت و بێدین، ناونووسیاندەكەن.
لۆژیكی ئەم پەلاماردانەش زۆر سادەیە: ئەوانەی لەگەڵ تێگەیشتنی ئەم بانگخوازا و ھێز و دیندارە سیاسییانەدا یەكناگرنەوە دەبێت پەلاماربدرێن. واتە تێگەیشتنی ئەوان بۆ دین، كە زۆربەیجار تێگەیشتنێكی سنووردار و سەلەفییانەی سیاسییە، دەبێت بە پێوەری جیاكردنەوەی ئینسانی ڕاست لە ئینسانی ھەڵە و حەق لە باگڵ و ئیماندار لە كافر. ئەم تێگەیشتنە جۆرێك لە سیستەمی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی دادرێژێت كە ئەوان تیایدا، وەك نوێنەری ڕاستەقینەی خودا، دەستنیشانی ئەوە دەكەن كێ مافی ژیانی تێدا ھەیە و كێش ئەم مافەی لێ زەوتبكرێت. ستراتیژی ئەم گروپە توندڕەوانە بە پەلاماردان و بەشەیتانكردن و لەئینسانخستنی ئەو كەسانە دەستپێدەكات كە ئەوان بە نوێنەری كوفر و بەدڕەوشتیی نماییشیاندەكەن، بۆ ئەوەی لە ھەنگاوی دواتردا لەناوبردنیان ئاسان و سروشتیی بێت. پرۆسەی ئەزموونی زۆرینەی كۆمەڵكوژییەكانی ناو مێژوو، سەرەتا لە ئاستی زمان و لە ئاستی ڕەمزیی و مەعنەویدا ئامادەبوون، واتە سەرەتا مرۆڤ بە شەیتانكراوە و مرۆڤبوونی لێسەندراوەتەوە، دوای ئەوە بەشێوەیەكی دەستەجەمعی لەناوبراون. ئێمەی كورد لە پرۆسەی ئەنفالدا وەك كەمینەیەكی نەتەوەیی و لە شەنگالدا وەك كەمینەیەكی ئایینزایی یەكێكین لە قوربانییە گەورەكانی ئەم چەشنە بەشەیتانكردن و كۆمەڵكوژییە كە بەناوی دینەوە دژمان پیادەكرا.
خاڵێك كە گرنگە لێرەدا ھێمایەكی خێرای پێبدەین ئەوەیە ئەم بانگخواز و چالاكوانە دینیی سیاسییانە، تەنھا نابەرپرسانە پەلاماری ئەم یان ئەو تاكەكەس و گروپی ناو كۆمەڵگا نادەن، تەنھاش زمان و تێگەیشتنێكی پڕ ھەڕەشە گەشەپێنادەن، بەڵكو ڕێزی ئەو جیاكارییە سادانەش ناگرن كە لە ھەموو كۆمەڵگادایەكدا پێوستن، لە نێوان دەزگاكان و بوارە جیاوازەكاندا. بۆ نموونە زانكۆ و پۆلەكانی خوێندن لە زانكۆدا، لە مزگەوت و بارەگای پارتە سیاسییە دینییەكانی خۆیان جیاناكەنەوە. بە ھەمان ئەو لۆژیكە دینیی و كۆمەڵایەتییەی لە مزگەوتەكانیاندا ئامادەیە، مامەڵەی پۆلەكانی خوێندن لە زانكۆكاندا دەكەن. لەوە تێناگەن ئەم بوارانە لەیەكتری جیاوازن و ھەریەكێكیان ئەرك و ڕۆڵی جیاوازیان لەناو كۆمەڵگادا لەسەرشانە. مزگەوت شوێنی وەعزی ئەخلاقیی و كۆكردنەوەی خەڵكە لە دەوری ھاوسێیەتیەكی دینیی و ئینسانیی، بارەگای حیزبیی شوێنی كۆكردنەوەی ئەو كەسانەیە كە دەیانەوێت دەسەڵاتی سیاسیی بگرنەدەست، لە كاتێكدا پۆلەكانی خوێندن لە زانكۆكاندا شوێنی كۆكردنەوەی مرۆڤەكانە بە مەبەستی بیركردنەوە و فێربوون و گەشەدان بە عەقڵیەتێكی زانستیی و ڕەخنەیی سەربەخۆ لە هەموو جەبرێكی ئایدیۆلۆژیی و دینییی. بۆیە ئەوەی لە زانكۆدا دەكرێت بگوترێت و باسبكرێت، ھەمان ئەو شتە نییە لە مزگەوت و بارەگای حیزبیدا دەگوترێت و باسدەكرێت. لۆژیكی مزگەوت لۆژیكی گەیاندنی پەیامێكی دینییە، لۆژیكی بارەگای حیزبیی لۆژیكی سەرخستنی پارتە سیاسییەكەیە، لەكاتێكدا لۆژیكی زانكۆ لۆژیكی ئازادیی بیركردنەوە و ئازادیی تێڕامانی مەنھەجیی و گەشەدانە بە پرسیاركردنی ڕەخنەیی. بۆیە ناكرێت بە لۆژیكی مزگەوت و لۆژیكی بارەگای حیزبیی مامەڵەی بوارێكی گرنگی ئەكادیمیی وەك ”لێكۆڵینەوەی جێندەریی“ بكرێت، كە بەشێكی نوێی گەشەكردنی زانستە ئیسنانیی و كۆمەڵایەتییەكانی ناو زانكۆكانی جیهانە و لەناو زۆرینەی كایە زانستییەكاندا ئامادەیە. ڕەنگە لە ھەموو جیھاندا زانكۆیەكی گرنگ نەدۆزینەوە گرنگیی بەم بوارە تازەیە نەدات. ئەم جیاكارییە سادەیە وادەكات پۆلەكانی خوێندن لە زانكۆدا شوێنی ھێرش و پەلاماردانی دینیی و سیاسیی و ئەخلاقیی نەبێت، بەڵكو ڕووبەرێكی تەواو سەربەخۆ و ئازادبێت بۆ بیركردنەوە و تێڕامان و پرسیاری ڕەخنەیی، ڕووبەرێك بەبێ سانسۆری دینیی و سیاسیی.
كۆمەڵگای كوردستان پێكهاتێكی فرەنەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی و شوناسی كۆمەڵایەتیی جیاوازی ھەیە، رێزگرتن لەم جیاوازییانە و مامەڵەیەكی بەرپرسانە لەتەكیاندا مانای دژایەتییكردنی هەموو هەوڵێكە بۆ یەكڕەنگكردن و سڕینەوەی ئەو فرەیی و جیاوازییانە. دابەشكردنی مرۆڤەكانی ئەم كۆمەڵگایە بۆ مرۆڤی دینداریی سەلەفیی سیاسیی باش و ئەوانیتری بێدین و خراپ، سازدانی زەمینەی جیهاد و جەنگێكی ناوخۆیی كۆمەڵایەتیی نوێیە.
ئێمە دەمانەوێت لە ڕێگای ئەم بەیاننامەیەوە ڕای گشتیی كۆمەڵگاكەمان لە مەترسیی ئەم توندڕەوێتیی جیهادیی و ئەم سوكایەتییە دینییە سیاسییە تازەیە ئاگاداربكەینەوە و كۆتایی بەم هەڵمەتی تیرۆركردنی كەسایەتیی و ھێرشبردن بۆسەر كایەی ئەكادیمیی و زمانی جەنگە ناوخۆییە مەترسییدارە، بھێنرێت.
كرمانج گوندی - پرۆفیسۆر
گەشە دارا حەفید- مافناس
رەئوف بێگەرد - نوسەر و وەرگێڕ
د. چۆمان هەردی - مامۆستای زانكۆ
د. مەریوان وریا قانع - نوسەرو رۆشنبیر
ساڤان ئاكۆ عەبدولرەحمان - یاریدەدەری توێژەر لەسەنتەری جێندەر- زانكۆی ئەمەریكی
عومەر شێخ موس- سیاسەتمەدار
خانم رەحیم لەتیف- چالاكەوانی مافی مرۆڤ
تەحسین قادر- كەسایەتی سیاسی
رازاو محەمەد- یاساناس و چالاكەوانی مەدەنی
د. فایەق گوڵپی - پزیشك و سیاسەتمەدار
رێزان شێخ دلێر- پارێزەرو چالاكەوانی مافەكانی مرۆڤ
سەڵاح رەشید- سیاسەتمەدار
شیلان حەمە نوری- چالاكەوانی مافی ژنان
شوان عەتوف- سینەماكار
پەیمان عەزەدین- پارێزەر
كەمال رەئوف- نوسەر و رۆژنامەنوس
خەندان جەزا- نوسەر و چالاكەوانی مافەكانی مرۆڤ
رێبین هەردی- نوسەرو رۆشنبیر
نەجیبە مەحمود- میدیاكارو چالاكەوان
د. شێركۆ كرمانج - ئەكادیمیست
رۆزا شێخانی - سینەماكار
ئاسۆس هەردی - نوسەرو رۆژنامەنوس
بەهار مونزیر- چالاكەوانی مەدەنی
بەڵێن ساڵح - رۆژنامەنوس
شەیدا حەسەن - رۆژنامەنوس
ئاراس فەتاح- نوسەر و رۆشنبیر
ئەژین عەبدولخالق - نوسەرو چالاكەوان
رەحمان غەریب- چالاكەوانی مەدەنی
سروشت هەڵەبجەیی - پارێزەرو چالاكەوان
هاوڕێ ئەحمەد- پارێزەر
گۆنا سەعید- نوسەر و چالاكەوانی سیاسی
راوێژ سەلیم- وەرگێڕ
دڵسۆز زەنگەنە- چالاكەوانی مافەكانی مرۆڤ
ئارام جەمال - چالاكەوانی مەدەنی
كانی عومەر- وەرگێڕ
ئارام عەلی - هونەرمەندی شێوەكار
كنێر عەبدوڵا- نوسەر و چالاكەوانی مافی مرۆڤ
د. سالار باسیرە - مامۆستای زانكۆ
كۆراڵ نوری - رۆژنامەنوس
عەدالەت عومەر- نوسەرو لێكۆڵەر
بڵێسە جەبار فەرمان- چالاكەوانی سیاسی
خالید سڵێمان - نوسەر و چالاكەوانی بواری ژینگە
فرمێسك حافز - هونەرمەندی گۆرانیبێژ
كامەران سوبحان - نوسەر
سەیران نەخشین- چالاكەوانی مافی مرۆڤ
هیوا قادر- نوسەرو وەرگێڕ
چنور ساڵەح- چالاكی بواری تەندروستی
سەردار محەمەد - نوسەرو رۆژنامەنوس
رێژنە محەمەد- چالاكەوان
سالار مەحمود- چالاكەوانی سیاسی
چیا یاسین - چالاكەوان
ئاسۆ جەبار- نوسەر و رۆشنبیر
كەژاڵ نوری- نوسەرو چالاكەوان
ئارام حەمە ساڵح - چالاكەوان
ڤیان ماهی - دەرهێنەر سینەمایی
شۆڕش ئەمین - چالاكەوان
شانۆ غەریب - شانۆكار
زانكۆ ئەحمەد - رۆژنامەنوس
نازەنین ڕەشید- چالاكەوان
هیوا عومەر - میدیاكارو چالاكەوانی مافی مرۆڤ
نیگار ئەبو بەكر- هونەرمەند
جیهاد حەمە كەریم- نوسەر چالاكەوان
فەریدە ڕەزایی - هەڵسوراوی بواری مافەكانی ژن
جەلال هۆرێنی - رۆژنامەنوس- كەنەدا
شنۆ هیرانی- چالاكەوانی مافەكانی مرۆڤ
ئۆمێد قەرەداغی - نوسەر و مامۆستای زانكۆ
پەیام ئیبراهیم - میدیاكارو نوسەری ئەدەبیاتی منداڵان
عەبدلرەزاق شەریف - نوسەرو رۆشنبیر
دنیا ئیسماعیل - شێوەكار
بڕوا بەرزنجی - نوسەر
دڵسۆز شەفیق زەنگەنە- ئەندازیار
مەجید ئەحمەد عەبدوڵا- مامۆستای زانكۆ
شیرین حسێن- مامۆستای زانكۆ
حەسەن جودی- نوسەر
چرۆ عوسمان هەورامی-
جەبار حەمەد - شانۆكار
نازەنین حەسەن ئەحمەد
ئاسۆ گۆران - چالاكەوانی مەدەنی
میهرەبان عەلی - چالاكەوانی مافی مرۆڤ
فەرمان عەزیز عەبدلكەریم - فەرمانبەر
عیماد عەلی
بەهار عەلی -چالاكەوان
نیاز سەعید- لێكۆڵەر لەبواری ئیسلامی سیاسی
سروە محەمەد
بابان جەعفەر - چالاكەوانی مەدەنی
ناز ناز محەمەد- چالاكەوان
ئازاد عوسمان- رۆژنامەنوس
ئاسۆ كەمال- نوسەرو چالاكەوانی سیاسی
نالیا ئیبراهیم
ئەبو كاروان - چالاكی سیاسی
ئاڵا هوشیار - سینەماكار
فەرهاد جیهانمهەن - مامۆستای زانكۆ - ستۆكهۆڵم
چرۆ سابیر- داكۆكیكار لەمافەكانی مرۆڤ
عەلی مەحمود محەمەد چالاكەوانی مافەكانی مرۆڤ
گۆران بابا عەلی - نوسەر
بەهرۆز جەعفەر - توێژەر
هیوا موسا ڕەحیم- توێژەر
حسێن لەتیف - شاعیر و نوسەر
حەكیم رەزا عەزیز- پێشمەرگەی دێرین
كاوە بێسارانی - چالاكەوانی سیاسی
نامۆ خانەقینی
پێشڕەو نامۆ - چالاكەوان
كاژاو جەمال- میدیاكار
تاهیر رەحیم ساڵح -
هاوكار عیزەت - رۆژنامەنوس
عەبدولقادر سەعید-نوسەر
ئەحمەد عەزیز-
محەمەد حسێن
یاسین محەمەد
سۆران حسێن محەمەد - چالاكەوانی سیاسی
عەبدوڵا پۆڵا رەمەزان- پێشمەرگەی دێرین
زریان محەمەد - رۆژنامەنوس
سیروان غەریب - رۆژنامەنوس
فەرهاد سەنگاوی – پەرلەمانتاری پێشوو
مام فارس – چالاكی مەدەنی
ئەردەڵان عەبدوڵا – نوسەر
هیوا سەید سەلیم – نوسەر و چاودیری سیاسی
ئەنوەر حسێن بازگر – ڕۆژنامەنوس
محەمەد حسێن – ڕۆژنامەنوس
محەمەد مەحمود – ڕۆژنامەنوس
بابەكر دڕەیی – نوسەر
سالاری بازیان – نوسەر و سیاسی
ڕێزان شێخ دلێر – پەرلەمانتاری پێشووی عێراق
هیوا عوسمان – ڕۆژنامەنوس