كەیوان ئازاد
ڕۆڵی (ئەبووموسلیمی خۆراسانی) لە سەرخستنی بانگەشەی عەباسییەكاندا
سەرخستنی بانگەشەی عەباسییەكان بۆ دەسەڵات بۆ هەوڵەكانی كەسایەتییەكی كوردی ناوچەی خۆراسان بە ناوی (بەهزادان كوڕی وەندانان) ناسراو بە (ئەبوموسلمی خۆراسانی) دەگەڕێتەوە. ئەوەش كاتێك كە لەلایەن بەرپرسانی ئۆمەوییەوە لە شاری (كووفه) بە تۆمەتی پیلان لە دژی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی، لە هەمان شوێن زیندانی كرا، كە (ئیبراهیم كوڕی محەمەد) پێشەوای عەباسییەكانی لێ بوو.
لە زیندانیش بوونە هاوڕێی یەك و یەكتریان ناسی و لە یەك نزیك بوونەوە، تا گەیشتە ئەوەی (ئیبراهیم كوڕی محەمەد) متمانەی پێ كرد و پەیامی خۆی و بنەماڵەكەی پێ دا. هەروەها پێ ڕاگەیاند، كە (محەمەدی كوڕی عەلی)ی باوكی لە وەسیەتێكدا بۆ بنەماڵەكەی و لایەنگرانی گوتوویەتی داوای خۆراسانتان لێ دەكەم، چونكە ژمارەیەكی زۆر و پشتێكی گەورەن بۆمان. هەروەها خاوەنی سنگێكی پاك و دڵێكی خاڵین و دوورن لە گوتەی پڕوپووچ و بەدڕەوشتی، خۆرهەڵاتەكەشی سەرچاوەی دەسەڵاتی دنیامان و ڕووناكیی داهاتوومانن.‘‘
ئەو پەیامانەش (ئەبووموسلمی خۆراسانی)یان لە پێشەوای عەباسییەكان نزیك كردەوە و متمانەی پێ كرد، بۆیە كاتێك لە زیندان ئازاد كرا و گەڕایەوە زێدی خۆی لە هەرێمی خۆراسان، كاری بۆ سەرخستنی بانگەشەكە كرد. دوای ئەوەیش (ئیبراهیمی كوڕی محەمەد) ئازاد كرا، پەیوەندیی بە (ئەبووموسلیمی خۆراسانی)یەوە كردەوە و وەك فەرماندەیەكی بزووتنەوەكەی دیاریی كرد.
هۆیەكەش ئەوە بوو، لە زینداندا توانا و پێگە و بنەماڵەكەی ناسیبوو، بۆیە دەیزانی دەتوانێ رابەرایەتیی بزووتنەوەیەكی وەها بكات. ئەو دەسەڵاتەشی پێی درا، لەلایەن ئەو هۆز و تیرە عەرەبانەی خۆراسان دژایەتی كرا، كە هاوسۆزییان بۆ بنەماڵە و بانگەشەی عەباسییەكان هەبوو. لە بەرامبەردا (ئەبووموسلیمی خۆراسانی) خۆی لەبەرامبەر هەموویاندا ڕاگرت، تا (ئیبراهیم كوڕی محەمەد) هاتە سەر هێڵ و لە ڕاسپاردەیەكدا بۆ خێڵ و هۆز و تیرە و بنەماڵەكانی هەرێمی خۆراسان، داوای لێ كردنپ شتیوانیی بكەن و هیچ كۆسپێك نەهێننە ڕێگای.
بەو هۆیەشەوە هەموویان پشتیوانییان كرد و نەیانتوانی دژایەتیی بكەن. زۆریش پێدەچێت (ئیبراهیم كوڕی محەمەد) ئەو سەرۆك خێڵ و سەرۆك هۆز و سەرۆك تیرانەی عەرەبی بەوە قایل كردبێت، كە دواجار خۆیان قازانج دەكەن، چونكە ئەوەی هەوڵە ئەدات و دەبێتە قوربانی لە خۆیان نییە و دواتر خۆیان لە بەرهەمەكەی دەخۆن، بۆیە لە هەردوو بارەكەدا ئەوان وەك عەرەب قازانج دەكەن. لەلایەكی دیكەشەوە، ئامانجی (ئەبووموسلیمی خۆراسانی) بەكارهێنانی ئەو بزووتنەوەیە بوو بۆ سەرخستنی بنەماڵەكەی و لابردنی كۆت و بەند و فشار بوو لەسەریان. هەر بۆیە هەردوولایان پێویستیان بە یەكتر هەبوو.
وەك ئاماژەمان پێ دا، دوای گەیشتنی (ئەبووموسلم)یش بە هەرێمی خۆراسان و پەیوەندیكردن و كۆبوونەوە بە سەركردە و كەسایەتییە دیارەكانی بزووتنەوەكە، بڕیاری لەسەر ئاشكراكردنی بانگەوازەكەی دا. شوێنی ڕاگەیاندنی بانگەوازەكەش گوندی (ماخوان)ی سەر بە شاری (ڕەی) بوو. كاتەكەشی كەوتە یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربان لە (10ی زیلحجەی 129ك) بەرامبەر بە (29ی تشرینی دووەمی 749ز).
یەكەم گۆڕانكاریش لەو ڕۆژەدا كاری پێ كرا و ڕاسپادەی (ئیبراهیم كوڕی حەممەد)ی لەسەر بوو، گوتاری جەژن خرایە دوای نوێژی جەژن و بەبێ بانگدان و ئیقامە. لەكاتێكدا ئومەوییەكان نوێژەكانی جەژن و ڕۆژانی هەینییان بە گوتار دەست پێدەكرد، دواتر بانگ دەدرا و ئیقامە دەكرا. هەرچی خەلیفەكانی ڕاشدیین هەر وەك سەردەمی پەیامبەری ئیسلام (د.خ) ئەو نوێژانەیان دوای بانگدان و بەر لە گوتاری جەژن یان ڕۆژی هەینی دەكرد.
لێرەوەش عەباسییەكان شێوازێكی نوێی جیاواز لەوەی خەلیفەكانی دەوڵەتی ئومەوی و نزیك لە خەلیفەكانی دەوڵەتی ڕاشدی و تەنانەت سەردەمی پەیامبەری ئیسلام (د.خ)یان هێنایە ئارا. ئەمەو هەر لەو ڕۆژەدا بڕیار درا كە ڕەنگی (ڕەش) ببێتە بەیداخ و دروشمی فەرمیی بانگەواز و بزووتنەوەكەیان، تا بە موسلمانان و كۆمەڵگای ئیسلامی ڕابگەیەنن، كە ئەوان وەك ماتەمگێڕ و تۆڵەسەندنەوەی پەیامەكەی پەیامبەری ئیسلام (د.خ) هاتوونەتە مەیدان، كە لەلایەن بنەماڵە و خەلیفەكانی ئومەوییەوە سووكایەتیی پێ كراوە.
بەدوای ئەو ڕاگەیاندنانەش، لە گوندی (ماخوان)ەوە دەست كرایە خەباتی چەكداری و بەئاشكرا دژایەتیی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی كرا. لێرەوەش گەورەترین كێشە بۆ والیی ئومەوی لە خۆراسان بە ناوی (نەسری كوڕی سەیار) دروست بوو. كۆتایی ئەم والییەش كوژرانی بوو لە ساڵی (131ك/748ز) لەلایەن عەباسییەكانەوە. بەو هۆیەشەوە (ئیبراهیم كوڕی محەمەد) لەلایەن پیاوەكانی دوایەمین خەلیفەی ئومەوی (مەروانی كوڕی محەمەد)ەوە گیرا و ڕەوانەی زیندانی (حەڕان) كرا و هەر مایەوە، تا كۆچی دوایی كرد، چونكە پێی وابوو بە گرتنی ئەو بزووتنەوەكەیان كپ نابێت. بەمەش بوار بۆ (عەبدوڵا)ی برای ڕەخسا، كە بە (ئەبولعەباسی سەفاح) ناسرا، ئەركی سەرپەرشتیكردن و سەركەوتنی بانگەوازەكە بگرێتە ئەستۆ.
لە سەردەمی ئەم كەسایەتییەشدا، (سێ) شەڕی گەورە ڕووبەڕووی عەباسییەكان بوونەوە، كە هەریەك لە شەڕەكانی (شارەزوور، نەهاوەند، زاب) بوون. ئەنجامی ئەو شەڕانەش بە شكستی هێزەكانی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی و سەركەوتنی عەباسییەكان دوایی هات. ئەوەش دەرفەتی دایە ئەوان، درێژە بە شاڵاوەكانیان بدەن و لە ساڵی (132ك/ 750ز) بگەنە شاری (كووفە) و داگیری بكەن. بەو ڕووداوەش كۆتایی بە دەسەڵاتی ئومەوییەكان هات و دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی لە شاری (كووفە) ڕاگەیەنرا. ئەو شارەی بەر لە (حەوت) ساڵ (ئیبراهیم كوڕی محەمەد)ی تێدا زیندانی كرا.