سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كوردستان و كورد لە سەردەمی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسیدا

15/12/2022



كەیوان ئازاد   

دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی

دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی بۆ (28ی زیلحجەی 132ك) بەرامبەر (8ی ئابی 750ز) دەگەڕێتەوە، ئەوەش كاتێك (ئەبولعەباسی سەفاح) وەك یەكەمین كەسایەتیی بنەماڵەكەی لە ماڵی (وەلیدی كوڕی سەعدی ئەزدی) لە شاری كووفە (بەیعەت)ی پێ درا و وەك یەكەمین خەلیفەی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی ناسرا.

(ئەبولعەباسی سەفاح) سەرباری ئەوەی وەك یەكەمین خەلیفەی عەباسی بوو، یەكەمین كەسایەتیی بنەماڵەكەشی بوو لە بەرهەمی بزووتنەوەكەی خوارد و لەنێوان ساڵانی (132-136ك/ 749-753ز) بۆ ماوەی (چوار ساڵ و دە مانگ) خەلافەتی كرد. لەو ماوەیەشدا وێڕای ئەوەی هەموو هەوڵەكانی بۆ لێدانی بنەماڵەی ئومەوی خستە كار، گوندێكی لەنزیك شاری (كووفە) كە بە (هاشمییە) ناسرا و دواتر ناوی (هاشمییەی كووفە)ی لێ نرا، كردە پایتەختی دەسەڵاتەكەی.

لێرەوەش وێڕای ئەوەی بنەماڵەكەی گەیاندە پایەی خەلافەت و پایتەختێكی نوێی دیاری كرد، كە پایتەختە كۆنەكەی بنەماڵە و دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی نەبوو. ئەمەو دەوڵەتێكی دامەزراند كە لەسەر بنەمای (لامەكەزی) بەڕێوە چوو. واتە بەپێچەوانەی سیستەمی سیاسیی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی كە پەیڕەویان لە سیستەمی (مەركەزی) واتە (دەسەڵاتی ناوەندی)ی دەكرد.

هەر لەم نێوەندەشدا (ئەبولعەباسی سەفاح) لە یەكەمین گوتاری سەركەوتنی بانگەوازەكەی و گەیشتنی بە پایەی خەلافەت، بڕیاری دا پاداشتی دانیشتوانی ولایەتەكانی (كووفە و بەسڕە) بكات و لەو باجانە بیانبەخشێت كە پێشتر لەلایەن ئومەوییەكانەوە خرابووە سەریان. هەروەها بڕیاری دا ساڵانە پاداشتی ئەوانەش بكات، كە لە بنەماڵەی پەیامبەری ئیسلام (د.خ)ن. تەنانەت لە باجانەش بیانبەخشێت، كە پێشتر لەلایەن دەوڵەتی پێشووەوە خرابووە سەریان. ئامانج لەو كارانەش بۆ ئەوە بوو، تا ڕەوایەتی بە بنەماڵەكەیان و بزووتنەوە و دەوڵەتەكەیان بدات. ئەمەو بۆ كۆمەڵگای ئیسلامی بسەلمێنێت، كە ئەوانیش لە هەمان بنەماڵەن و كار بۆ گەورەیی و پاراستن و سەرخستنی دەكەن.

لێرەوە دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی لەگەڵ ئەوەی دەرەنجامی (سی) ساڵ ڕێكخستنی نهێنی و كۆكردنەوەی بەشێكی زۆری نەیارانی ئۆمەوییەكان بوو لەپێناو گەیشتنی بنەماڵەیەكی عەرەبی قوڕەیشی بە پایەی خەلافەت و خەونی دەسەڵات، لە هەمان كاتدا چەندین كاردانەوەی هەمەلایەنە بوو، كە عەباسییەكان بە هاوكاریی نەیارانی بنەماڵەی ئومەوییەكان ئەنجامیان دا. واتە دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی، تەنیا بەهۆی پێگەی بنەماڵەی عەباسی و نەخشە و پلان و شێوازی ڕێكخستنی سیاسیی بانگەوازەكەوە نەبوو، بەڵكوو بەهۆی هاوكاریی عەرەبە نەیارەكانی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی و پێكهاتە ناعەرەبەكان بوو، كە لە دەست ئومەوییەكان زۆریان چەشتبوو.

بەو هۆیەشەوە، دەوڵەتێكی بەهێزی تێكەڵیان بە سیستەمی خەلافەت و پاشایەتی دامەزراند. بەو هۆیشەوە (ئەبولعەباسی سەفاح) بەو پێشینەی بنەماڵەكەیان هەیبوو، لەگەڵ ئەو پێشینەی ناوچەكانی خۆراسان و ئەودیوی ڕووبار هەیانبوو، كەوتە پیادەكردنی سیاسەتێك، تا دەوڵەتێك لەسەر بنەمایەكی نوێ بنیات بنێت و بۆ داهاتووش دەسەڵات لەدەست خۆی و بنەماڵەكەی دەرنەچێت. بۆ ئەوەش نەدەبوو لە دەوڵەتی نوێدا برابەش بۆ خۆی پەیدا بكات و سەرجەم ئەو بەڵێینانەی بە بنەماڵە و هۆز و تیرە و سەركردەكانی بزووتنەوەكەی دابوو، جێبەجێیان بكات، چونكە پشكی شێر بەر ئەوان دەكەوت و دواجار دەسەڵات لەدەست بنەماڵەكەی دەردەچوو.

هەر بۆیە یەكەمین كار پێویست بوو بیكات، پابەند نەبوون بەو بەڵێنانەی پێشتر بە هاوپەیمانەكانی دابوو. دیارە ئەگەر پێشتر (ئیبراهیم كوڕی محەمەد و محەمەد كوڕی عەلی) كاریان پێكردبێت، بۆ ئەوە بوو، تا بە پشتیوانیی هەموو نەیارەكانی بنەماڵە و دەوڵەتی ئومەوی، كۆتایی بەو دەوڵەت و بنەماڵەیە بهێنێت، نەوەك بە ڕووخاندنی ئەو دەوڵەتە و دوورخستنەوەی ئومەوییەكان لە گۆڕەپانی سیاسی، برابەش بۆ دەسەڵاتەكەیانه پەیدا بكەن.

هەر بۆیە كاتێك بە سەركەوتن گەیشتن، ئیتر پێویست نەبوو، ڕوو لەو هێز و كەسانە بكەن، كە لە كاتی خەباتی نهێنی و چەكداریدا پشتیوانیان بوون، چونكە ئەركی زۆری ئەخستە سەر شانیان و كێشەی بۆ خۆی و بنەماڵەكەیان دروست ئەكرد و هاوبەشی بۆ پەیدا دەكردن لە دەسەڵاتدا. ئەوەش وای لە (ئەبولعەباسی سەفاح) كرد، دوای لێدانی ئەندامە پەرتەوازەكانی بنەماڵەی ئۆمەوی و سەقامگیركردنی دەسەڵاتی، ئەوەندەی بۆی كرا، لەو هێز و كەسانە بدات، كە ئیتر كاری پێیان نەمابوو.

لەسەروو ئەوانەوە، دوورخستنەوەی سەرۆك خێڵ و سەرۆك هۆز و سەرۆك تیرە و گەورە كەسایەتییەكانی هەردوو هەرێمی ئەودیوی ڕووبار و خۆراسان و پێكهاتە ناعەرەبەكان و بنەماڵەی (عەلی كوڕی ئەبی تاڵیب) بوو، كە بە پەیڕەوانی (شیعە) ناسرابوون. لە بەرامبەردا، ڕووكردنە خەڵكی عێراق و پشتیوانیكردن لێیان، تا بەوان، لەوانی دیكە بدات. ئەو سیاسەتەشی بۆ (ئەبووجەعفەری مەنسوور)ی برای بەجێ هێشت كە دوای خۆی گەیشتە پایەی خەلافەت.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.