پەلاماردانی کچێکی گەنج بەشێوەیەكی دڕندانە و قێزەون لەلایەن دەیان کوڕ و مێردمنداڵەوە لە ناوچەی (ھوانە)ی سلێمانی رایگشتی جوڵاندووە، ئەمە جارێکی تر کۆمەڵگای دابەشکردووەتەوە بەسەر دوو بۆچونی دژ بەیەکدا، بۆچونێک کە پشتیوانی ئازادی و کرانەوە دەکات و بۆچونێکی تر دژە بەو ئاراستەیەیە.
ئێوارانی ھەینی ھوانە
جارێکی تر رووداوی پەلاماردانی کچێک لەلایەن ژمارەیەکی زۆر گەنجەوە بە شێوەیەكی قێزەون رایگشتی لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وروژاند.
رووداوەکەی ئەمجارە لە ناوچەی (ھوانە)ی سلێمانی رویدا.
ئەو شوێنەی رووداوەکە تێیدا رویداوە ناو بازاڕی دروستکردنی تانکییە و پێی دەوترێت دوو سایدەکوی ھوانە، چەند ساڵێکە ئەو شوێنە بووەتە گۆڕەپانی نمایشی ماتۆڕسوار و ئۆتۆمبیلەکان، گەنجەکان ئێوارانی رۆژانی ھەینی لەم شوێنە کۆدەبنەوە و نمایش دەکەن، ژمارەیەک خەڵکیش دەچن بۆ تەماشای نمایشەکان.
بۆچی ئەم هەینییە تەقییەوە ؟
یەکێک لە گەنجە بەشداربووەکانی ئەو نمایشانە بەناوی (ع- خانەقا) ماوەیەکە لەگەڵ خۆیدا ژمارەیەک کچی گەنج دەبات بۆ نمایشەکان، کچەکان تەماشاکەر نین بەڵکو بەشدارن لە نمایشەکان، لە پشتی ماتۆڕسوارە کوڕەکانەوە سەردەکەون، ھەندێکیشیان رادەوەستن و ئۆتۆمبیلەکان لەکاتی نمایشدا بە دەوری ئەواندا دەسوڕێنەوە.
یەکێک لەوانەی کە ئاگاداری نمایشەکانی ئێوارانی ھەینی ناوچەی ھوانەیە وتی "ئەو کچەی ئێوارەی هەینی ھێرشی کرایەسەر ناوی (ل- تارانی)یە، بڕیار نەبوو ئەم هەینییە کچەکان بەشداربن، بەڵام ل- تارانی ھات،دواتر لەلایەن بەشێك لە گەنجانەوە پەلاماردرا".
بەپێی زانیارییەکان ماوەیەک بووە لەناو گەنجە ماتۆڕ سوارەکاندا سەبارەت بە ھێنانی کچان بۆ ناو نمایشەکان ناڕەزایەتی دژی (ع- خانەقا) دروستبووە، داوایان لێکردووە چیتر کچەکان نەھێنێت، چونکە پێیانوابووە کچەکان وایانکردووە خەڵک سەرەنجیان لەسەر نمایشی ماتۆڕەکان نەمێنێت، (ع- خانەقا) دوای ناڕەزاییەکان ئێوارەی ئەم هەینییە کچەکانی لەگەڵ خۆیدا نەبردووە بۆ ھوانە، بەڵام (ل- تاران) ئەم جارەیان بەتەنیا چوەتە ناو نمایشەکەوە و ھێرشی کراوەتەسەر.
ھێشتا نەزانراوە ئایا (ل- تارانی) بە ئاگایی و بەمەبەستەوە ئەم هەینییە چوەتە ناو نمایشکارانی ھوانە یاخود ئاگاداری وردەکاری ناکۆکی ناو ماتۆڕسوارەکان نەبووە و بووەتە قوربانی بێئاگایی خۆی.
پۆلیس 7 كەس دەستگیر دەكات
عەمید ئاسۆ شێخ تەها بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، حەوت تۆمەتباری سەرەكی رووداوی پەلاماردانی كچێك لە گەڕەكی هوانە دەستگیركراون و لێكۆلێنەوە و بەداوداچوونیش بۆ رووداوەكە بەردەوامە.