سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

چەند پزیشكێك بە بەڵگەوە قسەكانی د.عەبدولواحید بەتاڵ دەكەنەوە

05/01/2023


ژن هاوشێوەی "ئۆتۆمبێلی ئاسایی" وایە بە هۆی پێكهاتە جینیەكانی بەڵام پیاو بە هۆی كرۆمۆسۆمی تایبەتمەندی بەرزتری هەیە و پلەی بەرزترە، ئەمە بەگوێرەی پزیشكێكی كورد و پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە كۆلیژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی.

عەبدولواحید محەمەد، پزیشكی پسپۆڕ لە سەر و مل و نەشتەرگەری مەمك، لە گرتەیەكی فیدیۆییدا كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە دەڵێت، "كرۆسۆمی Y [پیاو] ئیمتیازە. بۆ نمونە، ئەگەر كارگەیەك فێرببێت سەیارە بۆخۆی دروستبكات و تۆ بڵێییت: 'كاكە ئەم سەیارەی ئێوەمان زۆر زۆر بەدڵە؛ سەیارەیەكی باشە. ماركەیەكمان هەڵبژاردووە لای ئێوە، ئەرك نەبێت. بەڵام دەمانەوێت هەر لەم سەیارەیە یەك دانەمان بە تایبەت بۆ دروستبكەیت بۆ پاشاكەمان....ئەم تایبەتمەندییە خوای گەورە دەیدات بە پیاو. بۆیە فەزڵی پیاو بەسەر ژن دا هەیە."

عەبدولواحید محەمەد كە هاوكات بانگخوازی ئاینیشە، لە درێژەی وتارە ڤیدیۆییەكەیدا سەبارەت بە كرۆسۆمی مێینە (XX) و نێرینە (XY) لە نێو مرۆڤ و گیاندارە مەمكدارەكانی تردا دەڵێت، "كرۆمۆسۆمی مواسەفاتە. تۆ دەچیت سەیارەیەكی عادی لە بازاڕدا دەكڕیت و دەڵێیت: 'كاكە بایی چەندە؟' دەڵێن: 'وەڵا بایی دوو دەفتەرە. تۆ دەپرسیت: 'ئەوە بۆ ئاوا هەرزانە؟' پێتدەڵێن: 'وەڵا كاكە فول عادییە.' بەڵام ئەگەر هەر هەمان سەیارە فول مواسەفات بێت دەفتەرێكی تری دەچێتە سەر....كەواتە مرۆڤ بە سروشتی وازی لێبێنە بۆ خۆی دروستبێت، بە سەیارە فول عادیەكە دروستدەبێت و دەبێت بە ژن. كە كرۆمۆسۆمی چووە پاڵی مواسەفات وەردەگرێت [دەبێتە پیاو]."

ئەو دەربڕینەی مامۆستاكەی زانكۆی سلێمانی ڕووبەڕووی چەندین ڕەخنە بۆتەوە و وەك سوكایەتی بە ئافرەت لێكدراوەتەوە. چەند پزیشكێك دەڵێن ئەو لێكدانەوەیە ناڕاستە.

نزار قادر، یاریدەدری پزیشكی بهۆشكار، لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "ژمارەی كرۆمۆسۆمەكان جێگیر نییە لەناو كەسەكاندا. لە پرۆسەی دروستبوونی كۆرپەلەشدا، لە ڕووی زانستیەوە جیاوازیەكی دیار نییە كە كاتێك كەسێك بە ڕەگەزی نێر لە دایك بێت ئەفزەلیەتی بەرامبەر بە ڕەگەزی بەرامبەری هەبێت. لە نەخۆشخانەكاندا دیاریكردنی ڕەگەزەكان جگە لە قۆناغەكانی گەشەكردنی كۆرپەلەوە و لە یەكەم ساتی لەدایكبوونەوە دیاری دەكرێت، لە ڕوانگەی حاڵەتە جەستەیەكانەوە دەخوێنرێتەوە كە كۆرپەلەكە نێر یان مێیە. واتە لایەنە فیسۆلۆجیەكە نابینرێت ئایا كەسەكە زیاتر حەزی بەكام لایەن لە ڕەگەزەكان هەیە."

دەنگی ئەمەریكا چەندین جار پەیوەندی بە عەبدولواحید محەمەدەوە كرد بۆ وتوێژكردن لەسەر ئەم بابەتە، بەڵام بەردەست نەبوو.

ڕێبین ئەحمەد ڕەشید، خوێندكاری دكتۆرای نەشتەرگەری میز و میزەڕۆ و كۆئەندامی زاوزێی پیاوان، لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "دروستبوونی ڕەگەزی كۆرپەلە وابەستەی تایبەتمەندیەكی زیاتر نییە بۆڕەگەزی نێر بەرامبەر بەڕەگەزی مێ."

ئەو پسپۆڕە ڕایگەیاند لیكدانەوەكەی عەبدولواحید محەمەد "هەڵەی زانستی" تێدایە و دەڵێت، " چی لەو كۆرپە مێیە بكەین كە كرۆمۆسۆمەكانی (XX) ە بەڵام وەك كۆرپەیەكی نێر هۆڕمۆنی MIS دەڕژێت. ئەم كۆرپەیە ڕاستە بە كرۆمۆسۆم مێیە بەڵام لە ژێر فشاری ئەم هۆرمۆنەدا دەبێت بە نێر، ڕەحم و زێ و مناڵدانی بۆ دروست نابێت، و لەبری ئەوانە تورەكەی گون و پڕۆستات و هەندێ ئۆرگانی نێرینەی بۆ دروست دەبێت. ئایا گەر وەك بیركردنەوەی جەنابتان لێی بڕوانین كە پێتان وایە پیاوبوون مواسەفاتە و نمونەی ماشێنە فوڵ مواسەفاتەكە وەربگرین بۆچی بۆ ئەم ژنە ئەم مواسەفاتە دەبێتە نەگبەتی؟ بۆچی وەك مواسەفات بۆی نابەسترێت و دەبێت خۆی لە كۆمەڵگا بشارێتەوە؟"

هاوكات، لە ڕووی ئاینییەوە چەند پسپۆڕێكی ئاینی گرێدانی بابەتەكە بە ئیسلام ڕەتدەكەنەوە.

مەلا سامان هەڵەبجەیی، مامۆستای ئاینی، لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "ئایەتی (وَلِلرِّجَالِ عَلَيْهِنَّ دَرَجَةٌ)لە سورەتی بەقرە لە ئایەتی (228 )، باس لە جیابوونەوەی نێوان ژن و پیاو دەكات. لە كاتی بوونی عیدەی شەرعیدا ئەو دەرەجە دراوە بە پیاو كە ئەگەر تەلاقێك یان دوانی مابوو ئەتوانێت ژنەكەی بگەڕێنێتەوە بۆلای خۆی. ئەو دەرەجە پەیوەندی نییە بە جیاوازی ژن و پیاوەوە، ئەوە تەكلیفیە بۆ نەفەقە و پارێزگاریكردنە لە ژنەكە. ئاینی ئیسلام بە چاوێكی گەورە سەیری ژن و پیگەكەی دەكات."

عەبدولواحید محەمەد خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە نەشتەرگەری گشتی لە زانكۆی خەرتووم لە سودان و ئێستا پزیشكە لە نەخۆشخانە سمارت لە شاری سلێمانی.
وەرگیراوە لە ماڵپەڕی دەنگی ئەمریكا

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.