سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كوردستان و كورد لە سەردەمی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسیدا

12/01/2023



كەیوان ئازاد  

پێگەی ئەبو موسلیمی خۆراسانی لە سەركەوتن و دامەزراندنی دەوڵەتەكەدا

(ئەبوموسلیمی خۆراسانی)، كە ناوی تەواوی (بەهزادان كوڕی وەنداد كوڕی هورموزد) لە ساڵی (106ك/ 723ز) و لە خێزان و بنەماڵەیەكی كوردی هەرێمی خۆراسان لەدایك بووە. دواتر بەهۆی ململانێی سیاسیی هەرێمەكەیان، لەگەڵ (نەسری كوڕی سیار) والیی ئومەوی، تێكەڵ بە جموجۆڵی سیاسی بووە و بەو هۆیەشەوە ساڵی (125ك/742 ز)، كە ئەو كاتە تەمەنی تەنیا (19) ساڵان بووە، دەستگیر كراوە و دواتر ڕەوانەی زیندانی (كووفە) كراوە، تا لەوێ ماوەی زیندانیی بەسەر ببات.

لە زیندانیش بووەتە هاوەڵی ڕابەڕی بزووتنەوەی عەباسیی (ئیبراهیم كوڕی محەمەد) و بەڵێنی پشتیوانی و هاوكاریی پێ داوە. دوای ئازادبوونیشی لە زیندان، لەلایەن (ئیبراهیم كوڕی محەمەد) كراوەتە یەكێك لە فەرماندەكانی بزووتنەوەكە و دەسەڵاتێكی باشی پێ داوە، تا كار بۆ سەرخستنی بزووتنەوەكەیان بكات. بەهۆی ئەو دەسەڵاتەشەوە توانیویەتی بانگەشەی عەباسییەكان لە بزووتنەوەیەكی ئایینی و سیاسیی نهێنییەوە بكاتە ئاشكرا و ڕووبەڕووی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی بێتەوە.

بەو هۆیەوەش لەنێوان ساڵانی (126-130ك/ 742-748ز) هەرێمەكانی (ئەودیوی ڕووبار، خۆراسان، چیا)ی بۆ عەباسییەكان دەستەبەر كردووە. لەنێوان ساڵانی (130-132ك/ 748-750ز) لە چەندین شەڕی بەرەییدا، ڕووبەڕووی سوپای ئومەوییەكان بووەتەوە و تێكی شكاندوون. دواتر بانگەشە و بنەماڵەی عەباسییەكانی بە سەركەوتن گەیاندووە. بەو سەركەوتنانەش دەستی عەباسییەكان گەیشتووەتە هەرێمی كووفە و كردوویانەتە مەڵبەندی خۆیان. تەنانەت لە مزگەوتی شاری (كووفە)ەوە بەیعەت بە یەكەمین ئەندامی بنەماڵەی عەباسییەكان دراوە و بووەتە یەكەمین خەلیفەی عەباسی، كە (ئەبولعەباس كوڕی محەمەد) برای (ئیبراهیم كوڕی محەمەد) بووە.

ڕۆڵی (ئەبوموسلیمی خۆراسانی) لەنێوان ساڵانی (126-137ك/742 -753ز) لە سەرخستن و دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی بەرچاو بووە. هەر ئەوەش وای كردووە، فارسەكان ئەو كەسایەتییە بە یەكێك لە خۆیان بزانن و وەك فارسێكی ئێرانی پێناسەی بكەن كە رۆڵی لە ڕووخاندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەویی عەرەبیدا هەبوو. هەروەها عەرەبەكانیش بەهۆی ئەوەی لە خۆیان نەبووە، هەوڵی كەمكردنەوەی رۆڵەكەی و بێبایەخكردنی ساڵانی خەباتی بكەن.

لەكاتێكدا ئەو كوردێكی هەرێمی خۆراسان و بەپێی چەندین سەرچاوەی مێژوویی باوەڕدارێكی مانی بووە. واتە بەر لەوەی موسڵمانبوونی خۆی ڕابگەیەنێت، كوردێكی مانی بووە.

كاتێكیش بە كۆی تەمەنی تەنیا (30) ساڵی تەمەنی ئەو لاوە كوردە خۆراسانییەدا گوزەر دەكەین، دووچاری سەرسوڕمان دەبین، بەوەی سەرەتا چۆن لاوێكی تەمەن (19) ساڵ توانیی رابەرایەتیی بزووتنەوەیەكی بنەماڵەیی و ئایینی و سیاسی بۆ عەباسییەكان بكات؟ دواتر دەیان خێڵ و هۆز و تیرەی عەرەبی خۆراسانی لەنێو سوپایەكی میللیدا رێك بخات و بەرامبەر دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی بوەستێت، كە خاوەن سوپایەكی بەهێز و ئەزموونێكی گەورەیان لە لێدانی نەیارەكانیاندا هەبوو؟

ئەمە و چۆن لە ماوەی (6) ساڵدا بزووتنەوەكەی بە سەركەوتن گەیاند، كە پێشتر و بۆ ماوەی (25) ساڵ شتێكی وا ڕووی نەدابوو؟ ڕاستە هەموو هەوڵ و دەسكەوتەكان بەرهەمی خودی (ئەبوموسلیمی خۆراسانی) و بنەماڵەكەی نەبوون، بەڵام تا ئەو نەهاتە مەیدان و فەرماندەیی چەكداریی بزووتنەوەكەی نەكرد، پێشڕەوییەكی وەها نەكرا و بزووتنەوەكە بە نهێنی و لە چەند گوند و شارێكی هەرێمەكانی (خۆراسان و ئەودیوی ڕووبار) و لەنێوان ئەنجوومەنێكی (دوازدە) كەسییەكاندا دەهات و دەچوو. هەر بۆیە تا (ئەبوموسلیمی خۆراسانی) نەهاتە نێو ناوان، بزووتنەوەكە لە بازنەیەكی داخراودا دەسووڕایەوە.

هەرچۆن بێت، هەوڵ و پلانەكانی (ئەبوموسلیمی خۆراسانی) بە پشتیوانیی خێڵ و هۆز و تیرەكانی هەرێمەكانی خۆرهەڵاتی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی لە هەموو پێكهاتە و ئایین و ئایینزا جیاوازەكان، سەر كەوت و كۆتاییان بەو دەوڵەتە هێنا، كە جگە لە نەتەوەی عەرەب و عەرەبی موسڵمان حیسابی بۆ یەك پێكهاتەی دیكە نەدەكرد. لەو زەمینەیەش و بەو هەموو نەیارەی ئومەوییەكان هەیانبوو، بانگەشە و بانگەواز و بزووتنەوەی عەباسییەكان سەر كەوت و (ئەبوموسلیمی خۆراسانی)یان لە لاوێكی یاخی و زیندانیی شاری (كووفە)ەوە گەیاندە پایەی وەزیری، لە سەردەمی دووەمی خەلیفەی عەباسی (ئەبوجەعفەری مەنسوور.)

بەڵام وەڵامی عەباسییەكان و خودی ئەو خەلیفەیە بۆ هەوڵ و ماندووبوونەكانی (ئەبوموسلیمی خۆراسانی) ئەوە بووە كە لە پیلانێكی داڕێژراو لە ساڵی (137ك/ 753ز) لە كۆشكی خەلافەت و لە شاری (بەغدا) تیرۆری بكەن! بەوەش چاكەی ئەو كەسایەتییەیان دایەوە، كە (دە) ساڵی كۆتایی تەمەنی لاوی بە بنەماڵەی عەباسی و بزووتنەوەكەیان بەخشی! هەروەها عەباسییەكانیش وەك بنەماڵەیەكی ئایینی و نزیك لە پەیامبەری ئیسلام (د.خ) پابەندی ئەرك و بنەماكانی ئایینی ئیسلام و مێژووی بنەماڵەكەیان نەبوون، بەوەی بێبەڵێنییان بەرامبەر بە هاوپەیمان و دۆستەكانیان كرد و پشتیان تێكردن. ئەمە و جگە لەوەی (ئەبوموسلیمی خۆراسانی) و كوردەكانیش پابەندی ئەو ئەزموونەی مێژوو نەبوون، بەوەی ئەو كارەی بۆ بێگانەكانیان كرد، بۆ خۆیان بكردایە، ئێستا پەرتەوازە و داگیركراو و دابەشكراو نەدەبوون!

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.