سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

چوار ساتیر بۆ یەك مەلا

پێش 1 هەفتە



حەمەسەعید حەسەن

(١)
دەروونم، تژییە، لە ناسۆر
دەترسم، تۆوبڕ بن،
بە چەشنی، دیناسۆر،
هەق وایە، خەڵكانی، خوێنەوار
وەك دەعبای، عەنتیكە و، شوێنەوار
هەندێكیان، بۆ مۆزە و
بۆ باخی، ئاژەڵان، هەڵبگرن،
لەو مەلا و، بانگخوازە، دڕانەی
پێ و پووزی، ژن دەگرن.

(٢)
چەند خۆشە 
ئینسان وەك 
مامۆستا، مەزهەر بێ
سی جوزئەی، قورئانی، لەبەر بێ
پۆشتە و تێر
دەنگ دلێر
هەمیشە، میوانی، مینبەر بێ
كەوشی پێی، حەزرەتی، عومەر بێ
گوناهە
ئەو پیاوە، ژیرەمان
پێ كەر بێ.

(٣)
مامۆستا مەلا مەزهەر
ئەوی بە تۆ دەڵێ كەر
خۆی كەری كوڕی كەرە،
ئاخر مەلا وەكیلی
حەزرەتی پێغەمبەرە.
ئەوانەی وات پێ دەڵێن
هەموویان بێ سەوادن
یا خوا داهاتووت گەش بێ،
وەك ئوسامەی بن لادن.
ئێمە هەتاكوو ماوین
بە هۆی تۆوەیە پیاوین
تۆ بزنەڕێی بەهەشتت
بۆ ئێمە ئیكتیشاف كرد،
تۆ بووی یەكەم جار نوێژت
فێری جووتیاری جاف كرد.
توو خوا ئەی زانای گەورە
قەت میحراب جێ مەهێڵە!
خوتبەی جومعەی تۆ نەبێ
هەولێر داهاتووی لێڵە.

(٤)
ئەوی بڵێ
هێندەی من بە تۆ سەرسامە،
درۆ دەكا
كێ هێندەی من
حەز بە دەنگی 
خۆش و زوڵاڵی تۆ دەكا
ئازایەتی تۆ داتهێنا
ئەوە بۆیە چاوت لە هی 
هەڵۆ دەكا
با لای تۆ فێری خەبات بێ
ئەوی باسی
وڵاتی سەربەخۆ دەكا
كێ دەیزانی ڕۆژێ دادێ
ئەوقاف تۆ ڕەنجەڕۆ دەكا
كێ باوەڕی بەوە دەكرد
قادر بلە
مەلا مەزهەر تڕۆ دەكا
دەك لاڵ بم بۆت
نازانم چۆن
هێشتا زمانم گۆ دەكا(*)

(*) مەلا مەزهەر پێشنوێژ و گوتاربێژی مزگەوتی (قادر بلە) بوو، قادر بلە كە خاوەنی مزگەوتەكەیە، مەلا مەزهەری بە تۆمەتی ئەوەی خوتبەی سەقەتە، لە مزگەوتەكە دەركرد. مزگەوتی قادر بلە دەكەوێتە سەر شەقامی شێستی نزیك ئیسكان لە هەولێر.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.