سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

شەرەف چییە؟!

پێش 1 هەفتە


سەردار مەحمود

ئەگەر كوڕ و كچەكانتان، برا و خوشكەكانتان، لە ماف و ئازادیدا وەك یەك تەماشا دەكەن، ئەوا مەلاهەڵۆ بە هەڵەدا چوە و ماڵەكانتان ئەوپەڕی سەلامەتە و سەری دای لە بەرد.

+ براكەت حەزی‌ لە خوشكی خەڵكە و چاتی لە گەڵ دەكات و گوڵ و شیعری غەرامیات و ستیكەری ماچ بۆ خوشكی خەڵكی دەنێرێت.

كوڕەكەشت، كوڕی باوكی خۆیەتی، جا نەك یەك كچ، دەستی سیانی بڕیوە و مۆبایلێكی زیرەكی پێیە.

تۆ تەماشای دەكەیت:

لەگەڵ چاتكردندا ڕوخسای گەش دەبێتەوە و پرشنگی پێكەنین دایدەپۆشێت.

تۆش پێتخۆشە و بە شانازییەوە لێی دەڕوانیت.

دڵنیابە زۆریش دڵنیابە...خوشكەكەت و كچەكەشت، هەر لەگەڵ كوڕی كەسێكی تردا دەیچاتێنن.

ئیدی هەركەس بە ئاستی شەخسیەت و‌ ڕۆشنبیری و هاوكوفی خۆی.

ئەگەر كاری كوڕەكەت و براكەت بە شەرەف و جوامێری حیسابە، هی خوشك وكچەكەت بە سەر شۆڕی و بێ شەرەفی.ئەوا دڵنیابە...

مەلا هەڵۆ ڕاست دەكات. ماڵەكەت بێ شەرەفیی تێدایە.

ئەگەر مافیش بۆ هەردوو‌لا وەك یەكە.ئەوا ئیدی مەفهومی شەرەف، لە كۆمەڵگایەكەوە بۆ كۆمەڵگایەك. لە خێزانێكەوە بۆ خێزانێك، لە تاكێكەوە بۆ تاكێك دەگۆڕێت.

جا ئەوەی لای كۆمەڵگایەك ناوی شەرەفە، لە لای كۆمەڵگایەكی تر بێشەرەفی یە. یان لانیكەم شەرەف نییە.

نەعامە ئاسا، سەرمەكەن بە ژێر لمەكەدا.

تەكنەلۆجیای ڕۆژئاوا، كاریگەری لەسەر ئەخلاق و ڕەوشتی ڕۆژهەڵات هەیە و دەشی بێت.

لە كۆمەڵگایەكی ئیسلامی سەلەفیدا...

كوڕ وكچە نامەحرەمەكان، نابێت هیچ پەیوەندییەكی بینین و بیستن ونامەگۆڕینەوەیان هەبێت و وێنەی یەكتری ببینن.

نابێت دوو بەدوو بچنە چاتەوە، نابێت سەیری شتی ناشەرعی بكەن.

بەڵام هەم كوڕەكانمان ئەمە دەكەن، هەم كچەكانمان.

بۆیە: لە مەفهومی مەلا هەڵۆی ئێستا و‌كومەڵگای مسوڵمانی جارانەوە، ئەمە بێ شەرەفییە.

مەلا هەڵۆ قسەی لە گیرفانی دەرنەهێناوە، ئەو قسەی پیرۆزی، بیروباوەڕە پیرۆزەكەی خۆی و ئێوە دەكات.

هۆ هۆ ئەو كەسەی داوای جیاكردنەوەی كوڕان وكچانی قوتابخانەكان دەكەیت و حكومەتیش بە دەنگتەوە دێت و جیایان دەكاتەوە.‌ئەوەندە بزانە: 

دوو بولبولی ناو‌ دوو قەفەسی جودا‌، خۆشتر بۆیەك دەخوێنن تا دوو بولبولی ناو یەك قەفەس.

تۆ لە قوتابخانە جیاتكردونەتەوە، بەڵام لە بیست جێگای سۆشیال میدیادا كوڕ و كچەكانمان هاوڕێن.

تۆ ئەتەوێت، بە تەكنەلۆجیای‌ ڕۆژئاواییەوە، ڕەوشتی كۆنی ڕۆژهەڵاتی بپارێزیت؟!

نەیخۆیت تاڵە ...

چ قەشمەر بازاڕێكە ؟! 

من بۆ مەلا هەڵۆ ناپاڕێمەوە و تا قەرەی قیامەت ئاومان بە چەمێكدا ناڕوات.

بەڵام لە ڕوانگەی منەوە مەلا هەڵۆ كۆنەپەرستە، لە گۆشەنیگای مەلا هەڵۆ و ئاینی سەلەفانی مەلا هەڵۆشەوە من بێ ڕەوشتم.

براینە، خوشكینە ...

من داوای ئیباحەت و بەرەڵایی و ئازادی (بێ قەید و شەرتی) سێكسی بۆ هیچ نێر و مێیەك ناكەم و بڕواشم پێی نییە.

بەڵام باوەڕم بەو قەید‌وبەندە وەهمیەش نییە، تۆ لە خەیاڵی خۆتا كێشاوتە. 

ئاخر ئەوەی قەرارە‌ ڕووبدات، هەر‌ ڕوو‌دەدات.

ئیمامی عەلی، چواردە سەدە لەمەوبەر فەرمویەتی:

مناڵەكانتان وەكخۆتان پەروەردە مەكەن،ئەوان نەسڵی سەردەمێكی ترن.

بۆیە پێمبڵێ:

مەفهومی ئەخلاق لای تۆ چییە؟! 

تا پێتبڵێم: لە مەفهومی مەلا هەڵۆدا بێ ڕەوشتی هاتۆتە مەڵەكەت یان نا ؟!

براینە، خوشكینە.

جیهانی گۆڕاو، پێویستی بە گۆڕینی فكرمانە.

بە چاكسازی ئازایانەیە لە ئایندا.

بە گۆڕینی تێڕوانینمانە بەرامبەر بە كچان و ژنان.

وەگەرنا. 

سەرت بكە بە ژێر لمەكەدا. بۆ ئەوەی ئەوی بڕیارە ڕووبدات، تۆ نەیبینی و‌ لای تۆ، دنیا‌ ماستی مەییوو بێت.

بۆیە ئەگەر دەتەوێت نەگۆڕێیت مەلا هەڵۆ و بزوتنەوەی تالیبان. بكە بە پێشڕەوی ژیانت.

مۆبایلەكانتان بشكێنن.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.