سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

چۆن مەسیح بە ڕەسمی كرایە خودا؟

پێش 1 هەفتە



رێبین ئەحمەد رەشید

ئایا ئەوە دین سیاسەت دەجوڵێنێت یان نەخێر ئەوە  سیاسەتە دین دەخەمڵێنێت؟ كە مێژووی دینەكان دەخوێنیتەوە چونیەكی ئەو ڕووداوانە ڕوویانداوە لەپاش كەسی یەكەم و  جیلی یەكەمی دینەكە كە ناكرێت بۆ تێگەیشتن لە سروشتی دینەكان نادیدەیان بگرین.  پاش ئەوەی پۆڵس تەعالیماتی خۆی لە ئینجیل نووسییەوە و تێیدا مەسیح و مردنی مەسیح كران بەسەنتەر بگرە بەهەموو دینەكە، دەیان جۆری دیكەی ئینجیل نووسرانەوە. یەكێ لەو ئینجیلانە ئینجیلی پیتەر  یا پگرۆس بوو. لە ئینجیلی پیتەردا هاتوو عیسا دەڵێت: "كڵێسا و مەعبەدی خۆتان لەسەر پیتەر دروست بكەن". لە لاتینی  دا پیتەر بەمانای بەردیش دێت. كە دەڵێین نەوت  پیترۆڵ Petrol واتە ڕۆنی بەرد. وشەكە لە Peter+ oil دروستبووە . جا مەسیحییەكان لێرەدا دەكەونە خیلاف، ئایا مەسیح مەبەستی بەردێك بووە كڵێسای لەسەر دروست بكرێت یا ئەو پیتەر ناوە كە هاوەڵی بووە و كردوویەتی بە خەلیفەی خۆی تا كڵێسا لەسەر تەعالیماتەكانی ئەم درووستبكرێت. كڵێسای كاتۆلیكیتا ئێستاش  پێی وایە بەڵێ پیتەر خەلیفەی حەقی مەسیحە و مەبەست لێی بەرد نەبووە. ئەمە یەكێكە لەو هەزاران خیلافەی كە دەروستبووە لە پاش مەسیح.

هاتنی هەردینێك بۆ هە كۆمەڵگایەك لەسەرەتادا وەك تەقینەوەی بوركانێك گەرم و داخە، وردە وردە كاتی دەوێت تا ئەم بوركانە سارد دەبێتەوە و جێی خۆی دەگرێت. لەگەڵ ساردبوونەوەی بوركانەكە ئیدی فیرقە و مەزهەب و بۆچونە جیاوازەكان سەرڕێ دەكەون. كاتێك پێغەمبەر د.خ وەفات دەكات دەیان دەستنووسی قورئان هەن، عوسمانی كوڕی عەفان هەموویان كۆدەكاتەوە هەڵەچنیان دەكات و ئەم قورئانەی كە ئەمڕۆ لەبەردەستی ئێمەدایە  لە شێوەی موصحەفدا دروستدەكات لێیان و فەرمان دەكات جگە لەو نوسخە كۆتاییە هەموو نوسخەكانی دیكە بسووتێنن، تەنها لەسەر ئەم نووسخەیە نووسخەی دیكە بنوسرێنەوە. نەیارەكانی لەم سوتاندنەوە ئەمڕۆ پێی دەڵێن سووتێنەری مەصاحیف "حراق المصاحف". 

پێچەوانەی ئیسلام  ڕووداوی یەكخستنی دەستخەتەكان لای مەسیحییەت زۆر دوا دەكەوێت، لە ساڵی 325 زاینی و پاش سێ سەدە لەهاتنی عیسا ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆم بەسەركردایەتی كۆنستانتینپۆل "قەیسەر" كە دەچنە سەر ئاینی مەسیحی ڕووبەڕووی دەیان كێشەی عەقیدەیی و شوناسی دەبنەوە. ئاینێكی پڕ لە فیرقە كە دیار نییە چ جۆرە شوناس و خەمڵیوییەكی هەیە "دبێتە مەترسی بۆسەر دەسەڵات. ڕاجیایی و خیلافاتێكی زۆر دروستدەبن سەبارت بەوەی مەسیحی كێییە، كامە ئینجیل پەیڕەوی لێبكرێت لە نێو ئەم دەیان ئینجیلەدا. ئەم ڕاجیایانە دەبنە مەترسی بۆسەر ئیمپڕاتۆرییەت. كۆنستانتین دەرك بە مەترسی ئەم خیلافاتانە دەكات و زیرەكانە كۆنگرەیەكی فراوان لە شاری نیكییەی "نیقیە"ی یۆنانی كۆن "ئەمڕۆ دەكەوێتە توركیا و پێی دەڵێن ئیزنیت" بە بەشداری هەموو پاپا و قەشە گەورەكانی ئەو ڕۆژەی دونیای مەسیحییەت ڕێكدەخات كە ژمارەیان 280 قەشە بوو. لە ساڵی 325ز پاش زیاتر لە شەش مانگ جەدەل و نیقاش و مشتومڕی تووند لەنێوان ئەم هەموو قەشە و پاپا ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاواییانەدا كۆنگرەكە گەیشتە  كۆنووسێكی زۆر گرنگی یەكلاكەرەوە كە سنوورەكانی كوفر و ئیمانی مەسیحییەتی بەتەواوی تێدا كێشرا و ڕۆڵی مەسیحیش هەر لەم كۆنگرەیەدا لەسەر بنەمای ئامۆژگارییەكانی پۆڵس وەك كوڕی خودا یا لۆرد Lord یەكلایی كرایەوە. دواتر لەساڵی 381 كۆنگرەیەكی دیكە بەستراو لەگەڵ هەندێ زیادكردن بۆی جەخت لەسەر بەیاننامەكەی نیكییەی ساڵی 325 ز كرایەوە و لێرەوە بناغەی مەسیحییەتی ئۆرپۆدۆكسی بەتەواوی دامەزرا "ئۆرتۆدۆكسەكان باوەڕیان بە كوڕێتی مەسیح نییە". خاڵەكانی نێو ئەم بەیاننامەیە ئەمڕۆ لە زۆرێك لە دوعا و سروتەكانی مەسیحییەتدا لە ڕۆژانی یەكشەممەدا لەلایەن پەیڕەوكارانی ئەم دینەوە دەخوێندرێنەوە و دەگوترێنەوە خۆیانی پێ تەڵقین دەكەن. ئیدی بەیاننامەی نیكییە بوو بە مەتنی عەقیدەی مەسیحیەت لە جیهاندا.

لەنێو ئەم بەیاننامەیەدا جەخت لە سێكوچكەی خوایەتی "تثلیث" خودا كرایەوە مەسیح هاوشانی ڕوحی قودس تێیدا بەیەكجاری وەك ئەوەی هەندێ لە ئینجیلەكان "نەك هەموویان" جەختیان لێدەكردەوە  كرا بە كوڕی خودا.

 لەسەرەتاوە ئەم باسە باسێكی زۆر دژوار بوو چۆن دەكرێت لەم سێ كەسایەتییە "خودا مەسیح ڕۆحی قودس" خوایەكی تاك و تەنیا دروستبكەن؟ زانستی كریستۆلۆجی تا ئەمڕوش سەبارەت بەم باسە هەر لە مشتومڕدایە.

یەكێك لەم قەشانە كە لە كڵێساكانی ئەسكەندەرییەی میسرەوە بەشداری ئەم كۆڕبەندەی كردبوو بەناوی ئاریۆس یا ئەریەس "Ἄρειος, Áreios "باوەڕی بەوە نەبوو كە مەسیح كوڕی بایەلۆجی و واقیعی خودایە. ئەو دەیگوت ئەمە زیاتر شتێكی سەمبۆڵیك و مێتافۆرییە "مجازییە" دەنا عیسا مەخلوقی خودایە. ئاریۆس پێی وابوو كە دەڵێین عیسا كوڕی خودایە وەك ئیحترامێك بۆ شان و شكۆ و بەرزێتییەكەی ئەمە دەڵێین دەنا ئەم قسەیە میسداقیەتی واقیعی نییە. ئارێۆس جەختی لەوە كردەوە عیسا هەم مەخلوقە هەم نا ئەزەلییە، باوەڕی بە قیدەمی Eternality عیسا نەبوو، پێی وابوو حادیسە. 

تا ئەوڕۆژە ئاریۆس پەیڕەوكارێكی زۆری لەخۆی كۆكردبوویەوە، بۆچوونەكانی وەك ئاگر بڵاو دەبوونەوە. كڵێسا ترسی لە بۆچونەكانی هەبوو. قەیسەری ڕۆمیش لە ئینشیقاق دەترسا. دەترسا ئەم لێكترازانە دینییە كارێك بكات دۆخە سیاسییەكەی لەدەست دەرچێت و دواتر نەتوانێت كۆنترۆڵی بكاتەوە. بۆیە هەر لەسەرەتاوە ئاریۆسیان دوورخستەوە و دواتر لەلایەن 278 كەسی كۆنگرەكەوە تەكفیر كراو لە دین كرایە دەرەوە. هەندێ سەرچاوەی مێژوویی دەڵێن هەر بانگهێشت نەكرا بۆ ئەو كۆبوونەوەیە. ئەو بەیانە هاوبەشەش كە دەریانكرد بەتەواوی نیشانی ئەوە دەدا كە لە دژی ئارۆس و هاوبیرەكانی دەریانكردووە.

بەیاننامەكەی ساڵی 325 ئەمڕۆ هەموو مەزهەبەكانی نێو مەسیحییەت باوەڕیان وەك یەك باوەڕیان پێیەتی و لارییان لە هێڵەگشتییەكانی نییە. بەیاننامەكە دەڵێت:

من "ئێمە" بە خودایەكی تاك و تەنیا  باوەڕم "مان"هەیە، بەروەردگاری موتەعال، دروستكەری ئاسمان و زمین. هەروەها باوەڕم بە كوڕەكەی خودا "LORD " هەیە كە هەر لە ئەزەلەوە لەو بووە " ئەمان زیاتر GOD بۆ خوداو Lord بۆ مەسیح بەكار دەهێنن، من پێم وایە وشەی لۆرد زیاتر دەكاتە رّب ی عەرەبی". 

باوەڕم هەیە مەسیح خوایەكی ڕاستەقینەیە لەخوایەك، نورێكی ڕاستەقینەیە لە نوورێك، True god from true god.

باوەڕم هەیە كە مەسیح لە خودا زاوە نەك دروستی كردبێت، هاوشان و هاوكوفی باوكە " من وشەی  Homoousion م بە هاوشان تەرجەمە كردووە"

گەردوون و هەموو ئەوەی هەیە بەهۆی ئەوەوە هاتوونەتە بوون. ئەو بۆ ڕزگاری ئێمە لە ئاسمان هاتە خوارێ. لەڕێگای ڕوحول قودسەوە لە دامێنی مەریەمی پاكیزەوە  لەشێوەی مرۆڤێكدا خۆی نواند بۆ ئێمە. ئەو خۆی كرد بە قوربانی بۆ ئێمە و لە ژێر حوكمی ئیمپڕاتۆر پۆنتیەس پلاتۆس دا ئازاردرا، لەخاچ درا و دواتر كرابە ژێر خۆڵەوە. پاش سێ ڕۆژ لە قەبرەكەی هاتە دەرەوە هەروەك چۆن كتێبی موقەدەس باسی لێوەدەكات ڕۆشت بۆ ئاسمان و تا ئێستا لای دەستی ڕاستی باوكییەوە دانیشتووە. باوەڕم بەوە هەیە ئەو دووبارە بە شكۆوە دەگەڕێتەوە بۆ سەرزەوی، دووبارە دەبێتەوە بە حاكم و فەرمانڕەوای زیندووان و مردووان. ئەمجارە ئیدی سەڵتەنەت مەلەكوتەكەی لەناو ناچێت. منیش ئیمانم هەیە بە ڕوحولقودس، خوداوەندگار و ژیانبەخش كە لە باوك و كوڕەوە دێت و هاوشانی ئەوان حەمد و وەسف و سەنا دەكرێت "للای ئۆرتۆدۆكسەكان وشەی كوڕ نییە". ڕوحول قودسێك كە لە زاری پێغەمبەرانەوە قسە دەكات و دەبێتە زمانیان. هەروەها باوەڕم بە تەنها كڵێسای كاتۆلیك هەیە، باوەڕم بە لەئاو هەڵكێشان Babitising هەیە بۆ هەڵوەرینی تاوانەكان، هەروەها جەخت لەوە دەكەمەوە كە باوەڕم بە ڕۆژی پەسڵان و زیندووبوونەی جیسمانی مردوان هەیە و چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەشم".

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.