سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ماسۆنی و ئیخوان

پێش 1 هەفتە



حەمەسەعید حەسەن

(سەیید قوتب)ی ئایدیۆلۆجیستی ئیخوان، لە گوتاری: (بۆچی بووم بە ماسۆنی)دا كە ٢٣ی نیسانی ١٩٤٣دا لە (التاج المصری)ی ئۆرگانی ماسۆنییەكاندا بڵاوبووەتەوە، دەڵێت: (بۆیە بووم بە ماسۆنی چونكە هەستم كرد، ماسۆنی هەتوانی برینی مرۆڤایەتییە. بۆیە لە دەرگەی ماسۆنیم دا، تا ڕۆحی برسیم بۆ حیكمەت، تێر خۆراك بكەم. بۆیە بووم بە ماسۆنی، تا تیشكی مەشخەڵەكەی ڕێی تاریكی ژیانم بۆ ڕۆشن بكاتەوە. بەرلەوەی ببم بە ماسۆنی، خۆم ماسۆنی بووم، بەڵام پێویستم بەوەبوو ماسۆنیبوونی خۆم زاخاو بدەمەوە و جۆشی بدەم. بۆیە ئەو ڕێگە ڕاستەم هەڵبژارد، تا لەبەر دەستی بیناسازە ئازادەكاندا پەروەردە بكرێم و ڕابهێنرێم.

ماسۆنی كەسێك نییە بە ڕێوڕەسمی بە ئەندامبووندا ڕەتبووبێت و بەس، كەسێكە بە هێوری و بەبێ ژاوەژاو كار بكات، كەسێكە بە یەكسانی و بە هەمان چاو، سەرنجی هەمووان بدات و دەرگەی دڵی بۆ گەورە و بچووك كراوە بێت. ماسۆنی كەسێكە چاكە لە پێناوی چاكەدا دەكات، بە ئومێدی هیچ دەستكەوتێك نییە و هەر ئەركی سەر شانی ڕادەپەڕێنێت، بەبێ ئەوەی هیچ مافێكی بوێت.

ماسۆنی هەموو ئایینەكان لە خۆیدا كۆ دەكاتەوە، دژی كاولكارییە، فەرهەنگەكەی جێی دەمارگیریی تێدا نابێتەوە و نزایەكە خەڵكەكە لەوپەڕی خۆرهەڵاتەوە، تا ئەوپەڕی خۆرئاوا هۆگری یەكتری دەكات. ماسۆنی تاقە جێگەیەكە، بە چاوپۆشین لە جیاوازییە كۆمەڵایەتییەكان، هەمووان دەتوانن دەست لەنێو دەستی یەكتر بنێن و تێیدا وەك برا پێكەوە بژین. ماسۆنی لەسەر بناغەی سێپای ئازادی و برایەتی و یەكسانی ڕۆ نراوە و باڵاترین پرەنسیپ و باوەڕ و ئامانجە.

ماسۆنی باوەڕێك نییە و هیچی تر، پیاوەتییە، مرۆڤایەتییە، ئینسان بۆ كاری چاكە هان دەدات، تەنیا بۆ ئاسوودەكردنی ویژدانی و هیچی تر. ماسۆنی ڕۆحێكی بەرز و پاكژە، ئینسان لەسەروو شتە بچووكەكانەوە ڕادەگرێت و لە خڵتە پاكی دەكاتەوە. ماسۆنی بۆ كەسانێك كە لەدووی شكۆ وێڵن، نموونەی باڵایە. ماسۆنی چاكەكارییەكە هەڵگری باڵاترین مانا و پاكترین مەبەست و جوانترین باوەڕە.)

ڕەنگە كەس هێندە ساویلكانە بە ماسۆنی سەرسام نەبووبێت و هێندە بە زێدەڕۆیییەوە قسەی لەسەر نەكردبێت. ئەحمەد زەكی ئەبوو شادیی شاعیر كە ماسۆنی بووە، كە دوو كتێبی لەبارەی ماسۆنییەوە نووسیوە، وەها ستایشی بزاڤەكەی نەكردووە. ماسۆنی ڕێكخستنێكی جیهانگرەوە، نائینسانی، پیاوسالار، نهێنی، ڕووخێنەر، تینووی خوێن، تیرۆریست و تەمومژاوییە، هەوڵی بۆ ئەوەیە، لەڕێی دروشمی بریقەداری فریودەرانەوە، دونیا بخاتە بن هەژموونی خۆیەوە.

درێژەی هەیە

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.