سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كۆمەڵەی خۆر چییە؟

19/01/2023


ئاریاس ئارام

كۆمەڵەی خۆر بریتیییە لە خۆر، كە ئەستێرەیەكی ئاساییە لەگەڵ هەموو ئەو تەن و بارستاییانەی كە بە دەوری دەسوڕێنەوە و بریتین لە هەسارەكان و مانگەكانیان، هەسارۆكەكان كە لە پشتێنەی هەسارۆكەكانی نێوان هەسارەی مەریخ و هەسارەی موشتەری هەن، لەگەڵ پشتێنەی كەیپەر كە دەكەوێتە چوار دەوری كۆمەڵەی خۆر و سنوورەكەی لە دوای هەسارەی نیپتۆن دەستپێدەكات و قەزەمە هەسارەی پلۆتۆ و سێ قەزەمە هەسارەی تریش دەكەونە ناو ئەم پشتێنەیە، پشتێنەی كەیپەر ژمارەیەكی زۆر لە هەسارۆكە  و كلكداری تێدایە، تاوەكو بەر لە ٣٠ساڵیش وا دەزانرا تیرەی كۆمەڵەی خۆر تاوەكو دوای خولگەی قەزەمە هەسارەی پلۆتۆیە كە ٣٩.٥ یەكەی گەردوونی دوورە، بەڵام دوای دۆزینەوەی پشتێنەی كەیپەر لەساڵی ١٩٩٢ دەركەوت تیرەكەی زۆر گەورەتر و گەیشتە پتر لە ٥٠ یەكەی گەردوونی، بەڵام بەمدواییە دەركەوتووە كە تەمەهەورێكی تریش هەیە لە دەرەوەی پشتێنەی كەیپەر كە پێی دەوترێت تەمی ئۆرت Oort. Cloud و لە دوای دووری ٥٠ هەزار یەكەی گەردوونی دەستپێدەكات تاوەكو نزیكەی ٢٠٠ هەزار یەكەی گەردوونی (واتە لەدووری ٠.٨ تاوەكو ٣،٢ساڵی تیشكی لەخۆر)، ئەم تەمە كە تائێستا بەووردی چاودێری نەكراوە بە شێوەیەكی سەرەكی لە گەردیلەكانی گازی میپان و ئەمۆنیا و ئاو بە شێوەی بەستوو پێك دێت، لەگەڵ بوونی ژمارەیەكی نەزانراو لە كلكدارە دوورەكان كە لە ماوەیەكی درێژدا بە دەوری خۆر دەسوڕێنەوە، هەروەها لە لێكۆڵیەوە بیردۆزییەكان دەركەوتووە كە هێزی كێشكردنی خۆت كاریگەری لەسەر تەمی ئۆرت هەیە و ئەو كاریگەرییە وای كردووە ئەو تەمە بە دەوری خۆردا بسوڕێتەوە وەكو هەموو تەن و بارستەكانی تر لە كۆمەڵەی خۆر، ئێستا گەردوون ناسان لێواری سنووری دەرەوەی تەمی ئۆرت بە سنووری ڕاستەقینەی كۆمەڵەی خۆر دادەنێن.

بەپێی نوێترین زانیاری و لێكۆڵینەوەكانی ناسا، خۆر و كۆمەڵەی خۆر بەر لە نزیكەی ٤٦٠٠ ملیۆن ساڵ لە چڕبوونەوەی بەشێكی بچووك لەتەمەگازێكی هایدرۆجینی دروستبووە لەناو باڵێكی گەلەئەستێرەی ڕێیكاكێشان و ئەو تەمەگازیانەش بەردەوام ئەستێرەی نوێ تیایاندا دروست دەبێت، بڕوا وایە كە ئەو تەمە گازیەیە خۆری لێ دروست بووە لە هەمان كاتدا كۆمەڵێك ئەستێرەی تریشی لێ دروست بووە، دوای چڕبوونەوەی ئەو بەشە لە تەمەكە كە خۆری لێ دروست بووە و پلەی گەرمی لە چەقی خۆر ووردە ووردە بەرز بۆوە، كاتێك گەیشتە نزیەكی ١٠ ملیۆن پلەی كلڤن كرداری لێكدانی ناووكی دەستیپێكرد كە بریتییە لەلێكدانی چوار گەردیلەی هایدرۆجین بۆ پێكهێنانی یەك گەردیلەی هیلیۆن و جیاوازی بارستەكەس دەبێتە ووزە لەشێوەی گەرمی و تیشكیدرەوشاوە، تائێستا ٧٣٪ی هایدرۆجینی خۆر ماوە و ٢٧٪ی بووە بە هیلیۆم.

ئەو بەسە لە تەمە گازە هایدرۆجینیەكی خۆر و كۆمەڵەی خۆری لێ دروست بووە تیرەكەی نزیكەی ٤ ساڵی تیشكی بووە، زۆربەی گازە هایدرۆجینیەكە لە چەقەكە چڕبۆوە و خۆر لێی دروستبوو كە بەئەستێرەیەكی قەزەمیزەرد پۆلێن دەكرێت و تێكڕای تەمەنی لەكۆتاییدا دەگاتە كەمێك پتر لە ١٠ هەزار ملیۆن ساڵ (واتە پتر لە ٥ هەزار ملیۆن ساڵی تر دەدرەوشێتەوە) و دوای ئەوە ئەوكاتەی هەموو گازە هایدرۆجینەكەی تەواودەبێت و دەبێتە هیلیۆن و چیتر وزە نابەخشێت و دەتەقێتەوە، پێش ئەوەی بتەقێتەوە بەدەیەها ملیۆن ساڵ توێكڵی دەرەوەی خۆر دەكشێت و ئەوەندە گەورە دەبێت تا گۆی زەوی و هەسارەی زوهرە و عەتارد دەكەونە ناوی و دەسوتێن، ئەو كاتە تەمەن و درەوشانەوەی خۆر تەواو دەبێت و دەتەقێتەوە و ئەو جۆرە تەقینەوەیەی ئەستێرەكان پێیان دەوترێت سۆپەر نۆڤا و لە كۆتایی تەمەنی ئەستێرەكان ڕوودەدەن و تەقینەوەی خۆریش لە دووری سەدەها ساڵی تیشكی ئەگەر بوونەوەری تری زیرەك هەبێت دەیبینێت و هەستی پێ دەكات.

دوای تەقینەوەكەش ناوكی خۆر زۆر بچووك دەبێتەوە تا ڕادەیەك لە گۆی زەوی ئێستا بچوكتر دەبێت و دەبێتە قەزەمێكی سپی، دوای ئەو كاتە بۆ سەدەها ملیۆن ساڵ بڕێكی زۆر كەم درەوشانەوە دەبێت بەڵام ووزەیەكی ئەوتۆی لێ دەرناچێت، ئەو كاتەش هەموو هەسارەكانی كۆمەڵەی خۆر بە پاشماوەی گۆی زەویش دوای تەقینەوەی خۆر لە تاریكیەكی تەواو و بێدەنگی نوقم دەبن و هەموو جۆرە ژیانێك ئەگەر تا ئەو كاتە مابێت لە كۆمەڵەی خۆر كۆتایی پێ دێت.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.