سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

زەردەشت نورەدین: دەکرێت (ژن، ژیان، ئازادی) بکرێتە دروشمی سیاسەتی رزگاریخوازی کوردستان و ناوچەکە

22/01/2023


لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، سیمینارێک بەناونیشانی (بیرکردنەوە لە سیاسەتی رزگاری) بۆ نوسەر و وەرگێڕ زەردەشت نورەدین بەڕێوەچوو.

ناوبراو لە باسەکەیدا لەسەر چەمکەکانی سیاسەت و سیاق و رزگاری بۆچونی چەند بیرمەندێکی جیهانی خستەڕوو.

لەبارەی سیاسەتی رزگاری، زەردەشت نورەدین ئاماژەی بەوەکرد کە سیاسەتی رزگاری لە مارکسەوە دەستپێدەکات و جەختی لەوەشکردەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ سیاق، سیاسەتی رزگاری دیاری ناکرێت.

لەبارەی سیاسەتی رزگاری لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتیش لە هەرێمی کوردستان، زەردەشت نورەدین، ئاماژەی بەوەکرد، بۆ دیاریکردنی سیاسەتی رزگاریخوازی لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە پێویستە لێکۆڵینەوەی جدی و خوێندنەوەمان بۆ بەعسیزم و ئەنفال هەبێت.

پێشیوابوو، سیاسەت نابێت لەسەر بنەمای شوناس بینابکرێت، وەک شوناسی نەتەوە و ئاین، بۆیە پێویستە سیاسەت شوناسێکی دیارکراوی نەبێت.

ناوبراو رەخنەی لە دەسەڵاتی کوردی گرت و پێیوابوو دەکرا کورد لەدوای راپەڕین سیاسەتێکی باشی پەیڕەوبکردایە کە نەگەیشتایە بەم بەرئەنجامە خراپەی ئێستا.

لەدرێژەی باسەکەیدا، زەردەشت نورەدین ئاماژەی بەوەکرد کە لەم سەردەمەدا دەکرێت ژن باشترین بکەری شۆڕشگێڕی بێت.

لەوبارەیەشەوە جەختی لەوە کردەوە کە دروشمی ژن ژیان ئازادی، کە ئێستا لە شۆڕشی گەلانی ئێراندا بووە بە بنەما، دەکرێت ببێتە دروشمی سیاسەتی رزگاریی بۆ کوردستان و ناوچەکە.

دوای پێشکەشکردنی سیمینارەکە، لەلایەن ئامادەبوانەوە گفتوگۆیەکی فراوانی بابەتەکە کرا.

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.