دلێر محەمەد نوری
بانگخواز
بانگخواز كەسایەتیەكی جێگیری نەگۆڕی متمانەبەخۆی، ڕەشباوەڕی ئایینییە. ئەوهاتووە، پەیامێكی ئایینی ڕووتی ئامادەكراوی نەسەلمێنراو لە ڕووی زانست و لۆجیكەوە، بگەیێنێت. هەر بۆ ئەوەی كە ئەركەكەشی، زوو كۆتایی نەیەت، لووتی خۆی، لە زۆر مەسەلەی زانستی و كۆمەڵایەتی و مێژوویی و مرۆڤاتیشەوە، وەردەدات. سەرچاوەی زانیارییەكانی بانگخواز لە یەك كتێبی ئایینی و هەزاران فەرموودەی زارەكی دەماودەمەوە، هاتووە. هەرچی بانگخواز ئەیڵێت، ئەیلكێنێت بە خودا و پەیامبەرێكەوە و ڕەتكردنەوەی یان گوومانكردن لێی، ئەكەوێتە خانەی خیانەت و دژایەتیی كردنی خالیقەوە. هەر بۆیە پەیوەندی مرۆڤەكان بە بانگخوازەوە، لە پەیوەندی نێوان بانگدەر و گوێگر تێناپەڕێت. واتا ئەو زانیاری ئەدات و تۆش وەریدەگریت. هەر گفت و گۆیەكیش ڕوو بدات، دەبێت لە خزمەت زانیارییە جێگیرە بنچینەییەكەدا بێت، نەك گۆڕینی. كەواتا وتەكانی بانگخواز، هەمیشە حەقیقەتە و هەموو زانیارییەكی دیكە دەبێت، بە بەری ئەم ببڕدرێن و بپێورێن. پەیامی بانگخواز گریان و بێهیوایی و غەمناكی ئەمڕۆی ژیانە، لە پێناو گەیشتن بە خۆشی و ئامانجێكی نەمر، كە دەكەوێتە دوای مەرگەوە. واتا ئەمڕۆی حەقیقەت لای بانگخواز خەوێكی ناخۆش و بەتاڵ و تێپەڕە. سبەینێی دوای مردن وكۆتایی دونیای نادیار، ڕاستەقینەو ئامانجە. بانگخواز كاری بە شیكاری و تیوری و تاقیگە و ئامار و لێكۆڵینەوە نیە، چونكە پەیامەكەی ئەو، ئامادەیە و خودا وەكو هێلكەی پاككراو گەیاندوویەتی، هیچ پرسیار و گوومانێك هەڵناگرێ. بانگخواز گەیێنەرێكی بێ كاریگەرە، نەك لێكۆڵەر، لە بەركەر و كۆپیكەرە، نەك بگۆڕ و فەلسەفەلێدەر. كاری بانگخوازی ئاسان و بێ تێچووە. ئەو لە بەردەمی كامێرایەك و بە مایكێكەوە، لە ژوورێكدا و لە شاشەی تەلەفزیۆن و مۆبایلەكانمانەوە و لە ڕێی تەكنەلۆژیای گەیاندن و ئینتەرنێتەوە، ڕاستەوخۆ و بە شێوەیەكی زارەكی، بە بێ ئەوەی تەكلیفێكمان لێ بكات، دێتە بەردەممان. هەق وایە بانگخواز لە دوای خودا سوپاسی بەرهەمی نووسینی نەیارەكانی خۆی بێت، كە ئەم خزمەتە بەخۆڕاییەیان پێی گەیاندووە. بە كورتی جەماوەری بانگخواز دەبێت گوومان و پرسیار لە خۆیان داماڵن و دانیشن و ڕووەو زەوی سەرداخەن و وەرگرن و لەبەر بكەن و وتەكانی بانگخواز بڵێنەوە. چونكە تا بیرنەكەیتەوە و نەخوێنیتەوە و گوومان نەكەیت تۆ وەرگرێكی باش و بە ئەمەكیت.
نووسەر
نووسەر كەسایەتییەكی ناجێگیری گۆڕاوی نادڵنیایە و باوەڕی تەنها بە سەلمێنراوەكانە. نووسەران كەسانێكی زانستی و لۆجیكی و بە بنەمان. نووسەر پەیامێكی زانستی و فەلسەفی و مێژوویی و كۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی و ئەدەبی و هونەری سەلمێنراوی پێیە. ئەركی نووسەر گۆڕاو و ناجێگیر و بەردەوامە. هەتا ژیان بەردەوام بێ، پڕۆسەری نووسین و لێكۆڵینەوە قورستر و خێراتر ئەبێت بەڵام هەرگیز ناوەستێت. سەرچاوەی نووسەر، ملیارەها ساڵ مێژوو و كتێب و ملیۆنان لێكۆڵینەوە و تاقیگە و سەلمێنراو و پێدراو و تیۆرییەكان و دەیان هەزار ئەدیب و نووسەر و فەیلەسوفە و هەزاران ئایین و باوەڕی ئاسمانی و مرۆییە. هەرچی نووسەر ئەیڵێت، بەڵگەدار و حەقیقەتی سەلمێنراوی نێو تاقیگەیە یان لێكۆڵینەوە و شیكارییەكانی نێو گۆڕەپانی ژیان و ئامارەكانە یاخود ئەو تیۆرییانەن كە پێویستیان بە بەڵگە و لێكۆڵینەوە و كاری زیاترە. نووسەر كەسێكی دوودڵە، گوومانكەرە، پرسیاركەرە، تا نەگاتە حەقیقەتی ڕەها، نایسەپێنێ بە سەر مرۆڤایەتیدا. هەر بۆیەش پەیوەندی مرۆڤەكان بە نووسەرانەوە، پەیوەندی نێوان نووسین و خوێنەری گوومانكەر و پرسیاركەرە. هەر بۆیە پرسیار و گوومانەكانی خوێنەر، نەك ڕەوا و ڕێگە پێدراوە، بگرە پێویستییە و دڵی نووسەر خۆش ئەكەن و ڕووناكی زیاتر ئەخەنە سەر حەقیقەتەكان. خوێنەر لێرە هەمیشە ڕازی نیە، بەڵكو كاری ئەو ڕەخنەگرتن و هەڵوێستەكردن و دەربڕینی بیروڕایە. پەیام و بەرهەمی نووسەر بۆ ئەمڕۆیە، بۆ ژیانە، بۆ گۆڕینە، بۆ بەردەوامبوونە. نووسین لە مردن و لە دوای مردنیش ئەكۆڵێتەوە، بەڵام ژیان بۆ ئەو حەقیقەت و ئامانجە. كاری نووسەر ئاسان نیە و تێچووی زۆرە. ئەوەی نووسەر لە لێكۆڵینەوە و شیكاری و كتێبێكدا ئەمڕۆ پێشكەشی ئەكات، گەلێ پێشتر لە پرسیاری و گوومانێكەوە یان لە خەمێك لە خەمەكانی ژیانەوە دەستی پێكردووە. وەڵامدانەوە و ڕەواندنەوەی ئەو گوومانە، بووە بە پێویستی. ئامار و بیركردنەوە و شیكاری و تاقیگەی بۆ ئامادەكراوە، تا لە دەرگای حەقیقەتەوە چوونەتە ژوورەوە و بە وەڵامێك یان ئەنجامێك، خۆشبەختییەكیان بۆ مرۆڤایەتی، بۆ ژیان، بۆ ئەمڕۆ هێناوە. یان هەر نەبێ هەوڵیان داوە گرێی كوێرەوەرییەك بۆ مرۆڤ بكەنەوە. بەرهەمی نووسەر تا ئەبێت بە نووسین كات و تێچووی ئەوێ. بە بیركردنەوە دەست پێ دەكات و بە كتێب كۆتایی دێت. كتێب ئەگاتە سەر ڕەفەكان و لە چاوەڕوانیدا ئەمێننەوە. ئەگەر خوێنەر هەوەسی گەڕان و خوێندنەوەی لا دروست نەبێت و تەكلیف لە خۆی نەكات و كتێب نەكڕێت، ئەوا كتێب و نووسین بە ئاسانی نایەنە لای كەس.
دوو پڕۆسە
١/ پڕۆسەی مردوو: وەرگر و گوێگرێكی ئایینی تەنها گویچكەی هەیە بۆ بانگخوازی هەڵخا و ڕازی و قایلە لە غەفڵەتی بیركردنەوەدا، ئەوەی بانگخواز ئەیڵێت بە ئامادەكراوی وەریبگرێ و پیادەی بكات. گوێكر بە بێ هیچ كاردانەوەیەك پەیامەكان وەرئەگرێت و كاریان پێئەكات. ئەوە بانگخوازە لە جیاتی ئەو بیرئەكاتەوە و دڵنیایی خودایی ئەداتێ لە ڕاستی و دروستی ئەوەی كە لە ژیاندا پیادەی ئەكات. بۆیە پەیوەندی نێوان بانگخواز و بانگ وەرگر پەیوەندییەكی مردووە و هەر لە پێناو مەرگیشە.
٢/پڕۆسەی زیندوو: خوێنەر دەبێت ئارەزووی گەڕان و گوومان و خوێندنەوەی لا درووست بێت. ئامادەبێت كتێب بكڕێ و بیخوێنێتەوە. ئەو مەرج نیە ڕازی ببێت. ئەو بۆی هەیە بگەڕێت، بپشكنێت، پرسیار بكات، گوومان بكات. نووسەر هەوڵ ئەدات دڵنیایی بداتە كەسەكان. لە كوا وەڵامێكی پێ نەبێت، بەلەخۆبووردەوە ئەڵێت نازانم. ئەو حەقیقەتی ئەمڕۆ ئەڵێت بە پێی ئەو پێدراوەی ئەمڕۆ لە بەردەستدایە. نووسەر دەرگای بیركردنەوە بە كراوەیی ئەهێڵێتەوە. بۆیە پەیوەندی نێوان نووسەر و خوێنەر پەیوەندییەكی زیندووی پڕ لە ژیانە و لە پێناو ژیانیشە.
دەرگایەكی داخراو و یەكێكی كراوە:
ڕۆژێك لە چاوپێكەوتنێكدا، لە شێخ شەعراوی زانكۆی ئەزهەر ئەپرسن كە ئاخۆ فڵانە ڕۆمانی نووسەری میسری نەجیب مەحفوزی خوێندۆتەوە؟ لە وەڵامدا شێخ ئەڵێت: من پەنجا ساڵیشە تەنها قورئانم خوێندۆتەوە. پرسیاركەر بە دیوێكی دیكەدا، ویستوویەتی بڵێت، پەسەند نیە كەسێكی وەكو شەعراوی بێ ئاگا بێت لە خوێندنەوەی ڕۆمانی كەسێكی ناوداری و پڕ مشت و مڕی وەكو نەجیب مەحفوز. هەر وەها شەعراویش بەم وەڵامە، مەبەستی بووە بە جەماوەرەكەی بڵێت، هیچ كتێب و هیچ نووسینێك شایەنی خوێندنەوە نیە و چاو لە شێخی خۆتان بكەن و تەنها ئەم تاكە كتێبەكەی دڵخوازی خۆمان بخوێننەوە. شەعراوی جگە لە وەعز و وانە ئایینییەكانی نەبێت، خاوەنی هیچ كتێب و تەنانەت لێكۆڵینەوەیەكی ئایینیش نیە. ئەوەشی بە ناوی شەعراوییەوە لە كتێبدا كۆكراوەتەوە، لە زمانە سادەكەی خۆیەوە و لە بەر ڤیدیۆ و ئەو تۆمارانە نووسراونەتەوە و كراون بە كتێب، كە بڵاوبوونەتەوە. بە كورتی شەعراوی سەربوردەی دەرگا داخراوەكەی هزر و بیركردنەوەیە. بەڵام ئەگەر لە دەرگا كراوەكەی نەجیب مەحفوز بدەین، ئەوا ٢٢٣ چیرۆك ٥٥ كتێب و ٣٥ ڕۆمان و ٢٦ دەقی سینەمایی و ٧ دەقی شانۆیی و چەندانی دیكەش، دەرگامان لێ ئەكەنەوە. نەجیب مەحفوز تاكە میسری وڵاتەكەی شەعراوی و بگرە تاكە عەرەبی مێژوووە كە خەڵاتی نۆبڵی، لە ئەدەبدا وەرگرتووە. نەجیب مەحفوز دەرگا كراوەكەی ڕووی ژیانە بە سەر كۆمەڵگای میسری و عەرەبیدا.
بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ، لە كۆمەڵگای میسرییدا، ڕاپرسییەك لە نێوان ئەو دوو كەسایەتییەدا بكەین، بەدڵنییاییەوە دەبینیین، دەیان جار هێندەی نەجیب مەحفوز، ئەو جەماوەرە، بێ هودە لە دەرگا داخراوەكە دەدەن، تا لێوەی بچنە ژوورەوە. دەرگاكەی نەجیب مەحفوزیش، كەمینەیەك نەبێت، زۆرینەیەك چوونەژوورەوە لەو دەروازەیەوە، هەر بە حەرامیش ئەزانن.
لە فیس بووكدا، سێرچێكی بەراوردكاریم، بۆ دوو كەسایەتی كوردی باشور كرد. یەكیان بانگخواز و ئەوی تریان نووسەربوو. گەیشتمە چەند ئەنجامێكی تۆقێنەر. ئەوەش بەوەی كە:
١/بانگخواز حاجی كاروان، لە پەیجەكەی خۆی، خاوەنی یەك ملیۆن دواكەوتووە(فۆڵەوەر) و لە كورتترین پۆستیدا كە نزایەكی چەند وشەییە، نزیك بە یانزە هەزار لایكی بۆ هاتووە. لە كاتێكدا حاجی كاروان خاوەنی هیچ بەرهەم و پاشخانێكی مەعریفی و ڕۆشنبیری نیە. ئەو جگە لەوەی كەسایەتییەكی ئیسلامی سیاسییە و كاری بانگخوازی ئەكات.
٢/دكتۆر مەریوان وریا قانیعیش، خاوەن چەندین بڕوانامەیە و مامۆستای زانكۆیەكی هۆڵەندییە. خاوەن هەزاران وتار و لێكۆڵینەوە و سەددان كۆڕ و سیمینار و دەیان كتێب و نامیلكەیە. كەسێكی دیاری كایەی سیاسی و ڕۆشنبیری و مەعریفی كوردستانە. قسەیەكی ڕەخنەگری جدی و ئامادەیە، خاوەن تێز و تێڕوانینی نوێی تایبەت بە خۆیەتی. بەڵام تەنها ٤٧هەزار كەس لایكی پەیجەكەیان كردووە. لە باشترین پۆستیدا لە فیس بووكدا، كە باس لەخەمێكی قووڵی گشتی ئەكات، بە هەزار حاڵ ٤٥٠٠ لایكی بۆ چووە. لەمانەی سەرەوە ئەگەینە ئەنجامێكی تۆقێنەر كە ئەویش ئەوەیە كە:
لە كۆمەڵگای كوردی لە باشوری كوردستاندا، دەسەڵاتی سیاسی و ڕۆشنبیری و پەروەردەیی ڕووەوەو جەهل و نەخوێندەوارییە. ڕووە و مرۆڤی نامۆ بە كتێب و بێ پرسیار و بێ گوومان. ئەمڕۆ لێرە پڕۆسەی بەگێلكردن و بە مەڕكردن ئامادەیە. ئەمڕۆ لەوێ تەنانەت ئەگەر بانگخوازێك چەند ساڵێك لە سودان یان میسر خۆی بە شەریعەت و ئایینەوە خەریك بكات، زۆر بە ئاسانی هەر لە پشتی مۆبایلەكەیەوە ئەتوانێ هەزاران دكتۆر و پارێزەر و كرێكار و جوتیار و خوێندكار و نەوێندەوار كۆبكاتەوە و ئاراستەیان بكات. هەر بۆیە كتێبەكان لە سەر ڕەفەی كتێبخانەكان تۆزی لێ ئەنیشێت و پەیج و مینبەری بانگخوازەكان، ڕەواج پەیدا دەكات.