سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

تێڕوانینی كوردەكان بۆ خەلافەتی ئەبوجەعفەری مەنسووڕ

27/01/2023



كەیوان ئازاد

دوای ئەو بێبەڵێنییەی (ئەبوجەعفەری مەنسوور) لە كوردی كرد، قۆناغێكی دیكە لە پەیوەندییەكانی نێوان كورد و دووەمین خەلیفەی عەباسی دەستی پێكرد. پەیوەندییەكانیش (سێ) ئاراستە بوون. بەشێكیان دەستیان دایە ڕاپەڕینی چەكداری، بەشێكی دیكەیان بێدەنگییان هەڵبژارد و خۆیان لە كێشە و ململانێی سیاسی و چەكداری بەدوور گرت، بەشی سێیەمیشیان بوونە پشتیوانی خەلیفە و دەوڵەتی نوێ و كەوتنە ژێر كاریگەریی نزیكایەتیی بنەماڵەی عەباسی بە پەیامبەری ئیسلام (د.خ).

بەمەش (كورد) وەك پێكهاتەیەكی نێو كۆمەڵگای ئیسلامی و قەڵەمڕەوی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی، بەسەر سێ بەرەی جیاوازدا دابەش بوون. ئەم جیاوازییەش لە كاتی خۆی و تەنانەت دواتریش، زیانی بە یەكڕیزی و سەرنەكەوتنی داوا و پەیامەكانی كورد گەیاند.

سەرەتا ئەو بەشەی هەڵوێستیان وەرگرت، نەك هەر دەستیان دایە ڕاپەرین، بەڵكوو پشتیوانی هەر ڕاپەڕین و جووڵانەوەیەكیان كرد دژ بە دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی. ئەم هەڵوێستەش لەلایەن كوردی هەرێمەكانی (خۆراسان، چیا، ئازەربایجان، جزیرە)وە كاری لەسەر كرا.

هەرێمی خۆراسان پێگەی كەسایەتیی (ئەبوموسلیمی خۆراسانی) بوو، كە لەلایەن خەلیفەوە كۆتایی بە ژیانی هات و كوژرا. هەرێمی چیاش سەرەڕێگای هەرێمی خۆراسان بوو بۆ هەرێمەكانی ئازەربایجان و جزیرە، كە هەوڵەكانی (ئەبوموسلیمی خۆراسانی) بۆ سەرخستنی عەباسییەكان بە سەركەوتن گەیاند. هەرێمی ئازەربایجانیش نزیك بوو لە دەسەڵاتداری توركە بتپەرستەكان، كە هەمیشە بۆ هەلێك دەگەڕان، لە دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی بدەن. هەرێمی جزیرەش بەهۆی نزیكیی لە ئیمپراتۆڕیی بێزەنتی و شاڵاوە بەردەوامەكانیان بۆ سەر عەباسییەكان، زەمینەی نەیاربوونی بە دەوڵەتی خەلافەت ڕەخساند.

ئەمەو بوونی هەر سێ خێڵێ عەرەبی (بەكر، ڕەبیعە، مەزەر) لەو هەرێمە، (خێڵی بەكر) لە بەشی باكووری هەرێمەكە و (خێڵی ڕەبیعە) لە بەشی خۆرهەڵاتی و (خێڵی مەزەر) لە بەشی خۆرئاوای، جۆرێك لە كێشەی زەویوزار و داهات و قەڵا و دەسەڵاتداریی ناوچەكەی، لەگەڵ كورد دروست كرد. هەروەها ئەو هەرێمانە مەڵبەندی چەندین پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی بوون. بۆیە زەمینەی ناڕەزایی لە خەلیفە و دەوڵەتەكەیان لەو هەرێمانەوە لەبارتر بوو، تا ئەوانی دیكە.

هەر وەك كوردەكانی شاری (مووسڵ) و دەوروبەری پشتیوانییان لە (عەبدوڵای كوڕی عەلی) مامی خەلیفە كرد لە دژی (ئەبوجەعفەری مەنسوور). جیاواز لەوانیش، سیاسەتی جیاكاریی عەباسییەكان و خودی خەلیفەش بوو، لەنێوان دانیشتوانی عێراق و بنەماڵەكەیان لەگەڵ هەرێمەكانی دیكە. ئەوەش وای كرد كاردانەوەكان خێرا و توند بن.

پۆلی دووەمیشیان لەوانەی بێدەنگیاین هەڵبژارد، باوەڕداری ئایینەكانی (جوو، مەسیحی) بوون. ئەوانەی مامەڵەی (پەیڕەوانی كتێبی ئاسمانی)یان لەگەڵدا كرا و بە پێدانی (باجی جزیە) بە دەوڵەتی خەلافەت، خۆیان لە شەڕ و ململانێ دوور خستەوە.

هەرچی پۆلی سێیەمیشە، كوردە موسڵمانە سوننەكان بوون. واتە ئەوانەی بوونە پشتیوانی بنەماڵەی دەوڵەتەكە. هەروەها خەلیفەی عەباسییان بە جێداری پەیامبەری ئیسلام (د.خ) و خەلیفەی موسڵمانان زانی. ئەوانیش كەوتبوونە سەرجەم ناوچە كوردنشینەكانی قەڵمڕەوی دەوڵەتەكە.

لەنێو ئەو دۆخەی كوردەكانی تێدا ژیان، كارئاسانیی بۆ خەلیفەی عەباسی كرد، ڕووبەڕووی ئەو پۆلە ببنەوە كە بەرامبەری وەستان و دەستیان دایە ڕاپەرین. بە واتایەكی دیكە، بۆ دەوڵەتەكە قورس نەبوو دژایەتیی هەر دەنگێكی ناڕەزایی و ڕاپەڕین و جووڵانەوەیەكی چەكداری بكات. بەتایبەت دوای ئەوەی ژمارەی ئەو كوردانەی هەڵوێستی دژیان بەرامبەر خەلیفە و دەوڵەتەكەی وەرگرت، زۆر نەبوو، بەڵكوو نەدەگەیشتە سێ یەكی كۆی كوردەكانی ئەو سەردەمە.

دیارە ئەگەرچی ئامارێكی تایبەت بە ژمارەی كوردەكان و ئەوانەی دژایەتیی سیاسەتی خەلیفەیان كردووە بەردەست نییە و هیچ سەرژمێرییەك لەو سەردەمەدا نەكراوە، بەڵام گومانی تێدا نییە، ئەوانەی ئەم هەڵوێستەیان وەرگرت زۆرینە نەبوون. بەڵگەش بۆ ئەوە، دۆخی خراپی كوردەكان بوو لە سەردەمی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی و پەراوێزخستنیان وەك لە باسەكانی پێشوودا تیشكمان خستە سەر.

واتە بەهۆی ئەوەی دەوڵەتی نوێ كۆتایی بە دەوڵەتی پێشوو هێنابوو، كە كورد و نەتەوە ناعەرەبەكانی دەچەوساندەوە، دژایەتیكردنی باش نەبوو، چونكە تا ئەوكاتیش بەشێك لە كوردەكان پێیان وابوو دەكرێت ئەم دەوڵەتە دۆخی كورد و پێكهاتەكانی دیكە لەبەرچاو بگرێت و لە ماف و پاداشتەكان بێبەشیان نەكات، بۆیە ئەوانەی كەوتنە دژایەتیكردنی، بەشێكیان ئەوانە بوون كە لایەنگری (ئەبوموسلیمی خۆراسانی) بوون.

بەشێكی دیكەیشیان ئەوانە بوون كە پشتیوانییان لە مامی خەلیفە كرد، لەپاڵ ئەوانەی لە لایەنگرانی شیعە و كۆمەڵەی خەواریج بوون. بە هەموو ئەوانەشەوە رێژەی نەیارانی خەلیفە و دەوڵەت لە كوردەكان نەگەیشتە نیوەی كۆی ژمارەی كوردەكان لەو سەردەمەدا. بەتایبەت دوای ئەوەی ژمارەی ئەو كوردانەی لە پەیڕەوانی ئایینەكانی (ئێزدی، كاكەیی، جوو، زەردەشتی، مەسیحی، مانی، مەزدەكی) بوون، زۆر نەبوون. ئەمەو (جووەكان و مەسیحییەكان)یش لە بەرامبەر (باجی جزیە) بە دەوڵەت، خۆیان لە هەر گرژی و توندوتیژی بەرامبەر دەوڵەت پاراست.

خودی عەباسییەكانیش لە قۆناغی یەكەمدا جیاكاریی ئایینی نەهێنایە گۆڕێ، تا كێشەیەكی دیكە بۆ خۆی دروست نەكات، بۆیە كاتێك دەوڵەت و خودی خەلیفە كێشەی بۆ ئەوان دروست نەكرد، ئەوانیش پەرچەكرداریان نەبوو. بەم هۆیانەشەوە تێڕوانینی كوردەكان بۆ خەلیفە و دەوڵەتەكەی جیاواز و یەكگرتوو و كۆك نەبوو. ئەوەش وای كرد، نەك ئەوانی بە سەركەوتن نەگەیاند، خەلیفە و دەوڵەتەكەشی لەئاست ئەواندا بەهێزتر كرد.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.