ئەمڕۆ 4\2\2023 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی، لەتۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک لەبارەی (دیالۆگی کۆمەڵ و رۆمان) بۆ نوسەر و رۆژنامەنوس هونەر ئۆسمان بەڕێوەچوو..
ناوبراو، لە سیمینارەکەدا بە وردی چەمکەکانی جڤاک و رۆمان و شار و شۆڕشی کوردی شیکردەوەو پێیوابوو کە جڤاکی کوردی و کوردستان نەگەیشتونتە ئەو ئاستەی کە خاوەنی رۆمان بن، چونکە رۆمان پێویستیەکی مۆدێرنەو کچی شارە، بەڵام لە کوردستان شار بە ماناکەی خۆی بونی نیە..
پێشیوابوو ئەو بیر و عەقڵیەتەی لەناو کوردا زاڵە عەقڵەتێکی فیوداڵی و دواکەوتوە، بۆیە کورد نەگەیشتوە بە ئامانجەکانی خۆی، بە تایبەت بۆ درۆستکردنی نەتەوەو دەوڵەت...
ناوبراو باسی لە پەرتەوازەیی میلەتی کورد کرد، کە بەردەوام بەهۆی پەرتەوازەیی و ناکۆکی و خیانەتەوە، نەبۆتە نەتەوەو دەوڵەت. لەو چوارچێوەیەدا ناوبراو پێیوابوو پێویستە ئەحمەدی خانی هاوشێوەی ماکیاڤیلی کورد سەیر بکرێت، چونکە زیاتر لە سێ سەد ساڵ لەمەوبەر باسی لە یەکبونی کوردانی کردوە، بەڵام بەداخەوە ئێستاش دوای سێ سەد ساڵ کورد هەر یەک نیە...
دوای تەواوبونی قسەکانی هونەر ئۆسمان، لەلایەن ئامادەبوانەوە گفتوگۆی بابەتەکە کرا...