سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

هەڵگەڕانەوەی كورد لە خەلیفە ئەبوجەعفەری مەنسوور

23/02/2023



كەیوان ئازاد  

لەنێو ئەو كوردانەی لە خەلیفە (ئەبوجەعفەری مەنسوور) هەڵگەڕانەوە، بنەماڵە و خزم و لایەنگرانی (ئەبوموسلیمی خۆراسانی) بوون. واتە ئەوانە بوون، كە بۆ ماوەی (حەوت) ساڵ زێد و ناوچە و هەرێمەكەیان خستە خزمەت سەركەوتنی بانگەشەی عەباسییەكان. دواتر بۆ ماوەی (پێنج) ساڵ لەپشت سەری سەركردەكەیانەوە مانەوە و وەستان و شێلگیرانە پشتیوانییان لێی كرد، بەڵام كاتێك لەلایەن ئەو خەلیفەیەوە كوژرا، ئەوانی تووڕە كرد و هەر پۆلە لە شوێنێكی هەرێمی خۆراسان و ناوچەكانی خۆرهەڵاتی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی، دژ بە كارەكەی خەلیفە و كاردانەوەی بەرامبەر گەورەكەیان ڕاپەڕین و ڕووبەڕووی خەلیفە و دەوڵەتی خەلافەت وەستان.

بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەوان دوای (ئەبوموسلیمی خۆراسانی) خاوەنی سەركردەیەكی دیار نەبوون، بۆیە هەوڵەكان پەرتەوازە و بێبەرنامە بوون. هەر بۆیە كوردەكان پشتیوانییان لە هەر بزووتنەوە و ڕاپەڕینێك كرد، كە دژایەتیی ئەو دەوڵەتە بكات. لەنێو ئەوانیش دەكرێت ئاماژە بە دیارترین ئەو ڕاپەڕینانە بكەین، كە ڕووبەڕووی خەلیفە و دەسەڵاتەكەی بووەەوە:

ا- ڕاپەڕینی سنباز (137ك-754ز):

- (سنباز) خاوەن موڵكێكی زەردەشتیی گوندی (ئاهەن)ی سەر بە شاری (نیشاپوور)ی هەرێمی خۆراسان بوو، كە دوای هەواڵی كوژرانی هاوڕێ سەركردەكەی (ئەبو موسلیمی خۆراسانی)، بە مەبەستی تۆڵەكردنەوەی، دەستی دایە ڕاپەڕین. سەرەتاش ڕاپەڕینەكە لە گوندی (ئاهەن)ەوە بەرەو شاری (نیشاپوور) دەستی پێكرد. زۆری نەخایاند زۆرینەی ناوچەكانی (خۆراسان، تەبەرستان، دەیلەمستان)ی گرتەوە و خاوەن موڵك و پەیڕەوانی زەردەشتی پەیوەندییان پێوە كرد.

كاتێكیش هەواڵی ئەو ڕاپەڕینە گەیشتە (ئەبوجەعفەری مەنسوور)، سوپایەكی لەژێر سەركردایەتیی (عومەری كوڕی عەلا) ڕەوانەی مەڵبەندی ڕاپەڕینەكە كرد، بەڵام بەهۆی بەرفراوانی دەسەڵاتەكەی (سنباز) و ڕاپەرینەكەی و بەهێزیی دەزگای بەڕێوەبردنەكەی، ئەو شاڵاوەی عەباسییەكان تێكشكا و پاشەكشەی پێ كرا. دواتر خەلیفە سوپایەكی دیكەی لەژێر سەركردایەتیی (جومهوری كوڕی مراری عەجەلی) ناردە سەریان. ئەم سوپایەش دوای (حەفتا ڕۆژ) شەڕ و ململانێ، لە شوێنێك بە ناوی (گورگنبان) لەنێوان (ڕەی و هەمەدان) بەسەر سوپاكەی (سنباز)دا سەر كەوت و ژمارەیەكی زۆری لێ كوشتن. بەوەش ڕاپەرینەكە تێكشكا و كۆتایی پێ هات.

سەركردەكەشی دوای دەربازبوونی لە بەرەی شەڕ، بۆ هەرێمی تەبەرستان رایكرد و لەلایەن (ئەسپەهید) دەسەڵاتداری ئەو هەرێمەوە پێشوازیی لێ كرا و داڵدە درا. هۆیەكەش ئەو ەبوو (ئەسپەهید) نەیاری دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی بوو، بۆیە ویستی بە داڵدەدانی (سبناز) جارێكی دیكە لە دژی دەوڵەتەكە بەكاری بهێنێتەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، چونكە خودی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی لەگەڵیدا رێك كەوت و ڕێككەوتننامەی ئاشتیی واژۆ كرد.

ب- ڕاپەڕینی ئیسحاقی توركی (137ك- 754ز):

- (ئیسحاق)یش باوەڕدارێكی زەردەشتی و هاوەڵێكی (ئەبوموسلیمی خۆراسانی) لە هەرێمی توركستان، كە دوای بیستنی هەواڵی كوژرانی هاوڕێ سەركردەكەی، دەستی دایە ڕاپەڕین. بەو پێیەشی یەكێك بوو لە پەیڕەوانی ئایینی زەردەشتی، بۆیە ڕاپەڕینەكەی بە بیروباوەڕی زەردەشتی دژایەتیی خەلیفە و دەوڵەتی خەلافەتی عەباسیی كرد. كاتێكیش (ئەبوجەعفەری مەنسوور) بەو هەواڵەی زانی داوای لە (خالیدی كوڕی ئیبراهیمی زەهلی) والیی خۆراسان كرد ڕووبەڕووی بێتەوە.

هەروەها پێ ڕاگەیاند، كە لە هەموو كەموكوڕییەكانی دەبوورێت و تەنانەت خەڵاتیشی دەكات، بەو مەرجەی لە ڕاپەڕینەكە بدات. (خالید)یش بە بەڵێنەكانی خەلیفە قایل بوو و بە سوپایەكی بەهێزەوە پەلاماری سنووری دەسەڵاتی (ئیسحاق)ی دا، بەڵام سوپاكەی تێكشكا و خۆیشی لە گۆڕەپانی شەڕدا كوژرا. كاتێكیش هەواڵی ئەم شكستە گەیشتە خەلیفە، سوپایەكی دیكەی ناردە سەری و فرمانی پێ كرد، بە هەر جۆرێكە كۆتایی پێ بهێنێت. ئەوە بوو دوای چەند بەرەنگاربوونەوەیەك (ئیسحاق) بە پیلانێك كرایە ئامانج و كوژرا و بە كوژرانیشی كۆتایی بە ڕاپەڕینەكە هات.

ج- ڕاپەڕینی ئوستاسیز (150ك- 767ز):

- (ئوستاسیز) یەكێك بوو لە فەرماندەكانی (ئەبوموسلیمی خۆراسانی) لە ناوچەی (بادغیس). ئەمەو یەكێكیش بوو لە هاوەڵانی و پشتیوانەكانی لە كاتی ویلایەتی (ئەبوموسلیمی خۆراسانی) لە هەرێمەكانی خۆراسان و چیا، لە ساڵانی (132-137ك/ 750-755ز)دا. هەر بۆیە دوای بیستنی هەواڵی كوژرانی فەرماندە و هاوڕێكەی، بە ئومێدی تۆڵەكردنەوەی دەستی كرد بە راپەڕین. سەرەتاش لەو ناوچەیەوە دەستی پێكرد، كە لەلایەن فەرماندەكەیەوە وەك فەرمانڕەوای ناوچەكە دانرابوو. زۆری نەخایاند، خەڵكێكی زۆر لە دانیشتوانی ناوچەكانی (هیرات، سیستان، مەروئەلروز) پەیوەندییان پێوە كرد.

واش باس كراوە، ژمارەی لایەنگرانی گەیشتووەتە (سێ سەد هەزار) كەس. كاتێكیش هەواڵی ئەو ڕاپەڕینە گەیشتە خەلیفە (ئەبوجەعفەری مەنسوور)، نیگەران و تووڕە بوو، بۆیە سوپایەكی لەژێر سەركردایەتیی (ئەجشەمی مروروزی) ئاراستەی مەڵبەندی ڕاپەڕینەكە كرد. (ئەجشەم)یش دوای گەیشتنی بە ناوچەكە و ڕووبەڕووی هێزەكەی (ئوستاسیز) بووەوە. شەڕەكەش بە شكستی سوپاكەی و كوژرانی بەشێك لە فەرماندەكانی هێزەكەی لەوانە (مەعازی كوڕی موسلیم، جوبڕەئیلی كوڕی یەحیا، حەمادی كوڕی عەمرۆ، ئەبو نەجمی سەجستانی، داودی كوڕی كرار) كۆتایی هات، بۆیە ناچار بە پاشەكشە كرا.

ئەوەش دەرفەتێكی باش و گەورەیان دایە دەست (ئوستاسیز) و لایەنگرانی، زۆربەی هەرێمی خۆراسان لە بندەستی عەباسییەكان دەربهێنن. تەنانەت دانیشتوانی (مروالروز)ی خۆراسان، كە لە لایەنگرانی خەلیفە بوون، پەیوەندییان پێوە كرد. ئەو شكستە گەورەیەشی دووچاری عەباسییەكان هات، خەلیفەیان تەواو نیگەران كرد، بۆیە داوای لە (مەهدی)ی كوڕی كرد، خۆی سەرپەرشتیی دامركاندنەوەی راپەڕینەكە بكات. ئەویش سوپایەكی لەژێر سەركردایەتیی (حازمی كوڕی خەزیمە)، یەكێك لە دیارترین فەرماندەكانی عەباسی ناردە سەر جووڵانەوەكە.

(حازم)یش بە هاوكاریی سێ لە گەورە سەركردەكانی عەباسی (هەیسەمی كوڕی شوعبە، نەهاری كوڕی جەحینی سەعدی، بوكاری كوڕی سەلمی عەقیلی) ڕووبەڕووی ڕاپەڕینەكە بووەوە. لە بەرامبەردا (جەریش)ی سەركردەی سوپاكەی (ئوستاسیز) بە سەختی سوپای خەلیفەی شكاند، بەڵام گەیشتنی یارمەتییەكی زۆر بۆ سوپای عەباسییەكان لەو سنوورە، ڕووداوەكانی پێچەوانە كردەوە. ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە سوپاكەی (ئوستاسیز) كوژران و ژمارەیەكی دیكەیشیان لێ بەدیل گیران. (ئوستازسیز)یش دوای دەربازبوونی لە گۆڕەپانی شەڕەكە، بەرەو چیایەك لە شارۆچكەی (نەفەر)ی خۆرهەڵاتی بادغیس هەڵات، بەڵام دواتر بەدیل گیرا و ڕەوانەی لای (مەهدی) كرا. ئەویش ناردییە لای خەلیفە و دوای دادگایكردنی بە تۆمەتی یاخیبوون لە خەلافەت و زەندەقەبوون، لە ساڵی (151ك- 767ز) كوژرا. بەوەش ڕاپەڕینەكە كۆتایی هات.

ئەم ڕاپەڕینانە دیارترینی ئەو هەوڵانە بوون، لەلایەن لایەنگرانی (ئەبوموسلیمی خۆراسانی) ئەنجام دران و ئامانجیان تۆڵەكردنەوەی خوێنی سەركردەكەیان بوو، بەڵام هەموویان ڕووبەڕووی شكست بوونەوە. لەو ڕاپەڕینانەشدا (كورد) پێكهاتەیەكی سەرەكی بوو، بێ ئەوەی سەركردایەتیی هیچ یەك لەو ڕاپەرینانە بكات.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.