سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بەشداریی كورد لە ڕاپەڕینەكانی خەواریجدا

پێش 4 هەفتە



كەیوان ئازاد

هەوڵێكی دیكەی كورد بۆ دژایەتیی سیاسەتەكانی خەلیفە (ئەبوجەعفەری مەنسوور) بەشداریی بوو لە چەند ڕاپەڕین و بزووتنەوەی چەكداریی كۆمەڵەی خەواریج. ئەو كۆمەڵەیەی هەر لە سەرەتاوە دژایەتیی دەوڵەتانی خەلافەتی ڕاشدی و ئومەوییان كرد و بە بەرنامەیەكی تایبەتەوە هاتنە مەیدان، تا بە دژایەتیی دەوڵەتی نوێش دەگات.

تەنانەت نەچوونە ژێر باری داوا و سیاسەتی خەلیفەكانی ئەم دەوڵەتە و پشتیوانیشیان لە بنیاتنانی دەوڵەتەكەیان نەكرد.

تەنانەت لە كاتی هەوڵەكانی بنەماڵەی عەباسی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، هیچ جۆرە پشتگیرییەكیان نەكردن، وەك ئەوەی شیعەكان و بەشێك لە كوردەكان كردییان. هەر بۆیە هەڵوێستی ئەوان لە شیعە و ئەو بەشەی كوردەكان ڕوونتر و ڕاستتر بوو لە هەوڵی ئەوان، بەهۆی ئەوەی كارێكیان نەكرد دواتر لێی پەشیمان ببنەوە. ئەوەش وای كرد زووتر دەست بدەنە ڕاپەڕین و ڕووبەڕووی سیاسەتەكانی دەوڵەتی نوێ ببنەوە.

جیاوازیی ئەمانیش لە كۆمەڵە و پێكهاتەكانی دیكەی سەردەمەكە ئەوە بوو كە سنووری چالاكییان فراوانتر بوو، بەوەی لە چەندین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسییەوە دەستیان دایە ڕاپەڕین. هەر لە هەرێمی سیستان و تەبەرستان لەوپەڕی خۆرهەڵات، تا بە مەغریبی عەرەبی دەگات لەوپەڕی خۆرئاوا. هەروەها لە هەرێمی ئەرمەنستان و جزیرەوە لەوپەڕی باكوور، تا بە ناوچەی یەمەن دەگات لەوپەڕی باشوور.

لەنێو ئەو ناوچانەی كوردەكانیش بوونە بەشێكی سەرەكیی ڕاپەڕین و جووڵانەوەكانیان، هەرێمی جزیرەی كوردنشین بوو، لەپاڵ هەرێمی ئەرمەنستان، كە بەشێكی دانیشتوانەكەی كورد بوون. ئەو هەرێمانەی مەڵبەندی چەندین ڕاپەڕینی چەكداریی كۆمەڵەی خەواریج بوون، دژ بە دەسەڵاتدارانی عەباسی. لەنێو ئەو ڕاپەڕین و جووڵانەوانەیشی، كە كوردەكان بەشدارییان تێدا كرد، ئەمانەی خوارەوە بوون:

ا- ڕاپەڕینی (بریكە كوڕی حەمیدی شەیبیانی)

ئەو ڕاپەڕینە ساڵی (138ك/ 755ز) لەلایەن (بریكە كوڕی حەمید) سەرۆكی هۆزی شەیبانی عەرەبی سەركردایەتیی كرا و لە هەرێمی جزیرەوە ڕووبەڕووی دەسەڵاتدارانی عەباسی بووەوە. لەم ڕاپەڕینەشدا سەرباری كورد، بەشێك لە لایەنگرانی بنەماڵەی ئومەوی بەشدارییان تێدا كرد. بەو هیوایە بە دەوڵەتەكەیان بگەنەوە، بەڵام لەلایەن عەباسییەكانەوە زۆر بە توندی لێی درا.

ب- ڕاپەڕینی (موسافیری كوڕی كەسیری شەیبانی)

ئەم ڕاپەڕینەش لە هەمان ساڵ و هاوكات لەگەڵ ڕاپەڕینەكەی پێشوو، لەلایەن (موسافیر كوڕی كەسیر) سەرۆكی هۆزی شەیبان لە هەرێمی ئەرمەنستان ڕووبەڕووی دەسەڵاتدارانی عەباسی بووەوە. تێیدا جگە لەو هۆزە، بەشێك لە كوردەكانی ئەو هەرێمەش چوونە پاڵی، بەڵام دوای چەند مانگێك بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوە، دواجار لەلایەن عەباسییەكانەوە لێی درا و شكستی پێ هێنرا.

ج- ڕاپەڕینی (مولەبەد كوڕی حەرمەلەی شەیبانی)

ئەم ڕاپەڕینەش هەمان ساڵ و دوای شكستی ڕاپەڕینەكەی (بریكە كوڕی حەمیدی شەیبانی) لە هەرێمی جزیرە دەستی پێكرد و لەلایەن (مولەبەد) یەكێك لە سەرۆك تیرەكانی هۆزی شەیبان سەركردایەتیی كرا. لەم ڕاپەڕینەشدا سەرباری كوردەكان، هۆزی ڕەبیعەی عەرەبیش چوونە پاڵیان و وەك باسكراوە. نزیكەی (1250) كەس پشتیوانی بوون، بەڵام سەرباری ئەوەش بە شكست دوایی هات و لەلایەن هێزێكی سوپای عەباسییەكانەوە لێی درا.

د- ڕاپەڕینی (عەتیە كوڕی بەعسری تەغلووبی)

ئەم ڕاپەڕینەش ساڵی (139ك- 756ز) لەلایەن (عەتیە كوڕی بەعسر) سەرۆكی هۆزی تەغلوبی عەرەبی لە هەرێمی جزیرە دژ بە سیاستەكانی خەلیفە (ئەبوجەعفەری مەنسوور) دەستی پێكرد و لە شاری (مووسڵ)ەوە بلێسەی سەند. ئەوەش دوای ئەوەی فەرمانڕەوای شارەكەیان دەركرد و خودی (عەتیە) كاروباری شارەكەی بەدەستەوە گرت. دوای ماوەیەكیش، سنووری دەسەڵاتی گەیشتە دەوروبەری شارەكە، بەڵام دوای چەند پێكدانێك بەرامبەر سوپای عەباسییەكان (عەتیە) كوژرا و ڕاپەڕینەكەش كۆتایی هات. لە بەرامبەردا سوپای عەباسییەكان تۆڵەی خۆیان لە دانیشتوانی شارەكە كردەوە، كە زۆرینەی داینشتوانەكەی كورد بوون.

هـ- ڕاپەڕینی (حەسانی هەمەدانی)

ڕاپەڕینێكی دیكەی كۆمەڵەی خەواریج بوو لە هەرێمی جزیرەوە دەستی پێكرد و لەلایەن كەسایەتییەكی شاری (هەمەدان) لە كۆمەڵەی خەواریج سەركردایەتیی كرا. هەندێك لە سەرچاوەكانیش باس لە كوردبوونی (حەسان) دەكەن، بەڵام ئەو وەك سەركردەیەكی خەواریج دەستی دایە ڕاپەڕین، نەوەك كوردێك و لەبەر داوا و مافی هاونەتەوەكانی دەستی دابێتە ڕاپەڕین. بەڵگەش بۆ ئەوە، دوای شكستی ڕاپەڕینەكەی (عەتیە) دەستی دایە ڕاپەڕین و ئامانجیشی تۆڵەكردنەوەی كوژرانی (عەتیە) بوو.

هەروەها تۆڵەكردنەوەشی بوو لە كاردانەوەی فەرماندە و سوپای عەباسییەكان، دەرحەق بە دانیشتوانی شاری (مووسڵ). هەر بۆیە كاتێك بە هێزەكەیەوە گەمارۆی شاری (مووسڵ)یان دا و دەستی بەسەردا گرت، سەرجەم ئەو ماڵ و گەنجینانەی تاڵان كرد، كە بۆ دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی و والی و بەپرسانی شارەكە و لایەنگرانی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی دەگەڕایەوە. ئەمەو جگە لەوەی بازاڕی شارەكەشی سووتاند، تا شتێكی وا بۆ دەوڵەت نەمێنێتەوە. لەوانەشە ئەوەی لەبەرچاو بووبێت، كە دەسەڵاتدارانی عەباسی هەر دەگەنەوە شارەكە و دەستی بەسەردا دەگرنەوە. ڕووداوەكەش وا دەرچوو، بەوەی هێزێكی عەباسییەكان ڕووبەڕوویان بوونەوە، كە لەلایەن خودی خەلیفەوە ئاراستەی كرا. ئەوەبوو دوای شەڕێكی سەخت، (حەسان) كوژرا و ڕاپەڕینەكەشی دامركایەوە.

سەرهەڵدانی یەك لە دوا یەكی ئەو زنجیرە ڕاپەڕینانەی كۆمەڵەی خەواریج لە سەردەمی دووەمین خەلیفەی عەباسی و دواتر شكستی هەریەك لەوان، ئەوەی پیشان دا، كە ئەو دەوڵەتە دەنگی هەموو پێكهاتە و ئایینەكان نییە. ئەمەو هەمووشیان بەو سیاسەتانەی خەلیفەی عەباسی ڕازی نەبوون، كە لە ماوەی دەسەڵاتیدا كاری لەسەر كرد و وەك (مەنسوور) واتە (سەركەوتوو) ناسرا. هەروەها لێدانی هەریەك لەو ڕاپەڕینانەش ئەو مانایەی گەیاند، كە عەباسییەكان بە هێزێكی پۆڵایین ڕووبەڕووی نەیارەكانیان وەستان و لە هیچ كەس و لایەن و پێكهاتەیەك خۆش نەبوون، كە ملكەچی دەسەڵات و سیاسەتەكانیان نەبوون.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.