سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

تێڕوانینی كورد بۆ خەلیفە محەمەدی مەهدیی عەباسی

پێش 3 هەفتە



كەیوان ئازاد  

لەسەر تێڕوانینی كورد بۆ (خەلیفە مەهدیی عەباسی)، شتێكی وەها بەردەست نییە و زۆر كەم لەنێو سەرچاوە زۆر و بێشومارەكانی مێژوونووسان و توێژەرانی عەرەبی و ئیسلامی و ئەرمەنی و ئاسووری و خۆرهەڵاتناسان، باسی لێوە كراوە، بەڵام ئەوەندە زانراوە، كە كورد لەم سەردەمەشدا وەك سەردەمی باوكی (ئەبوجەعفەری مەنسوور) بەسەر (سێ) بەرەی جیاوازدا دابەش بوون.

پۆلی یەكەم، لایەنگرانی دەوڵەت و خەلافەت بوون، كە ئەمانە لە بۆتەی كۆمەڵگای خەلافەتی عەباسیدا توانەوە و بێ ناونیشان مان، چونكە نە ڕۆڵیان پێ درا و نە باس لە هەڵوێستە ئەرێنییەكانیان بۆ بنەماڵە و دەوڵەتەكە كرا. پۆلی دووەمیش بەهۆی باوەڕی ئایینییانەوە، كە لە پەیڕەوانی (بتپەرست، ئێزدی، كاكەیی، مانی، مەزدەك، زەردەشتی) بوون، خرانە بەرەی زەندیقەكانەوە و وەك زەندیق لەلایەن دەزگای زەندەقەوە دژایەتی كران و ئەوانەی بەر دەست كەوتن سزا دران. بەو هۆیەشەوە لەنێو كوردەكان كەسانی دیار و هەڵكەوتوو كەم بوون، بۆیە ئەو پۆلەش بە نەناسراوی خرایە لاپەڕەكانی مێژووەوە.

هەرچی پۆلی سێیەمە ئەوانە بوون كە بەشداریی ئەو ڕاپەڕین و جووڵانەوانەیان كرد، كە دژ بە خەلیفە و دەوڵەتەكە بەرپا بوون، ئەم پۆلەش وەك بەشداربوو لەنێو ڕاپەڕین و جووڵانەوەكانی ئەو سەردەمەدا توانەوە، چونكە هیچ یەك لەوان ڕابەرایەتیی ڕاپەڕین، یان جووڵانەوەیەكیان نەكرد. هەر بۆیە لەنێو ئەو (سێ) پۆلەی كورددا، تەنیا ئاوڕ لە دیارترین ئەو ڕاپەڕین و جووڵانەوانە ئەدەینەوە، كە كورد بەشداریی تێدا كرد. ئەوانیش ئەمانەی خوارەوە بوون:

1- ڕاپەڕینی (موقەنەعی خۆراسانی 160ك- 776ز): (موقەنەع) كەسایەتییەكی گوندێكی نزیك شاری (مەرۆ)ی هەرێمی خۆراسان و یەكێك بوو لە فەرماندە و هاوڕێ نزیكەكانی (ئەبوو موسلیمی خۆراسانی)، بەڵام هەوڵەكەی بۆ تۆڵەكردنەوەی خوێنی فەرماندەكەی كەوتە سەردەمی خەلیفە (محەمەدی مەهدی)، چونكە لەلایەن بەرپرسانی عەباسییەوە دەستگیر كرا.

كاتێكیش ئازاد كرا و ماوەی زیندانییەكەی تەواو بوو، گیران و ئەشكەنجەدانی زیندان كاری لێ نەكرد، بۆیە ساڵی (160ك/ 776ز) سەركردایەتیی ڕاپەرێنێكی دژ بە دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی كرد. سەرەتاش لە قەڵاكانی (بەسیام، سەنجردە، كیش) ڕووبەڕووی دەوڵەت بووەوە و ژمارەیەكی زۆر لە پەیڕەوانی مانی پەیوەندییان پێوە كرد. لەم نێوەندەشدا كوردەكان لە پەیڕەوانی مانی و بەشێك لە سەرۆكی بنەماڵە و تیرەكانی كورد، پەیوەندییان پێوە كرد و پشتیوانییان بۆ دەربڕی. كاتێكیش ڕووبەڕووی سوپای عەباسییەكان بووەوە، مزگەوتەكانی سەرە ڕێگای شاڵاوەكانی وێران كرد و ژمارەیەكی زۆریشی لە موسڵمانەكان كوشت، ئەوەش كاردانەوەی توندی موسڵمانەكانی لێ كەوتەوە و داوایان لە خەلیفە (محەمەدی مەهدی) كرد، كۆتایی بە خۆی و ڕاپەڕینەكەی بهێنێت.

بۆ ئەم مەبەستەش، خەلیفە سوپایەكی ناردە سەری و بڕیاری لێدانی دا، بەڵام تا (چوار) ساڵ نەیتوانی شكست بە ڕاپەڕینەكەی بهێنێت. دواجار خەلیفە ناچار بوو سوپایەكی دیكە بە سەركردایەتیی یەكێك لە فەرماندە دیارەكانی دەوڵەتەكەی بە ناوی (سەعید ئەلجەرشی) بنێرێتە ناوچەی ڕاپەڕینەكە. دوای ململانێیەكی توندیش لەگەڵ هێزەكەی (موقەنەع)، شكستی پێ هێنا و خودی (موقەنەع)یش لە ساڵی (163ك/ 779ز) كەوتە دەست (سەعید) و كوژرا. دوای كوژرانیشی، كەللەسەرەكەی بەدیاری نێردرایە لای خەلیفە، كە ئەوكات لە شاری (حەلەب) بوو. بە كوژرانی سەركردەكەش ڕاپەڕینەكە دامركایەوە.

ا- ڕاپەڕینی (عەبدولسەلامی یەشكری): ئەم ڕاپەڕینەش لە ساڵی (161ك/777ز) و لە هەرێمی جزیرە لەلایەن (عەبدولسەلامی كوڕی هاشمی یەشكری) سەركردایەتی كرا و ڕووبەڕووی عەباسییەكان بووەوه. مەڵبەندی دەستپێكردنی ڕاپەڕینەكەش شاری (حەلەب) بوو. دواتر بۆ شاری (قنسرین) گوزارایەوە، چونكە شاری (حەلەب) مەترسیی شاڵاوی عەباسییەكانی كەوتە سەر. بەو حاڵەشەوە بۆ ماوەی (دوو) ساڵ بەردەوام و بەرامبەر سوپای عەباسییەكان وەستا، بەڵام دواجار و لە شەڕێكی ڕووبەڕووبوونەوەدا لە ساڵی (162ك/778ز) لەنزیك (قنسرین) كوژرا. بەوەش لایەنگرانی پەرتەوازە بوون و ڕاپەڕینەكە كۆتایی پێ هات. لەو ڕاپەڕینەشدا بەشێك لە كوردەكانی سنووری جزیرە بەتایبەت سەرۆكی بەشێك لە هۆز و بنەماڵەكانی هەزبانی و حەمیدی پشتیوانیی لەو ڕاپەڕینە كرد.

ب- ڕاپەڕینی (یاسینی تەمیمی): ئەم ڕاپەڕینەش لە ساڵی (166ك/ 782ز) و لە شاری (مووسڵ) لەلایەن (یاسین كوڕی محەمەد) سەرۆك هۆزی تەمیمی عەرەبی ڕابەرایەتیی كرا. سەرەتاش (یاسین) توانیی بەرپرس و لایەنگرانی عەباسی لە شارەكە دەربكات. لەم هەوڵەشدا بەشێك لە كوردەكانی شاری (مووسڵ) و دەوروبەری هاوكارییان كرد و پشتیوانیی ئەو سەرۆك هۆزە عەرەبییە بوون لە شارەكە. كاتێكیش ئەو هەواڵە گەیشتە خەلیفە، سوپایەكی بە سەركردایەتیی (محەمەد كوڕی فەرووخ) ناردە سەریان. ئەوەبوو دوای گەمارۆدانی شارەكە و كوشتنی (یاسین) لە كاتی بەرگریكردكردن لە شارەكە، كۆتایی بە ڕاپەڕینەكە هات.

دواتر عەباسییەكان چوونە نێو شارەكە و كەوتنە گرتنی هەموو ئەوانەی پشتیوانییان لە (یاسین) و ڕاپەڕینەكەی كردبوو. هەروەها كەوتنە تاڵانكردنی سەروو ماڵیان و بردنی ژن و كچ و منداڵەكانیان بە كەنیزەك و كۆیلە بۆ دەوڵەت. بەهۆی بەشداریی كوردیش لەو ڕاپەڕینە و پشتیوانیی لە سەركردەكەی، دەیان خێزانی كورد بوونە قوربانی و دەیان كچ و ژنی كورد كرانە كەنیزەكی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی.

ج- ڕاپەڕینی (حەمزەی كوڕی مالیكی خوزاعی): ئەم ڕاپەڕینەش لەلایەن (حەمزە كوڕی مالیك) سەرۆكی هۆزی خوزاعەی عەرەبی لە هەرێمی جزیرە دەستی پێكرد. بەهۆی پەیوەندیی ژن و ژنخوازیی ئەو هۆزەش لەگەڵ كوردەكانی هەرێمەكە، بەشێك لە تیرە و هۆزەكانی كورد لەو هەرێمە بوونە پشتیوانی ئەو سەرۆك هۆزە عەرەبییە و بەشدارییان لە ڕاپەرینەكەیدا كرد. بەو هۆیەشەوە ساڵی (169ك/ 785ز) دەستی بەسەر شاری (مووسڵ)دا گرت و بۆ ماوەی چەند مانگێك كاروباری شارەكەی بەڕێوە برد. لەم نێوەندەشدا ئەو كوردانەی شاری (مووسڵ)، كە بەدەست بەرپرسانی عەباسی و هۆز و تیرە لایەنگرەكانیان چەشتبوویان، پشتیوانییان لێ كرد و هاوكاریی بەڕێوەبردنی شارەكە و لێدانی بەرپرسانی عەباسی و لایەنگرانیان كرد، بەڵام بەهۆی كوژرانی (حەمزە) لەلایەن یەكێك لە نزیكەكانی خۆیەوە، بە پیلانێكی بەرپرسانی عەباسی، كۆتایی بەم ڕاپەڕینەش هات.

لێرەوە ئەو بەشەی كوردەكان، كە لە هەرێمی جزیرە و شاری مووسڵ و دەوروبەری نیشتەجێ بوون و لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی (دوو) خەلیفەكەی پێشوو بوونەوە، كۆڵیان نەدا و پشتیوانییان لەو راپەڕینانە كرد، كە هیچ یەك لەوان كورد نەبوون. ئەوەش لەیاد نەكەین كە چەندین ڕاپەرینی دیكە لە ناوچە جیاجیاكانی دەوڵەت دژ بە عەباسییەكان ئەنجام درا، بەڵام هێندەی ڕاپەرینەكانی هەرێمی جزیرە و ناوچەی مووسڵ، كاریگەرییان نەبوو.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.