بارزان شێخ عوسمان
ئاگاداری ئەوەنەبوم كاك بەهزاد مزوریی چی نوسیوە و وەڵامی كێی داوەتەوە،بەڵام بە هۆی ئەو هەلڵاو های و هاوارە درۆزنانە و سیاسییانەی دەموچاوە قێزەونەكانی حزبە ئیسلامچییەكانەوە.ناچار بوم بە دوای ئەسڵی مەسەلەكە بكەوم بزانم ئەوپیاوە ئاینییە كریستانە چی وتوە !وا ئەم ئیسلامچیانە تەواوی میدیاكانی خۆیان و سێبەرەكانیان و مێگەلە بێ ئاگاكانیشیان پڕ كردوە و داوای سزادان و تەمبێ كردنی دەكەن.
بەداخەوە ئەو پیاوە ئاینییە وەك باقی حەوت ملیار زیاتری مرۆڤەكانی سەر زەوی ناچار بوە لە ترسی ژیانی خۆی ئەو كۆمێنتە راست و دروستە بكوژێنێتەوە كە لە وەڵامی یەكێك لە میلیشیا دڕندەكانی ناو میدیا و سۆشیال میدیا و دنیای روناكبیریی نوسیبوی. زۆر گەڕام تەنیا دو رستەم دەست كەوت لە وەڵامەكەی. بۆم ساغ بوەوە كە ئەو میلیشیا دەم پیسە هەستی ئەوی بریندار كردوە و قسەی بە ( Jesus christ )،مەسیح وتوە ئەویش زۆر بە جوانی و هێمنانە نوسیویەتی جیاوازی نێوان پەیامبەران نییە،دیارە زۆری بۆ هێنراوە بۆیە ئەویش ئەو راستییەی ژیانی هاوسەرێتیی محمد پێغەمبەر (ص) نوسیوە كە سەرچاوە ئیسلامییەكان تەئكیدی لەسەر دەكەنەوە و لە كتێبی (أزواج الرسول) و سەدان سەرچاوەی تریش دا بەوردیی باسكراوە.ئەوشتێكی زیاتری نەوتوە و بوختانی نەكردوە كە محمد پێغەمبەر(ص) لە دوای وەفاتی دایكی موسڵمانان (خدیجە)،ئیتر بە بیانوی جیا جیا زیاتر لە نۆ ژنی هێناوە سەرباری كەنیزەكەكانی (ما ملكت ایمانكم). وەك تەواوی سەرچاوەكانی مێژوی ژیانی پێغەمبەر و ئیسلام ئاماژەی بۆ دەكەن، (زەینەب بنت جحش)ی بە هەڵگێڕانەوە لە زیدی كوڕی، (صفیەكچی حی بن ئەختەب) بە غەنیمەتی جەنگ بونە هاوسەری پەیامبەری ئیسلام،ئەوانیتریش تا حەزرەتی عائشە هەر یەكەیان چیرۆكێكیان هەیە.ئەو برا كریستانە هەر ئەوەندەی نوسیوە بەس نییە (یەسوس) ژنی بەزۆر نەساندوە واتە هاوسەرێتییەكەی زەینەبی كچی جەحش و سەفیەی كچی حی،كە یەكەمیان لە زەیدی سەند بۆ خۆی،سەفیەش دوای كوژرانی باوك و برا و هاوسەرەكەی لە غەزوەی خەیبەر هەمان شەو كردیە ژنی خۆی.
ئەگەر ئەو سەرچاوە ئیسلامییانە راست نین و دەوترێت ئەوە شیعەكان تەحریفیان كردوە، ئیتر گوناهی ئەو كریستانە و ئێمە و مانان چییە لەو شەڕەی نێوان شیعە و سونەدا ببین بە قوربانیی.
ئەگەر ئەو لەشكرە زەبەلاحەی ئیسلامییەكان ئەو كۆمێنتە بە سوكایەتیی بە ژیانی هاوسەرێتیی محمد پێغەمبەر دەزانن، با بچن یەخەی زانایانی ئاینیی شیعە و بەشێكی زۆری سونییەكانیش بگرن.
خاڵێكی تر لەم مەیدانی هەراو هۆریایەی ئیسلامییەكان ئەوەیە كۆمێنتی ئەو برا كریستانە بە سوكایەتیی ناو دەبەن و داوای سزای قورس دەكەن،ئەی باشە رۆژانە خۆیان بە ناوی خودا و قورئان و پەیامبەرەكەیەوە سەدان هەزاردرۆ و دەلەسە ئەكەنە مێشكی خەڵكی ساویلكەوە سوكایەتیی نییە،كە هیچیان بنەمای ئاینییان نییەو سی ساڵ لەمەوبەر هیچ زانایەكی ئاینیی كورد باسیان نەكردوە.ئەی باشە ئەوە سوكایەتیی نییە بە هەستی موسڵمانانی كوردستان كە هیچ كام لە ئیسلامچییەكان بە وشەیەكیش دەستدرێژییەكانی،قاعیدە و ئەنسار و جنودی اسلام و زەرقاوییەكان و داعشیان ئیدانە نەكرد؟!. ئەوە سوكایەتیی نییە كە لەشكری ئیسلامیی ئەردۆگان بە ناوی قورئانەوە بەشێكی كوردی سوریای قڕ كرد و مزگەوت و قورئانی سوتاندن كەچی یەك ئیسلامچی نقەی نەكرد.
هەر خۆی ئەوە سوكایەتییەكی گەورەیە بە هەستی موسڵمانان كە كەسێك لە وەڵامی چەقۆ كێش و شمشێر بەدەستێكی داعش لە پەیج و كەناڵێكدا قسەیەكی كردوە، ژمارەیەكی سنوردار بینویانە،بەڵام ئیسلامچییەكان بۆ سواڵی دەنگ و زیاتر گەمژاندن كردویانە بەو هات و هاوار و قڕە قڕە ژمارەی بینەرەكانیان بۆ ئەو نوسینە زیاتر كرد.
كەی ئیسلامچییەكان توانیان یەك ئیسلامی یەك مانا و یەك تەفسیر پێك بهێنن،ئەوسا دەكرێت بزانرێت ئەوە كێ یە سوكایەتیی بە ئیسلام و پەیامبەرەكەی دەكات؟!.