كوردۆ شابان
ئەو پیاوەی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی بەو ملیۆنان دۆلارە بۆ یانەیەكی سعوودیە كڕی، ئەو پیاوەی دیسكۆ و مەلها لەو وڵاتە دەكاتەوە و پڕۆژەی گەورەی گەشتیاری دروست دەكات، ئەو پیاوەی یانەی گەورەی ئینگلیزی دەكڕێت، نەوەی موحەممەدی كوڕی عەبدولوەهابە و لەگەڵ موحەممەد بن سەلمان، دەیانەوێت بەرگی ئایینی لەبەری سعوودیە دابماڵن و بەرگێكی مۆدێرنی پێ بدەن.
سعوودیە، وڵاتێكە لەسەر بنەمای مەدەنییەت بونیات نەنراوە، بەڵكوو هەر ئەو هۆزانەی كاتی خۆی لەوەڕگەیان هەبوو، ئێستە كایەكانی وڵات بەڕێوە دەبەن: ئال دەروێش، ئال حەمید، ئال ڕەشید، بن لادن، ڕاجیحی، سدێری، جەفالی... لە هەمووشیان باڵادەستتر، بریتین لە ئال سعوود و ئال شێخ.
ئال سعوود، دەگەڕێنەوە بۆ سعوود بن موحەممەد بن مقرن. ئال شێخ، دەگەڕێنەوە بۆ موحەممەد بن عەبدولوهاب. یەكەمیان دامەزرێنەری سێیەمی سعوودیەیە و دووەم دامەزرێنەری بیری سەلەفییەتی نوێیە كە مەزهەبی فیقییهان حەنبەلی بووە و مەزهەبی عەقیدەیان دژە تەسەووف بووە.
ئەم دووە: سعوود و موحەممەد كە یەكێكیان سەرهۆز و ئەوی تر مەلا بووە، پێكەوە بیر لە یەكخستنەوەی دورگەی عەرەبی دەكەن. لەسەر ڕێیاندا، ئەوەی پشتیوان نەبووبێت، قەتڵوعام كراوە. دەبوو هەموو هۆزەكانی ئەو ناوچانەی نیمچەدورگەی عەرەبی، ددان بە باڵادەستیی سعوود بنێن، هەروەها ددان بە مەزهەبەكەی موحەممەد عەبدولوەهاب بنێن، ئەگینا لەناو براون. ئەو ڕكەی شیعە لە وەهابییەكانی هەیە، بەهۆی ئەو قەتڵوعامەی شیعەكانی ئەوێ بووە، ئەو ڕكەی ئەهلی تەسەووفیش لە وەهابییەت، بۆ هەمان هۆكار دەگەڕێتەوە. پێكەوە وڵاتێكی یەك حاكمی و یەك ئایینی و یەك مەزهەبی دادەنێن.
پێكەوە لەسەر ئەوە ڕێك دەكەون، هەتا ئەو وڵاتە هەبێت، سیاسەت هەمووی بۆ ئال سعوودە، بڕیاری ئایینیش هەمووی بۆ ئال شێخە. ئیدی لەو ساتەوە، بە فەتوای موحەممەدی كوڕی عەبدولوەهاب و موبارەكبایی ئینگلیز، دەوڵەتەكە تا ئێستە بەڕێوە دەچێت و موفتی وڵات ئێستەش هەر ئال شێخە.
لە سەردەمە تازەكاندا، ئال شێخ هەوڵیان دا، هەڵبەت بە زیاتر خۆنزیككردنەوە لە ئال سعوود، دەست لە كاروباری سیاسی و شتی تریش بدەن. بۆ نموونە توركی ئال شێخ، ڕاوێژكاری دیوانی پاشایییە كە پلەی وەزیرە، دەستەڕاستی موحەممەد بن سەلمان، جێنشینی پاشایە و سەرۆكی دەستەی گشتیی خۆشڕابواردنە كە یەكێكە لە دامەزراوە زۆر مەزنەكانی ئەو وڵاتە كە بە ملیاران دۆلاری تێدا خەرج دەكرێت. ئەو دەستەیە، یانەی وەرزشی دروست دەكات، یانەی گەورە دەكڕێت، شانۆ و هۆڵی ئاهەنگ دروست دەكات. یاریزانی گەورەی وەك كریستیانۆ دەكڕێت، گۆرانیبێژی گەورەی وەك بیۆنسێ و كازم ساهیر و زۆری تر بە زەبری پارە دەباتە سعوودیە و ئاهەنگیان بۆ دەگێڕێت. وردە گۆرانیبێژ و سەماكاری بۆ دەبات، پاڵەوانییەتی زۆرانبازیی دەبڵیو دەبڵیۆ ئەی تێدا دەكرێت... زۆر شتی تر.
هەڵبەت تاكوتەراش هەبووە فشەیان پێ هاتووە، بۆ نموونە فەیرووز ئامادە نەبووە بە زەبری پارە، بكەوێتە ژێر هەوەسەكانی توركی ئال شێخ و ئاهەنگی لە سعوودیە نەكردووە. یان موحەممەد سوبحی، گەورە شانۆكاری میسری.
بە كورتی، ئێستەش هیچ نەگۆڕاوە، ماڵی سعوود و ماڵی شێخ، هەر خەریكی بەڕێوەبردنی سعوودیەن، بەڵام بە مەزهەبێكی نوێ كە زیاتر ڕۆژئاوا ڕازی دەكات.