نەزەند بەگیخانی
ئێمە كارمان كرد بۆ یەكسانی لە مافدا، نەك بۆ لێكدانی یەكدی و دژایەتیكردنی پیاو
بەپێی چەند راپۆرتێكی نێودەوڵەتی، لەوانە هی ئینیستیتیوتی جان جۆرێس لە پاریس، هەروەها بەپێی گوتەكانی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز لە ٦ـی مارسی ئەمساڵ، مافەكانی ژنان بەمدواییە لە جیهان لەپاشەكشێدان. ئەم پاشەكشێیە تەنیا كوردستان و وڵاتانی موسڵمان ناگرێتەوە، بەڵكو وڵاتانی رۆژئاوایشی گرتووەتەوە.
بەپێی راپۆرتەكان هۆكارەكانی ئەم پاشەكشێیە زۆرن، لەوانەی كە تایبەتن بە وڵاتانی رۆژئاوا، رۆشنایی خراوەتە سەر پەرەسەندنی ئایدیۆلۆژیای راستڕەوە رەگەزپەرست و تووندڕەوە ئایینییەكان و گەیشتنی هەندێ لەوانە بە دەسەڵات. رەگی ئەم پاشەكشێیە دەگەڕێتەوە بۆ چەندەها سەدە لە نێرسالاری كە بە هاتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ دەسەڵات لە ساڵی 2017 و سیاسەتە تووندڕەوەكەی، زیاتر لە جیهان پەرەی سەند. لە وڵاتانی ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناویندا، زاڵبوونی ئەقڵیەتی نێرسالاری و نەبوونی مەعریفەیەكی دروستی جێندەری و گەشەسەندنی ئیسلامی سیاسی لەگەڵ رەوتی خۆپارێزیی دەسەڵاتی سیاسی لە بەرامبەر ئەو وروژمەدا هۆكاری سەرەكیی ئەو پاشەكشێیەن. ئەمانە هیچیان جیاناكرێنەوە لە قەیرانە گەورەكانی سەردەم لە رووی تەكنەلۆژیای مۆدێرن و پیسبوونی ژینگە و گەرمبوونی گۆی زەوی و روودانی كارەساتی سروشتی وەك بوومەلەرزە و لافاو و زریان.
لە ژێر رۆشنایی راپۆرتەكان، پسپۆڕانی نێودەوڵەتی و ئێمەش لە پێگەی خۆمانەوە داوا لە حكومەتەكان و یوئێن و یەكیێتی ئەوروپی دەكەین كە پرسی یەكسانی و مافەكانی ژنان وەك پرسێكی سیاسی و دیپلۆماسی هەژمار بكەن و بێدەنگ نەبن لە بەرامبەر چەواشەكارییەكانی تووندڕەوە ئیسلامی و كاتۆلیكی و رەگەزپەرست و نێرسالارییەكان. سەركردایەتیی سیاسی لە هەموو وڵاتان دەبێ قسەی هەبێت و لە چوارچێوەی گوتاری پابەند بە مەعریفە و بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی مێژوویی و كولتووری هەر كۆمەڵگەیەك ئەو باسە بوروژێنێ و ستراتیژیی گونجاویش دابڕێژێ بە ئامانجی چارەسەركردن.
ئەم رەوتە لەو وڵاتانەی جەنگیان بینیوە و بەرەوڕووی هێزی تێرۆریزم دەبنەوە، وەك كوردستان، بە روونی دیارە؛ لە كوردستان دوای دەیان ساڵ لە بەڕێوەبردنی سیاسەتێكی یەكسانیی جێندەریی گونجاو، بەم دواییە دۆخەكە ئاڵۆز و مەترسیدار بووە.
سیاسەتی كۆمەڵایەتی و یەكسانیی جێندەری لە دوای یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی لە 2005 و پێكهاتنی حكومەتی یەكگرتووی هەرێمی كوردستان، خۆی لە كۆمەڵێ چاكسازیی یاسایی و ستراتیژیی نیشتمانی و بە دامەزراوەییكردن و پەروەردەی جێندەریی و پەرەپێدانی توێژینەوەی ئەكادیمی و زانستی لە زانكۆكان، بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی مێژوویی و كولتووری كوردی، بەرجەستە كردبوو. هەرچەندە لە رووی جێبەجێكردنەوە كەموكوڕی و تەحەددای زۆر هەبووە، بەڵام ئیرادەی سیاسی كارا بووە و بە هاوكاریی ئەكادیمیست و هێزی جەماوەری لە بنەماڕا كاری جیدی كراوە، تا كابینە یەك لە دوای یەكەكان لە ئەجێندای خۆیان جێگیری بكەن. ئەمە ئێستاش بەردەوامە، بەڵام بەداخەوە بە هۆی ناتێگەیەشتن و بە لاڕێدابردنی پرسی جێندەر چ وەك كۆنسێپت و چ وەك ئامرازێك بۆ راڤەكاری و تێگەیشتنێكی قووڵ لە رەگی كێشەكان، هەوڵەكان كەوتوونەتە بەر مەترسی. جگە لە جیۆپۆلیتیكی ناوچەكە و سەرهەڵدانی داعش و جەنگ دژی تێرۆریزم، كێشە سیاسییەكانی ناوخۆ، نەبوونی یەكگرتوویی نێوان حیزبەكان و كاریگەریی نەرێنییان لەسەر سیستەمی حوكمڕانی، زەمینەیان زیاتر خۆش كردووە بۆ تووندڕەوی و تووندوتیژی لەناو كۆمەڵگە.
ناتێگەیشتن و بەلاڕێدابردنی پرسی جێندەر بە ئاقارێكی نابەجێ لە فەزای گشتی و سۆشیاڵ میدیادا سەرنجی زۆربەی خەڵكی راكێشاوە، بەجۆرێك كە بابەتە سەرەكییەكان و رەگی گرفتەكان لەم فەزاسادەگۆیەدا فەرامۆش كراون. هەڵگری ئەم رەوتە فەرامۆشكار و فریودەرە هێزێكی كۆنەخوازە، كە بەناوی ئایین و نەریت بەرەنگاری هەموو هەوڵ و سیاسەتێكی یەكسانی و پێشكەوتوخواز دەبێتەوە. لە بەرامبەر ئەو هێزەدا، نەبوونی مەعریفەیەكی بنكەفراوان دەربارەی كۆنسێپتی جێندەر و تاكڕەوی و خۆسەپاندن و گرووپگەرایی یەكڕیزیان لەناوبردووە و بوونەتە هۆكارێكی دیكەی سەرەكی لەم پاشەكشێیەدا. ئەمەش تەنیا هێزە ئیسلامییە سیاسی و تووندڕەوەكان ناگرێتەوە، بەڵكو هەندێ بەناو رێكخراو و لایەنیش دەگرێتەوە، كە لە غیابی مەعریفەی جێندەری و سیاسەتی نكوڵیكردن بۆ رەشكردنەوەی یەكدی و هەوڵەكانی رابردوو، بۆتە مایەی بەریەككەوتن و لێكدان كە وەك دۆخێكی نەزۆك جگە لە زەرەری گشتی هیچی دیكەی لێ شین نابێت.
پسپۆڕان لە سەرانسەری جیهان و ئێمەش لە پێگەی خۆمانەوە چەند راسپێرییەكمان ئاراستەی سەكردایەتی سیاسی كردووە و داوا دەكەین ئەم پرسە وەك پێویستییەكی هەنوكەیی كاری نوێی لەسەر بكرێت. خاڵی سەرەكیی ئەو راسپێرییانە ئەوەیە كە دەسەڵات و سەركردایەتیی سیاسی نەكەونە ژێر باری ئەو دۆخە مەترسیدارە و بەردەوام بن لە گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەكان و پەرەپێدانی سیاسەتێكی كۆمەڵایەتیی پێشكەوتووخواز، كە مافی ئافرەت و پرسی یەكسانی وەك بنەمای مافەكانی مرۆڤ لەبەرچاو بگرێت. لەم سۆنگەیەوە، پێویستە حكومەت و سەركردایەتی سیاسی مافەكانی ژن لە ئەجێندای سیاسی جێگیر بكەن و لە رووی دیپلۆماسییەوە پەرەی پێبدەن، پشتگیریی داكۆكیكارانی مافەكانی ژنان و یەكسانی جێندەری بكەن و سەرچاوەی پێویست دابین بكەن تا ئەم بابەتە بەشێوەیەكی دروست و مەعریفی بۆ سوودی گشتی بە ژن و پیاوەوە بچێتە پێشەوە و ببێتە مایەی ئارامی و ئاسایش و ئاشتیی ناو كۆمەڵگە و خێزان.
فێمینیزم واتە كاركردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەوسانەوە و دابینكردنی یەكسانی لە ماف، نەك بۆ لێكدان و دژایەتیكردنی پیاو. ئێمە بە هاوكاری لایەنە جیاوازەكان بەو ئامانجە كارمان كردووە و كۆنسێپتی جێندەریشمان وەك ئامراز بەكارهێناوە بۆ تێگەیشتن و راڤەكاری. ئێستاش درەنگ نییە و پێویستە هەموو لایەنەكان بە سەركردایەتی سیاسی و كۆمەڵگەی مەدەنی و زانایانی ئایینی و چین و توێژە جیاوازەكانەوە، هەوڵی پەروەردەیەكی دروستی كۆمەڵایەتی بدەن؛ بە لە بەرچاوگرتنی تایبەتمەندییە مێژوویی و كولتوورییەكانی كۆمەڵگەی كوردی پێناسەی جێندەر بە شێوە دروستەكەی بكەنەوە و پێكەوە كاربكەن بۆ بیاتنانی هۆشیارییەكی گشتیی نوێ، كە كەس تێیدا زەرەرمەند نەبێت. ئامانجی سەرەكیش وەك هەمیشە دابینكردنی ماف و دادوەریی كۆمەڵایەتی و ئاشتی و ئارامییە بۆ تاك و كۆمەڵگە بە گشتی. ماف و كولتوور دوو رووی هەمان دراون، لە جووڵەی بەردەوام دان و دەبێ پێكەوە بگونجێندرێن. بەربەرەكانێی یەكتری بەناوی هەریەك لەمانە دەبێتە مایەی پێشێلكاریی بەها مرۆییەكانمان.