ئومێد قەرەداغی
یەكێك لە خراپترین فۆرمەكانی گەندەڵی، یەكێك لە ناشرینترین شێوەكانی مشەخۆری خانەنشینبوونە بە پلەی تایبەت، كەسانێك كە تەنها چوار ساڵ لە وەزیفەدا ئەبن بۆ هەموو تەمەن مانگانە شەش ملیۆن وەردەگرن، ئەمە لە كاتێكدا فەرمانبەرێكی ئاسایی چل ساڵ لەتەمەنی لە وەزیفەدا ئەبن، دوای خانەنشینبوون بە تێكڕا كەمتر لە ٤٠٠ هەزار وەرئەگرن.
برادەرانی یەكگرتووی ئیسلامی، بە قسەی كاك ئەبوو بەكر هەڵەدنی مووچەی ئەو چوارمانگەشیان وەرگرتوە كە بایكۆتیان كردوە، هەتا مردنیش خانەنشینیەكی شەش ملیۆنی وەرئەگرن، ئەمە جگە لە قبوڵكردنی بەشداربوون لە گەندەڵی و لێشاوی دزیكردن لە سامانی گشتی وڵات هیچی تر نییە.
ئیسلامیەكان بە قسە و گوتار خەڵكێكن بۆ قیامەت ئەژین و ژیانی دنیا بەلایانەوە بێ بایەخە، بەڵام بەكردوە زۆر لەوانەی پێیان دەڵێن عەلمانی دنیا ویستترو پارەپەرسترن، بەداخەوە لە تەمەنی سی ساڵەی حوكمڕانی كوردیدا تەنها بۆ یەكجاریش یەك كەسی ئیسلامی مووچەی تاڵانی خانەنشیبوونی پلە تایبەتی ڕەتنەكردۆتەوە، بەڵكو پاساوی ئایینی بۆ هێناوەتەوە بۆ ئەوەی حەڵای بكا، سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی(تاك و تەرای لێ دەرچێت) سەركردایتیەكی خانەنشینن بەپلەی تایبەت.