سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئاهەنگەكانی لەدایكبوونی «ئیمامی زەمان»

6 رۆژ پێش ئێستا



یاسین تەها

 (15ی شەعبان) ملیۆنەها كەس لە پەیڕەوانی ئایینزای شیعە چوونە كەربەلا بۆ زیندووكردنەوەی ساڵیادی لەدایكبوونی ئیمامی دوازدەیەمی خۆیان؛ مەهدی مونتەزر"،" ئیمامی زەمان" كە " الحجە" شی پێ دەگوترێت. ئەم سیمبولە گەورەیەی شیعە محەمەدی كوڕی حەسەن عەسكەرییە، لە نەوەی ئیمامی ئیمام عەلی ئامۆزا و زاوای پێغەمبەری ئیسلامە (د.خ) كە نیشتەجێی شاڕی سامەڕا بووە و ئارامگاكەشی هەر لەوێیە.

بەپێی گێڕانەوەی شیعەكان ئیمام حەسەنی عەسكەری (ئیمامی یازدەیەم) كە ئارامگاكەی لە شاری سامەڕایە، شەوێكی 15 شەعبان (بەرات) لە ساڵی 255 ك/ 869 ز لە كەنیزەكێكی ڕۆمی پادشا زادە "نرجس" كوڕێكی بووە و ناوی ناوە "محەمەد"، بەڵام نەیوێراوە لە ترسی عەباسییەكانی ئامۆزایان كە تەختی خەلافەتیان بەدەست بووە، ئاشكرای بكات، تەنیا لای بازنەیەكی بەرتەسك نەبێت.

بەگوێرەی سەرچاوەكانی شیعە لە پاش مردنی حەسەن عەسكەری، كوڕەكەی "مەهدی" ماوەی 69 ساڵ خۆی حەشار داوە و تەنیا لە ڕێگای نوێنەر و نامە بەرەوە لەگەڵ هەوادارانی ئال و بەیت و شیعەكان پەیوەندی كردووە، چوار لەو نوێنەرانەش لە هەموویان ناسراوترن و پێیان دەگوترێت "السفرا‌و الأربعة".

بە مەرگی كۆتا كەس لەو چوار نوێنەرەش لە ساڵی 329 ك- 941 ز كە عەلی سەممەرییە، قۆناغی نێوانگیری و نامە بەری كۆتایی دێت كە بزر بوونی بچووكە (الغیبە الصغری)، بەدوای ئەوەشدا بزربوونی گەورە و درێژخایەنی مەهدی دەست پێ دەكات و تا ئەو كاتە درێژە دەكێشێت كە مەهدی دەردەكەوێتەوە بۆ بەرپاكردنی دادگەریی بەپێی بیروباوەڕی شیعەكان.

باوترین چاوەڕوانییەكانی ئەو گەڕانەوەیەش لای شیعە ئەوەیە "لەپاش ئەوەی زەوی پڕ دەبێت لە تاوان و ستەمكاریی، ئارامی و دادگەریی بۆ دەگێڕێتەوە". ئەم چاوەڕوانییەی مەهدی وەك "ڕزگاركەر" لە گێڕانەوە سوننەكانیشدا هەیە، بەڵام ئەو مەهدییەی سوننە جیاوازە لە هاوتا شیعییەكەی و كەسێك نییە ئێستا لە ژیاندا بێت یان ناسراو بێت، بەڵكوو لە سەردەم و بارودۆخی خۆیدا لە ناو نەوەكانی پێغەمبەری ئیسلام هەڵدەكەوێت كە مەرج نییە لە لقە عەلەوییەكە بێت.

سەرجەم گرووپە شیعەكان بە جیاوازی بیركردنەوە و ئینتیمای نەتەوەییانەوە لەسەر ئەوە كۆكن كە مەهدی دەم ڕاست و ڕێبەری مەزنی ئەوانە و هەمیشە باس لە ڕۆژگاری دەركەوتن و سەرهەڵدانی دەكەن و بە كوڵەوە چاوەڕوانی ئەو كاتەن كە پێی دەڵێن "الفرج"، بەڵام لەمە بترازێت لەسەر سەرۆكایەتی شیعە لە غیابی ئەودا و لەسەر چۆنیەتی نوێنەرایەتیكردنی ناكۆك و نا جۆرن و بەسەر چەندین گرووپ و تاقمی جیاجیادا دابەش و پەرتەوازە بوون.

ئایەتوڵڵا خومەینی كە ڕابەریەتی شۆڕشی ئیسلامی كرد لە ئێران (1979)، پێی وایە لە غیابی "ئیمامی زەمان"دا زۆربەی دەسەڵاتەكانی دەگوازرێتەوە بۆ شەرعزانێكی "لە خواترسی شارەزا" تا ئەوكاتەی خاوەن بڕیاری ڕاستەقینە كە "مەهدی مونتەزەرە" خۆی سەر هەڵدەدات، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش "كۆماری ئیسلامی ئێران" ی ڕاگەیاند و وەك بریكاری مەهدی زۆربەی ئەحكامەكانی دین و دونیای شیعەكانی خستە بواری پراكتیكەوە.

بەڵام ئایەتوڵڵا ئەبولقاسمی خوئی كە ڕێبەری گەورەی پێشووتری شیعەكانی جیهان بوو لە شاری نەجەف دادەنیشت (م.1994) بۆچوونێكی جیاوازی هەیە و لەگەڵ ئەوەدا نەبوو شەرعزانی شیعە خۆیان بە حوكمڕانییەوە سەرقاڵ بكەن، تا ئەو كاتەی ئیمامی زەمان خۆی دەردەكەوێت و هەر لەبەر ئەمەش دین و سیاسەتی لەیەكتر جیا دەكردەوە و ئێستاش سیستانی كە خوێندكار و درێژەپێدەری قوتابخانەی ئەوە جارجار هەوڵ دەدات درێژە بەم ڕەوتە بدات.

لەنێوان ئەم دوو ڕەوتە نا جۆرەشدا بۆچوونێكی سێیەم هەیە كە ئایەتوڵڵا محەمەد سادق سەدر (باوكی موقتەدا) بانگەشەی بۆ دەكرد (م.1999)، ئەم بۆچوونەش پێیوایە شەرع زان و پیاوە ئایینییەكانی شیعە هەندێك دەسەڵاتی مەرجداری ئیمامی زەمانیان بەدەستە، بەڵام ناتوانن وەك ئەوەی كە خومەینی بانگەشەی بۆ دەكرد ببنە جێگر و بریكاری ڕەهای ئەو و بەناوی دینەوە حوكمڕانی بكەن، بەم پێیەش هەرچی دابەش بوون و لێكترازانی شیعە هەیە لەسەر جێگرتنەوەی مەهدی و چۆنیەتی ئیدارەدانی شوێنكەوتووانی ئەم ئایینزایەیە لە غیابی دەم ڕاستە گەورەكەدا.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.