سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

هاوسەرگیریی كاتەكی

6 رۆژ پێش ئێستا



حەمەسەعید حەسەن

بەشی یەكەم


لە ئۆكتۆبەری ١٩٩٠دا، هاشمی ڕەفسەنجانی كە سەرۆكی ئێران بوو، لە تاران، لە گوتاری هەینیدا، بە ئاشكرا و بێ تەمومژ، باسی لە چالاكییە سێكسییەكانی ژن كرد و گوتی: پێویستە ژن هەست بە ئاسوودەیی و دڵنیایی بكات و ئازاد بێت لەوەدا كە داوای دامەزراندنی پێوەندی لەگەڵ پیاوی دڵخوازی خۆیدا بكات. ڕەفسەنجانی لە مینبەری مزگەوتەوە، گوتی: ژن لە ڕووی سێكسییەوە سەركوت دەكرێت و ئەوە دژ بە ئیسلامە، ژن خۆی لە تێركردنی ئەو ئارەزووە سێكسییەی خوا پێی بەخشیوە، بێبەش بكات و ئەوە مافی خۆیەتی، بەوپەڕی باوەڕ بە خۆ بوونەوە، بێ ئەوەی شەرم دای بگرێت، داوای هاوسەرگیریی كاتەكی لە دۆستێكی نزیكی بكات. ڕەنگە بە درێژایی مێژووی ئیسلام، هیچ سەركردەیەكی دیكەی موسوڵمان، بەو ڕاشكاوییە، باسی سێكسواڵیتیی ژنی نەكردبێت.

بۆ ئەوەی ڕەوابوونێكی زیاتر بە قسەكانی بدات، گوتیشی: دژایەتیكردنی سروشت، هەمیشە كارێكی هەڵەیه. هەرچەندە گوتارەكەی ڕەفسەنجانی چاوەڕێنەكراو بوو، بەڵام دابڕانێك نەبوو لەگەڵ كەلەپووری ئیسلامیی شیعەدا. ئەو سەروەختە گۆڤاری (ژنی ڕۆژ) بە توندی بە گژ ئەو پێشنیازەدا چووەوە و گوتی: ئەگەر لای ئێمەش، ژن و پیاو مانگێك یان زیاتر، پێكەوە بمێننەوە، ئیدی هیچ جیاوازی لە نێوان ژن و پیاوی ئێمە و ژن و پیاوی خۆرئاوادا نامێنێت. ئەو ژنە چالاكانە كە سەر بە چینی ناوەند بوون و ترسیان لەوە هەبوو، مێردەكانیان لە كیس بچێت، دەیانگوت: ڕەفسەنجانی خۆشەویستیی لەبەر چاو نەگرتووە و تەنیا بیری لە دامركاندنەوەی ئاگری پێویستییە سێكسییەكان كردووەتەوە.

ڕۆژنامەی كەیهان داكۆكی لە پێشنیارەكانی سەرۆكی ئێران دەكرد و دەینووسی: ئەگەر لە لایەكەوە بەوە قایل بین كە ناتوانین ئارەزووی سێكسی، بێ تێركردن جێ بهێڵێن و لە لایەكی تریشەوە، لێ نەگەڕێین لە ڕێی بەدڕەوشتییەوە كۆمەڵ بەرەو كارەسات بڕوات، هیج چارێكی دیكەمان نییە، ئەوە نەبێت، ڕێگەی گونجاو بۆ تێركردنی ئارەزووی سێكسی بدۆزینەوە، ئەگەر نا، كۆمەڵ دەبێتە وێرانە. ئەوانەی هاوسەرگیریی كاتەكییان پێ زینا بوو، دەیانگوت: دەبوو ڕەفسەنجانی بگەڕێتەوە بۆ لای ئەو فەرموودەیەی پەیامبەر كە گوتوویەتی: (ئەی لاوینە! ئەگەر لە تواناتاندا هەیە، ژن بهێنن، ئەگەر نا، بە ڕۆژوو بن!)

هەندێك پێیان وابوو، هاوسەرگیریی كاتەكی كە تەنیا بۆ چێژ لێ وەرگرتن و دامركاندنەوەی ئاڵۆشە، خۆی لە خۆیدا كێشەیە، نەك چارەسەر، ئاخر عەبایەكە بۆ داپۆشینی پێوەندییە ناشەرعییەكانی نێوان ژن و پیاو. بەڵام گرووپیكی تر دەیانگوت: لەگەڵ هەموو كەموكووڕییەكانیشدا، هێشتا لە تێكچوونی شیرازەی كۆمەڵ باشترە و نە هیچ یاسایەك و نە هیچ ئایینێك، مافی ئەوەی نییە، ئینسان لە تێركردنی سەرەكیترین ئارەزووی مەحرووم بكات.

لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمەوە، لە ئێراندا، دوو گوتار لە ململانێدا دەبن، گوتاری ئیسلامی و گوتاری مۆدێرنێته، تا لە سەدەی بیستەمدا، گوتاری مۆدێرنێتە هەژموون پەیدا دەكات و گوتاری ئیسلامی دەیداتە كزی، بەڵام لە شۆرشی ئیسلامیی ١٩٧٩ بە دواوە، دیسانەوە، گوتاری ئیسلامی كۆمەڵ كۆنترۆڵ دەكاتەوە. هەوڵی بنەماڵەی پەهلەوی، بۆ بە خۆرئاواییكردنی كۆمەڵ و سیكولاریزەكردنی دەزگاكانی دەوڵەت دەبێت. حیجاب كە لە ١٩٣٦دا قەدەغە دەكرێت، لە ١٩٧٩دا، دیسان بەسەر ژناندا فەرز دەكرێتەوە. ئەوسا و ئێستایش، پاكیزەیی بۆ كیژان، بایەخێكی گەورەی هەبووە و هەیە، كچێك پێوەندییەكی قووڵی بە كوڕێكەوە هەبووبێت، بە ئەستەم شووی دەست كەوتووە، ئاخر تەنانەت ئەو كوڕەیش نایخوازێت كە كچە شەیدای بووە.
درێژەی هەیە

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.