سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بنەماڵەی بەرمەكییەكان و خەلیفە هارون ئەلڕەشید

6 رۆژ پێش ئێستا



كەیوان ئازاد

(بنەماڵەی بەرمەكی) بە یەكێك لە بنەماڵە دیارەكانی ئێران ئەژمار كراون، كە لای بەشێك لە مێژوونووسان و توێژەرانی عەرەبی و ئیسلامی و تەنانەت خۆرهەڵاتناسان، بە بنەماڵەیەكی فارسیی ئێرانی ناسراون، لای هەندێكی دیكەیش یەكێك بوون لە بنەماڵە كوردەكانی مازندەرانی خاكی ئێران. بەو پێیەش كە پەیوەندییەكی بە كورد و مێژووی كوردەوە هەیە، بۆیە نابێت لە ئاستیدا بێهەڵوێست بین و بۆچوونێكمان لەسەری نەبێت.

لەم بارەیەوە، بەشێك لە سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە ئەم بنەماڵەیە لە كەنارەكانی بەری خۆرهەڵاتی دەریای خەزەردا ژیاون و تا ناوەڕاستی دووەمی كۆچی بەرامبەر سەدەی هەشتەمی زایینی سەرقاڵی ڕاوەماسی بوون. لە ڕووی باوەڕی ئایینییشەوە، سەرەتا لەسەر باوەڕی ئایینی بودایی بوون و باپیرە گەورەكەیان (بەرمەك) خزمەتكاری پەرستگایەكی بودایی شاری (بەڵخ)ی هەرێمی خۆراسان بووه. دواتر چوونەتە سەر ئایینی مانی و لەسەر ئەو ئایینە ماونەتەوە، تا باوەڕەیان بە ئایینی ئیسلام هێناوە. بەو هۆیەشەوە، خۆی و بنەماڵە و كوڕ و نەوەكانی لەسەر ئەو ئایینە ماوەنەتەوە و تەنیا بە ڕووكەش باوەڕیان بە ئایینی ئیسلام هێناوە.

دەركەوتنی ئەم بنەماڵەیە لە سەردەمی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسیدا بۆ (خالیدی بەرمەكی) دەگەڕێتەوە، كاتێك لە سەردەمی خەلیفە (ئەبو ئەلعەباس ئەلسەفاح)دا بەرپرسی دیوانی خەراجی دەوڵەت بوو. دواتر كوڕەكەی (یەحیای كوڕی خالید) لە سەردەمی خەلافەتی (مووسا ئەلهادی)دا ڕۆڵێكی سیاسیی باشی گێڕا، كاتێك ئەو خەلیفەیە ویستی لە (هارون ئەلڕەشید)ی برای بدات و لە جێنشینیەتیی بخات، لە بەرامبەردا (جەعفەر)ی كوڕی لە شوێنی دابنێت، بەڵام ئەو هەوڵە بە هاوكاری و لێهاتوویی (یەحیا كوڕی خالید) شكستی هێنا و (هارون ئەلڕەشید) لە شوێنی دانرا.

ئەوەش كاتێك (مووسا ئەلهادی) لە ساڵی (170ك/ 786ز) كۆچی دوایی كرد و (هارون ئەلڕەشید) گەیشتە پۆستی خەلافەت. بەوەش ڕۆڵی ئەو بنەماڵەیە لە سەركەوتنی ململانێیەكی سەختی سیاسیدا دەركەوت. لە بەرامبەردا خەلیفەی نوێ (یەحیای كوڕی خالید بەرمەكی)ی كردە یەكەمین وەزیر و ڕاوێژكار و بەڕێوەبەری كاروباری دەسەڵاتەكەی. كاتێكیش خەلیفەی نوێ ویستی رێوڕەسمێكی گەورە بۆ گەیشتن بە پایەی خەلافەت لە شاری (بەغدا)ی پایتەخت ڕێك بخات، لەسەر داوای ئەو كەسایەتییە بەرمەكییە ئاهەنگەكە دوا خرا.

ئەوەش ئەگەر لە لایەك متمانەی خەلیفەی بە (یەحیا) دەرخستبێت، كاریگەریی ئەویشی لەسەر یەكەمین بڕیار بەدەستی دەوڵەت پێشان دا و ڕێز لە پێشنیارەكەی گیرا. لێرەوە ڕۆڵی ئەو بنەماڵەیە تا ساڵانێكی دواتر، لەو دەوڵەتەدا بە گەورەیی مایەوە. ئەوەش تا ئەو كاتەی قۆناغ بە قۆناغ پاشەكشەیان پێ كرا، تا گەیشتە ئەوەی، جگە لە (محەمەدی كوڕی خالید، محەمەدی كوڕی عوبەیدوڵا، محەمەدی كوڕی عەبدولمەلیك، فازڵ كوڕی عەبدولمەلیك، حەسەن كوڕی عەبدولمەلیك) هەموویان بە تۆمەتی (زەندیق) لێ دران و سزا دران.

هەرچۆن بێت، ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە و لەسەروویانە (یەحیا كوڕی خالید) و هەردوو كوڕەكەی (جەعفەر و فەزڵ)، تا بۆیان كرا خزمەتی خەلیفەی عەباسی و دەوڵەتەكەیان كرد. نەك هەر كاروباری كارگێڕیی دەوڵەتەكەیان رێك خستەوە، بەڵكوو كاروباری داراییشیان رێك خستەوە و پارەیەكی بەهەدەردراویشیان بۆ دەوڵەتەكە گێڕایەوە، كەچی دواتر ئەوانیش بەتۆمەتی ناپاكی و بەهەدەردانی سامانی وڵات سزا دران. وەك ئەوەی (یەحیای بەرمەكی) لەسەر فرمانی خودی خەلیفە زیندانیی كرا، تا لە زینداندا كۆچی دوایی كرد. (فەزڵی كوڕی یەحیا)ش لە ولایەتی خۆراسانی لابرا و زیندانی كرا و ئەویش هەر لە زیندان كۆچی دوایی كرد.

لە شوێنی ئەویش (عیسای كوڕی ماهان) كرایە والیی خۆراسان و لەسەر فەرمانی خەلیفەش كەوتە گیانی بنەماڵەی بەرمەكی و نزیكەكان و لایەنگرانیان. ئەوانەی بەر دەستیشی كەوتن، بەدیل گیران و دوای دادگایەكی ڕووكەش لەسێدارە دران. ئەو (بیست هەزار) سەربازەی پێشتریش لەلایەن (فەزڵی كوڕی یەحیا) بۆ پاراستنی بەغدای پایتەخت دروست كرابوون و بەشێكی پێكهاتەكەی كورد بوون، هەڵوەشەێنرایەوە و لە جێگایان سوپایەكی دیكەی عەرەبی دانرا. دواتر بەو سوپا نوێیە هەموو خزمان و لایەنگرانی بنەماڵەی بەرمەكییش لەناو شاری (بەغدا) گیران و بێ سەروشوێن كران.

ئەمەو جگە لەوەی دەست بەسەر سامانی بنەماڵەكەدا گیرا، كە نزیكەی (چوار ملیۆن) دینار بوو.

كاردانەوەی خەلیفە (هارون ئەلڕەشید) دوای ئەوەی هات كە گوایە (یەحیای كوڕی خالیدی بەرمەكی) و كوڕەكانی پشتیوانییان لە نەیارانی دەوڵەت كردووە، وەك ئەوەی (یەحیا) هانی (سەهلی كوڕی هارونی كوڕی راهبون) هاووڵاتیی ناوچەی میسانی داوە، كتێبێك لەسەر خێڵەكی و نەزانیی عەرەب و رەسەنایەتیی شارستانیەتی ئێرانی و ئایینەكانیان بنووسێت. هەروەها بڕی (دە هەزار) دیناری وەك خەڵات داوە بە (ئابانی كوڕی عەبدولحەمید)، لە بەرامبەر وەرگێڕانی كتێبی (كلیلە و دومنە) لە زمانی فارسییەوە بۆ سەر زمانی عەرەبی.

(فەزڵی كوڕی یەحیای بەرمەكی)ش بۆ هەمان مەبەست (پێنج هەزار) دیناری وەك خەڵات پێ داوه. ئەمەو هەمان بنەماڵە هانی (عەلان ئەلوراق) و (ئەبا عوبیدەی كوڕی موسەنا)یان داوه، (دوو) كتێب لەسەر خراپیی عەرەب و سیستەمی دەسەڵاتیان بنووسن. ئەو هەڵوێستەی بەرمەكییەكانیش بۆ خەلیفەی عەباسی جێگای قبووڵ نەبوو، كە خۆی لە نەتەوەی عەرەب بوو، بۆیە هەموو ئەوانە كرانە پاساو، تا بكەوێتە گیانیان و سزایان بدات، هەروەها بەوە تاوانباریان بكات كە پێگەكەیان و دارایی دەوڵەتیان بۆ خزمەتی بنەماڵەكەیان بەكار هێناوە. ئەو كاردانەوانەش دوای ئەوە توند بوونەوە كە دەنگۆی خۆشەویستیی (زوبەیدە) هاوسەری (هارون ئەلڕەشید) و (جەعفەری بەرمەكی) بڵاو بووەوە. بەوەش تووڕەیی خەلیفەی بەدوای خۆیدا هێنا. هەر بۆیە توند كەوتە گیانیان و ئەوانەی بەر دەستی كەوتن، گیران و كوژران.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.