سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

نەورۆز و ناوەندە دینی و ئیسلامییەكەی كوردستان

24/03/2023


ئەبوبەكر عەلی

نەورۆز، مێژوویەكی پڕ هەوراز و نشێو و بەرهەڵستی و ئاوات و خۆزگە بۆ داهاتوو، كردوویەتی بە بەشێكی جوێنەكراوە لە فەرهەنگی كوردەواری و ڕەمز و بۆنەیەكی ناسنامەو ناسیۆنالیزمی كوردی.

بەجۆرێك لە بواری بیركردنەوەی ئاسایی دەرچووە، بۆتە یەكێ لە ڕاستیەكانی نێو ژیانی كوردستانیان لە مێژووی هاوچەرخی خۆیانداو ڕەگەكانیشی لەناو خودی كوردستاندا بە ئاماژەی جیاوازەوە بە مێژوودا ڕۆچووە. هەربۆیە، دژایەتیكردنی یاخود فەرامۆشكردنی وگوێپێنەدانی وناسنامە بەخۆدان لەو ڕوانگەوە، لە ناو تەوژمی ئیسلامییەوە بێت یاخود بەگشتی ناوەندە دینییەكە و بەناوی دینەوە، بەهەڵەو دژ بە بەرژەوەندی باوەڕداران و ناوەندە ئیسلامییەكەی دەزانین.

یەكێ لە تایبەتمەندییەكانی تەوژمی ئیسلامیی كوردستان ئەوەیە بەشێوازێكی عاقڵانە لەسەر ئاستی داواكارییە نیشتیمانی و نەتەوەییەكاندا، بووە بە  بەشێك لە كێڵگەی ناسیۆنالیزم و نەتەوایەتی كوردستانی بە سەربەخۆیشەوە .لەم ڕووەوە خۆی لە تەوژمی بەرامبەر جیاناكاتەوەو ناسنامەی جیاوازیش بەخۆی نادات، داخوازییە نیشتیمانی و نەتەوەییەكە بەو شتە دەزانێت هێزو تەوژمەكان بە جیاوازی پاشخانی فیكری و ئایدۆلۆژیانەوە لەسەری كۆك و هاودەنگ بن. مادام مەسەلەكەش بەو جۆرە بێت، ڕاستر وایە تەوژمی ئیسلامی بە شەبەنگە جیاوازییەكانییەوە لەسەر ئاستی ڕەمز و بۆنە نەتەوایەتیەكانیشدا بەهەمان گیانی داخوازییە نەتەوەییەكان بیربكاتەوە ومامەڵەبكات وبەوەش وێنەكە تەواو بكات، چونكە ڕەمز و بۆنەكان لەوانەش جەژنی نەورۆز، تەواوكەری داواكارییە نەتەوەییەكانن و بێ ئەوان دیمەنەكە كەم و كورت و ناتەواو دەردەچێت. ئەمە جگە لەوەی سێبەر و تەم و مژ دەخاتە سەر هەڵوێستی لێپرسراوانەی تەوژمی ئیسلامی لەڕووی داواكارییە نەتەوەییەكان و وێنای هێز و تەوژمێكی لێدەگیرێت كە ئامادە نییە تا ئەوسەر لەگەڵ پرسە نەتەوەیی ون یشتیمانییەكەدا وەك كۆیەكی بەیەكەوە گرێدراوی یەكتر تەواوكەر بڕوات وبچێتە پێش. بەوەش بەشێ لە سیماو كەسێتی مەعنەوی دەشێوێنرێت، لەسۆنگەی بەكارهێنانی دژی وەك كەرەسەی جەنگی دەروونی لەلایەن نەیارە سیاسییەكانی وبەشێ لەناوەندە فیكری ونوخبە كوردییە كەوە.

لەڕاستیشدا بوونی كێشە لەگەڵ نەورۆزدا، بەتایبەتیش بەناوی عەقیدەوە، كە ملدانە بە ڕێبازی سەلەفییەت بۆ چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ دنیای نوێدا، شایستەی ڕەخنەلێگرتنەو بەبڕوای ئێمەش لەسۆنگەی چەندین خاڵەوە، بیركردنەوەو تێگەیشتنێكی هەڵەیە، لەوانەش:

یەكەم

ڕیشەی مێژوویی نەورۆز هەرچی بێت، كە زیاد لە بیروڕایەكی لەسەرەو تاكو ئێستاش كوتومت سەرەتای دەركەوتنی بە نەزانراوی ماوەتەوە، لەئێستادا هیچ ئاماژەیەكی دینی لەگەڵ خۆیدا هەڵنەگرتوو، یاخود بڵێین ئەگەر لەبنەڕەتدا گریمانەی ئەوە بكەین، هەڵگری ئاماژەی دینیش بووبێت، كەهەرچی لەو بارەوە وتراوە لە ڕا تێناپەرێت و ناگات بە ڕاستی مێژوویی، لەئێستادا لێیداشۆراوەو ئاماژەی نوێی پەیدا كردووە، بەتایبەتیش لەناو كورد وگێڕانەوە كوردییەكەی نەورۆزدا. ئەو ملیۆنان كوردەی بەو بۆنەوە ئاهەنگ دەگێڕن لە ڕوانگەی بیركردنەوەیەكی دینیی جیاواز لە ئیسلامەوە ئەوە ناكەن. شتی لەو جۆرە هەر بە خەیاڵیشیاندا ڕەت نابێت. بەڵگە هێنانەوەش بە ئاگركردنەوە بۆ مەجوسیبوونی قسەیەكی بێمانایە، چونكە هاوبەشی لەمەسەلەیەكدا هاوچەشنی ناگەیەنێت وئاگری نەورۆزی ئێستا لەدوورونزیكەوە هەڵگری ئاماژەی پیرۆزی  دینیی نییە، پرۆسەی موسوڵمانبوونی كورد مێژوویەكی دووروو درێژی بەسەردا تێپەڕیوە. لێرەشەوە ئەم بەرەنجامانەی خوارەوەمان دەستدەكەوێت:

1- بەكارهێنانی وشەی جەژن بۆ نەورۆز هیچ كێشەیەكی شەرعیمان بۆ ناهێنێتە پێش، بەحوكمی ئەوەی بەكارهێناكە مەجازییە نەك دینی و پەیوەندی بە زمانی نوێی سیاسییەوە هەیە كە بۆ نموونە بە ڕۆژی سەربەخۆی وڵاتێكیش دەوترێت جەژنی نیشتیمانی. لێرەوە هەموو مشت و مڕێ لەم ڕووەوە زیادەو بێبەرهەم و ناپێویستە، چونكە جەژنی دینیی ئێمە وەكو خۆیان بە دیاریكراوی ماونەتەوە.

2- نەورۆز دەچێتە ڕیزی عورف و چوارچێوەی خووكردارەكانەوە، لەو بوارەشدا، جگەلەوەی شوێنی هیچ تەوزیفكردنێكی عەقیدەیی بۆ تەحریم تێدا نابێتەوە و هەركەس بیكات پێمان وایە خۆی و خەڵكیش بەهەڵەدا دەبات،  بەڵكو ئەو ڕێسا ئوسوڵییە حوكمی دەكات كە دەڵێت (بنەڕەت لە شتەكاندا ڕێگا پێدانە) واتە هەرشتێك بەڵگەی یەكلاكەرەوە لەسەر حەرامبوونی نەبوو، ڕەواو ڕێگەپێدراوە.

دووەم

نەورۆز لە گێڕانەوە نەتەوەییە كوردییەكەدا، نەك هەر دژایەتی لەگەڵ هیچ بەهاو بنەمایەكی ئیسلامیی باڵادا نییە، بەڵكو لەگەڵ جەوهەری ئەواندا تەباو سازگارە، بەتایبەیتیش لەگەڵ بەها كانی دادپەروەری و دژایەتی ستەم و خوێنڕێژی و بەڵێنی خودا بۆ سەرخستنی ڕەش و ڕووتە چەوساوەكان بەسەر خوێنڕێژ و ستەم كاراندا. چونكە لە گێڕانەوە كوردییەكەی نەورۆزدا نەورۆز جەژنی سەركەوتنی كاوەی چەوساوەو چەوساوەكانی هاوشوێن و سەردەمیەتی بەسەر زوحاكی خوێنمژ و زۆرداردا. كە هەڵگری ئەو ئاماژەشە چەوساوەكان نابێت لە سەركەوتن بەسەر چەوسێنەرەكانیاندا نائومێد ببن و پێیان وابێت چەوسانەوە قەدەری دەستلێنەدراوی تاهەتاییانە.

سێیەم
 
كاری ئایین بەتایبەتیش لەم ڕۆژگارەدا دروستكردنی نیگەرانی و بێتاقەتی دەروونی و هەست بە گوناه نییە بۆ شوێنكەوتووانی، بەتایبەتیش بۆ كەسێك لە ناوەڕۆكی چەمكی ئیسڵاح تێگەیشتبێت و دیدییشی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دنیای نوێدا ئیسڵاحی بێت، نەك فقهی و مێژوویی وشك، ئەركی بیرمەند و ڕێبەر و ڕێنیشاندەری ئیسلامی و دینیی لەم سەردەمەدا، سنورداركردنی بازنەی موباح و زۆركردنی هێڵی سوور و بێبەشكردنی باوەڕداران نییە لە چێژە ڕەواكان و ژیانكردن وەك هەر مرۆڤێكی ئاسایی، بەڵكو چەند شتێكی ترە لەوانەش:

١- سازگاركردنی پەیوەندی باوەڕدار بە ژیان و دنیای نوێوە لەپاڵ پارێزگاریكردن لە جەوهەر و ناسنامەی موسوڵمانێتی خۆی و شانازی پێوەكردنی.

٢- پوختترو تەهزیبكردنی چێژبینین و خۆشی وەرگرتنەكان لە ژیان و جوانییەكان.

بەم جۆرە ڕوونبوویەوە، كە نەورۆز بەتایبەتیش لە گێڕانەوە كوردییەكەیدا، هیچ دژایەتیەكی لەگەڵ بەهاو بنەما ئیسلامییەكاندا نییە. بۆیە بەكێشەكردنی لەناو كۆمەڵگەدا بەناوی دینەوە، وا لەخەڵكە موسوڵمانەكە دەكات، چێژ لە بۆنەكە وەرنەگرن لەكاتێكدا زۆربەیان دەردەچنە دەرەوەو مامەڵەی بۆنە لەگەڵ نەورۆزدا دەكەن. لە ڕووە سیاسییەكەشەوە، بەزیان بۆسەر ئیسلامییەكان دەشكێتەوە، بوونی هەر سەرنج و تێبینییەكی دینیش لەسەر جۆری ئاهەنگ و هەندێ ڕەفتار و پەیوەندی هەبێت، تایبەت نین بە نەورۆزەوەو بەگشتی لەسەر ئاستی كۆی ژیان و بۆنەو بەیەكەوە بوونەكان و بەدرێژایی ساڵ و پەیوەندی دوو ڕەگەزەكە وەك یەكە.

بۆیە هیوادارم ئەم  وتارو سەرنج ڕاكێشانە سنوورێك بۆ سەرقاڵبوون و بەكێشەكردنی نەورۆزو بۆنەو دیاردە هاوشێوەكانی لەناوبەشێ لەناوەندە ئیسلامییەكەی كوردستاندا دابنێت، چونكە تەوژم وفیكرێك نەورۆز بكات بەكێشەو بیپێچێت بە عەقیدەوە چاوەڕێی ئەوەی لێناكرێت  توانای لەخۆگرتنی ئاڵۆزییەكانی سەردەمی هەبێت.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.