ئەحمەدی مەلا
رۆژمێری وڵاتان لە چەندین توێژ پێكهاتووە، توێژی دێرین، توێژی هاوچەرخ، توێژی ئاینی و ئەفسانەیی، توێژی نیشتیمانی...
ئەم توێژانە تەواوكەری یەكترن، هیچیان هیچیان لانادات، تەنها ئەو بۆنانە نەبێت كە رۆژێك لە رۆژان، بە زۆرملێ سەپێندارن لە لایەن رژێمی دیكتاتۆرانەوە.
وەك چۆن جەژنی لەدایكبوون و جەژنی قیامەتی مەسیح هاوتەریبە لەگەڵ جەژنە میتراییەكان، جیهانی مەسیحی لەگەڵ ئاینە نوێیەكەی خۆیدا تێكهەڵكێشی دەكات، وەك چۆن كەشی حەج لە كۆمەڵگەی عەرەب دەكەێتە پێش سەرهەڵدانی ئیسلامەوە، بەڵام ئیسلام دەیترنجێنێتە نێو روكنەكانی خۆی. هەر بەم پێیە، جەژنی نەورۆز بۆنەیەكە دەكەوێتە پێش سەرهەڵدانی ئیسلامەوە و كورد كردووێتی بە جەژنی نەتەوایەتی خۆی و تازە بەكەس رەگهەڵكێش ناكرێت، وەك چۆن، نەتوانرا تەقسی حەج ریشەكێش بكرێت.
سەرنجێكی كورت : لە هەموو مێژووی میللەتاندا، تەنها مەلای ئێمە، دژ بە جەژنی نەتەوایەتی خۆیەتی، هەموو بەهارێك هەمان تاس و حەمام دووبارە دەكەنەوە، بەڵام خەڵك دوو ئەوەندەی دیكە بە گوڕتر ئەم جەژنە بەسەر دەكاتەوە.
رەنگە كاتی ئەوە هاتبێت بگوترێت : ئەوەی بۆ خودایە با خودا بێت، ئەوەشی بۆ قەیسەرە با بۆ قەیسەر بێت.