توانا ئەمین
ڤیدیۆیەكی ئەم مەلا بەڕێزەیان بۆ ناردم، باس لە كتێبێكی (جوبران خەلیل جوبران) دەكات، كە من بۆ سەر زمانی كوردی وەرمگێڕاوە و پێنج جار چاپ كراوەتەوە.
كتێبەكە ناوی (پەیامبەر)ە و لە ١٠٠ ساڵ لەمەوپێش لەلایەن نووسەری لوبنانی جوبران خەلیلەوە لە ئەمریكا نووسراوە، ئەم كتێبە پێكهاتووە لە ٢٨ گوتار، دەرباری ژیان و خوشەویستی و هاوسەرێتی و منداڵ و سامان و بەخشین و... هتد، یەكەم جار ساڵی ١٩٢٣ چاپ بووە. كراوە بە تابلۆ، مۆسیقا، لەم ساڵانەیشدا بە فیلمێكی ئەنیمەیشن. (پەیامبەر) كتێبێكە لەسەر ئاستی فۆرم و تەكنیك سادە و لە ئاستی ناوەڕۆكدا قووڵ و قژقژە. كتێبێكە بۆ هەموو كەسێك دەشێت لە هەر تەمەنێكدا بێت و سەر بە هەر ئاینێك بێت. ئەم كتێبە دوای ئینجیل پڕفرۆشترین كتێبی سەدەی بیست بووە، بەجۆرێك هەتا ئێستا دوای نزیكەی ١٠٠ ساڵ لە چاپكردنی هەفتانە ٥٠٠٠ هەزار نوسخەی لە سەرانسەری جیهاندا لێ دەفرۆشرێت و بۆ زیاتر لە ٥٠ زمانی جیهان وەرگێڕدراوە.
جوبران خۆی مەسیحی بوو، بەڵام لە وڵاتێكی موسڵمان لە دایكبووە، ئارەزوویەكی بەرزی بۆ خوێندنەوەی ئاینەكان هەبوو، بێ ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە دوای ١٠٠ ساڵ پیاوێكی ئاینی دێت و لە كوردستانەوە جوێنی پێ دەدات!
جوبران بێدین نەبوو، پیاوێكی خاوێن، مرۆڤێكی گەورەبوو، ئەمەی ئەم مەلایە، ئەم پیاوە بە تەمەنە بەڕێزە لەم پارچە ڤیدیۆیەدا دەڵێ (جوبران فاسید بووە!!) بەڵگەی ئەوەیە، ئەم مەلایە ئەو نووسەرەی نەخوێندۆتەوە. بەڵگەش ئەوەیە دوای ١٠٠ ساڵ دەركەوت: جوبران بە درێژایی پەیوەندییە سۆزدارییەكانی لەگەڵ خانمە شاعیری فەلەستینی (مەیی زیادە)، نەك لەگەڵی نەنووستووە، نەك ماچی نەكردووە، تەنانەت لە ژیاندا یەكتریان نەبینی و تەنها بە نامە خۆشەویستیان كرد، لە كۆتایدا ئەم پیاوە ژنی نەهێناو بە تەنیا مرد!
ئەو پاراگرافەی ئەو كتێبەی مەلا باسی دەكات و بەندە كردویەتی بە كوردی لە بارەی منداڵەوە ئاوها دەڵێ:
((لەگەڵ یەكتردا خۆشەویستی بكەن، بەڵام لە خۆشەویستیتاندا؛ كۆسپ بۆ یەكتر دروست مەكەن. بهێڵن خۆشەویستی وەك دەریایەك لەنێوان كەناری ڕۆحی هەردووكتاندا شەپۆل بدات. پێكەوە گۆرانیی بڵێن و سەما بكەن و شادبن، بەڵام ڕێزی تەنیایی یەكتر بگرن، هەر وەك چۆن تاڵەكانی عود جیان، بەڵام بۆ ژەنینی ئاوازێك پێكەوە دەبزوێن. دڵی خۆتان بە یەكتری ببەخشن. لە كەنار یەكتردا بوەستن، بەڵام مەنووسێن بەیەكەوە، چونكە پایەكانی پەرستگا لە دوور یەكەوە ڕاوەستاون. پێكەوە بن، بەڵام مەچنە ژێر سێبەری یەك، ئاخر چنار و داربەڕوو لەژێر سێبەری یەكتردا گەشە ناكەن.
منداڵەكانی ئێوە، منداڵی ئێوە نین، ئەوان كوڕ و كچی خواستێكن، كە ژیان لەخۆی دەگرێت. ئەگەرچی منداڵەكانتان لەڕێی ئێوەوە دێنە جیهانەوە، بەڵام لە ئێوە نین. سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ ئێوەدان، بەڵام موڵكی ئێوە نین. ئێوە دەتوانن خۆشەویستی خۆتانیان بدەنێ، بەڵام هەرگیز ناتوانن ئەندێشەكانتانیان بەسەردا پسەپێنن، چونكە ئەوان ئەندێشەی تایبەت بەخۆیان هەیە.
ئێوە دەتوانن جەستەیان لە ماڵەوە زیندانی بكەن، بەڵام هەرگیز ناتوانن ئەوە لەگەڵ ڕۆحیاندا بكەن، چونكە ڕۆحیان لە ماڵی سبەینێ دایە و ئێوە هەر بە خەویش ڕێتان لەو ماڵە ناكەوێت. ئێوە دەتوانن هەوڵ بدەن خۆتان وەك ئەوان لێ بكەن، بەڵام هەوڵ مەدەن ئەوان وەك خۆتان لێ بكەن، چونكە ژیان نە بۆ دواوە دەگەڕێتەوە و نە لەمڕۆدا دەوەستێت.))
ئێستا چ زشتی و ناشرینییەك لەم دێڕانەدا هەیە كە جەنابی مامۆستا نووسەرەكەی بە (فاسید!) دەزانێ...؟!