سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

مانگی ڕەمەزان و ئەژدیهای بازاڕ

24/03/2023


عەبدول محەمەد

مانگی رەمەزان ئەگەر لەرووە ئایینییەكەیەوە مانگی عیبادەت و لێخۆشبوون و گەردن ئازادی و هاندانی خەڵك بێت بۆ بەخشین كۆمەككردن بە خەڵكانی كەمدەست و هەژار، بەڵام لەرووەكە ئابورییەكەیەوە ڕەمەزان دەبێتە ئەژدیهایەك بۆ گیرفانی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت، دەبێتە ئاخ و داخ و خۆ خواردنەوەی بەشێكی تر، دەبێتە مەیدانێك بۆ هەڵپەی بەدەستهێنانی زۆرترین قازانج لەلایەن بازرگانە چاوچنۆك و فریودەرەكانەوە كە چاویان بەگڵی سەر گۆڕەكانیان نەبێت بە هیچ شتێكی ترپڕ نابێتەوە.

هەموو ساڵێك لە مانگی ڕەمەزاندا نرخی كەلوپەلە خۆراكییەكان بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزدەبێتەوە، بەشێوەیەك بەشێكی زۆری خێزانەكان ناتوانن سفرەی ماڵەكانیان وەك پێویست بڕازێینەوە بۆ ئەو مانگە.

لەسایەی بەرزبوونەوی نرخی دۆلارو ئیستیغلالكردنی بازاڕ لەلایەن بازرگانە چاوچنۆكەكانەوە، چاوەڕوان دەكرێت ڕەمەزانی ئەمساڵ نرخی كەلوپەلە خۆراكییەكان بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزبێتەوە، دیارە ئەوەش بارگرانییەكی گەورە بۆ سەر سفرەی خێزانە كەمدەرامەت و مامناوەندەكان دروست دەكات.

لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش، بەهۆی ئەوەی بازاڕ دراوەتە دەست كۆمەڵێك سەرمایەدارو بازرگانی چاوچنۆك، بەهیچ شێوەیەك ناتوانرێت نرخی كەلوپەلە خۆراكییەكان كۆنترۆڵ بكرێت.

بەهۆی ئەوەی بابەتەكانی ناو فۆڕمی خۆراك لە كاتی خۆیدا دابەش ناكرێن، هاوڵاتی ناچارە بەشێكی زۆر پێداویستییە ڕۆژانەكان بە نرخێكی زیاتر دابین بكات.

جگە لەوەش بازاڕ و دیاریكردنی نرخی كەلوپەل خۆراكییەكان دراوەتە دەست بازرگانە چاوچنۆكەكان، حكومەت و وەزارەتی بازرگانی هیچ دەسەڵاتێكیان نییە بەسەر دۆخەكەدا، بەو هۆیەشەوە بە ویستی خۆیان یاری بە نرخ دەكەن و دەیانەوێت لەو مانگەدا لەسەر گیرفانی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت گەورترین قازانج بكەن.

هیچ شتێك ناتوانێت چارەسەری  گرانی بازاڕ و چاوچنۆكی بازرگانە هەلپەرستەكان بكات، جگە لە گرتەبەری ڕێوشوێنی توند بەرامبەریان، ئەو كارەش لەم دۆخەی هەرێم و عێراقدا كارێكی ئەستەمە، چونكە سیاسەتمەدار و بازرگان بوونەتە دوانەی یەكتری و هەریەكەیان كارو ئەركەكانی ئەویتریان رادەپەڕێنێت و بەرژەوەندییان بەشێوەیەك تێكەڵاو بووە ئەستەمە بتوانرێت لێك جیا بكرێتەوە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.