بەرزان ئەیوب
ساڵی (2004) لەڕادیۆی دەنگی ئیسلام كارمەند بووم، ڕادیۆكە لەناو مەڵبەندی دووی بزوتنەوەی ئیسلامی بوو لە سلێمانی گەڕەكی ئاشتی...
ڕۆژانە بەرنامەیەكم هەبوو بەناوی (بەرامەی ئیزگە) بەرنامەیەكی ئاینی پەروەردەیی كۆمەڵایەتی بوو، زۆر جوان و كاریگەر بوو، ڕۆژانە دەیان كەس لە هەردوو ڕەگەز سەردانیان ئەكردین، دیاریان بۆ ئەهێناین و دەعوەتیان ئەكردین...
جەماعەتی مەڵبەند و ڕادیۆ وتیان كاكە تۆ گەنجیت و ماشائەڵا قۆزیت ئەبێ بەزوترین كات ژن بێنیت، ئەمە ناكرێ ئەم هەموو ئافرەتە دێن هەدیە و سەلام و كەلام لەگەڵ تۆ بكەن...
وتم موچەكەم (67500) شەست و حەوهەزار و نیوە، ژن چۆن بەو موچەیە دێت؟ وتیان تۆ بیهێنە ئێمە هاوكاریت ئەكەین و موچەكەت زۆر بۆ زیاد ئەكەین...
دەی برا سەرتان نەیەشێنم پەنیان پێدام و ژنم هێنا، تەنها دوو ڕۆژ دوای گواستنەوە چومەوە بۆ ڕادیۆ، ئەو كاتە یەك ڕۆژ پێش ڕەمەزان بوو، ویستم بەرنامەیەكی تایبەت ئامادە بكەم بۆ یەكەم ڕۆژی ڕەمەزان، كە گەیشتمە ناو مەڵبەند و ڕادیۆ لە حەرەسی بەردرگاكەوە هەتا یەك بەیەكیان دەم و چاویان دابوو بەیەكا ئەتووت كافر و دوژمنیان بینیوە، دوای سڵاو كردنم بەگەرمی و بەسارد و سڕی وەڵام دانەوەم وتم برایان هیچ بووە؟؟؟ خوا عەلیمە وامزانی مەسولێكی گەورەی بزوتنەوە مردوە.
ئامانج محمد كارمەندی ڕادیۆ و خزمی سەید موحسین لەوێ بوو وتی كاك بەرزان وەرە بابچینە ئەو مزگەوتە ئیشم پێتە، وتم بەرنامەی سبەینێ ئامادە ئەكەم، وتی بەرنامەی چی خوا عەفوت بكا، تۆ وەرە بابڕۆین ئیشی زۆر گرنگم پێتە...
دڵم خورپەیەكی كرد و لەگەڵیا ڕۆیشتم بەرەو مزگەوتی دارسەلام، لەناو مزگەوتەكە دوای دوو ڕكات نوێژی سونەت، ئامانج وتی كاك بەرزان زۆرم پێناخۆشە ئەم هەوڵەت پێ ڕائەگەیەنم.
وتم هەواڵی چی؟
وتی لەڕادیۆ فەسڵ كراویت
وتم بۆچی ؟
وتی برایانی مەڵبەند و ڕادیۆ ئەڵێن لەبەرئەوەی لەكاتی ژن گواستنەوەدا ئاهەنگتان گێڕاوە..
كەمێك پێكەنیم وتم جا ئەوە كەی كێشەیە؟
ئاهەنگێكی بچوك بوو، خزم و كەس و كار كردیان، نە پەخش كراوە نە بڵاوكراوەتەوە، ئەسڵەن من و خێزانم بەهیچ شێوەیەك حەزمان لەئاهەنگ نیە...
وتی بەخوا بڕیارێكە و دراوە، هەر باش بوو هێشتیان بێیتە ناو مەڵبەند و ڕادیۆشەوە، چونكە ئەو برایانە ئەمریان كردبوو هەر لەدرگای حەوشەوە دەرت بكەن...
وتم ئاخر چۆن كاری وا لەگەڵ من ئەكەن؟ تازە زاوام، خانوم بەكرێ گرتوە، ئیش و موچەی ترم نیە.
وتی بەخوا زۆرم پێناخۆشە بەڵام دەسەڵاتم نیە، بڕیارێكە و دراوە...
ئێوارەی ئەو ڕۆژە بەدڵێكی زۆر شكاوەوە ڕۆیشتمەوە بۆ لای تازە بووك، وتی ئەوەچیە بۆ وا بێ تاقەتی؟
وتم لەڕادیۆ فەسڵ كرام لەسەر ئاهەنگی ژن گواستنەوە.
خێزانم لەمن خراپتر شۆك بوو...
ئیتر ئەوە ئەخلاقی بزوتنەوەی ئیسلامی بوو لەگەڵ ئێمە كە باشترین كار و خزمەتمان ئەكرد بەو موچە كەمە، ئێستا پێنج كورسی بەلاشی پەرلەمانی كوردستانیان دەستكەوتوە چۆن ملی خۆیانی بۆ ناشكێنن...
سەدان بن دیواری حەرام خۆریان هەیە موچە لە حكومەت وەرەگرن و پێیان عەیب نیە و بەحەڵاڵی ئەزانن، ئاهەنگێكی بچوكی ژن گواستنەوەش بەحەرام ئەزانن و خەڵكی لەسەر نان بڕاو ئەكەن...
هەر خۆتان بەخۆتان بن بچوكی دێزی نابوتانە ....