سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

سەلەف و خەلەف!

24/03/2023


حسێن عەلی شەریف

بەر لە سەدان ساڵ كاتێك ئیسلام هاتۆتە ناوچە كوردییەكان و ناوچەكانی گەلانی ئەم ناوچەیە، جا ئیتر سەرەتا بە خۆشی بووبێت یان بە ناخۆشی، بەڵام دوای جێگیربوونیان دەستكاری داب و نەریت و بۆنە نیشتیمانی و جلوبەورگی خەڵكی ناوچەكەیان نەكردوە.

بۆئەوەی دڵنیاشبین لەوەی كە وابوە، ئەوە پێویستیمان بەوە نییە بە دوای سەرچاوەی مێژوییدا بگەڕێین و دوای قیل و قال و حەدەسەنا  فلان  عەن ئیبن فلان بكەوین، بەڵكو مانەوەی جلوبەرگی گەلانی ناوچەكە و مانەوەی بۆنە نەتەوەییەكانی خەڵكی هەتا ئەمڕۆ ئەوە ئەسەلەمێنێت كە ئیسلام نەك دژی جلوبەرگ و بۆنەكان نەبوە، بگرە سودیشی لە شێوەی ژیان و جلوبەرگی داپۆشراو و جوانی گەلانی ئەم ناوچانە بینیوە!

ئاشكرایە ئەگەر ئیسلامی دوێنێ، وەك ئیسلامی ئەمڕۆی هەندێك مەلا و بەناو موسڵمانی كورد بوایەین ، ئەوە دەمێكبوو ئیسلام لەم ناوچانەدا خۆری ئاوابوبوو، چونكە هیچ هێزێك نیە لە دونیادا لە ڕیگەی زۆر و هێزەوە بیری خۆی لە ناوچەیەكدا جێگیربكات!

ئەوەی زۆر سەیرە و نایبینین ئەوەیە كە هەرگیز یان بەدەگمەن ڕێئەكەوێت مەلایەك یان موفتیەكی موسڵمانی عەرەب دژی بۆنەی نەورۆز و بۆنەكانی تری گەلانی ناوچەكەبن، بەپێچەوانەوە ئەوەی سەنگەری دژایەتی لە نەورۆز و جلی كوردی و ناوی كوردی گرتوە ، هەندێك بەناو دینداری كوردە نەك خەڵكی تر!

موسڵمانی كوردی دوێنێ نەوەك ئاینی بەسەرپێی و نەزانی وەرنەگرتوە، بەڵكو سەدان زانا و عەلامەی گەورەشی پێشكەشی  ئیسلام كردوە، بە سەدان زانای پایەبەرزی كورد لە مێژوی ئیسلامدا بوونەتە مەرجەع و سەرچاوەی زانست بۆ گەلانی ناوچەكە، بەڵام یەكێكیش لەو زانا و عەلامە پایەبەرزانە ڕۆژێك لە ڕۆژان یەك وشەی خراپیان بەرانبەر نەورۆز بە دەمدا نەهاتوە، كەچی بەداخەوە هەندێك هەلتۆقیوی ناو دونیای سۆسیالمێدیای ئەمڕۆ، وەكئەوەی كورد تازە ئاینی ئیسلامی پێگەشتبێت، ئاوا فێرمان ئەكەن كە ڕقمان لە نەورۆزبێت!

نەورۆز بۆنەیەكی ئاینی نییە هەتا باس لەوەبكرێت كە ئایا حەرامە یان حەڵاڵ، نەورۆز بۆنەیەكی گشتییە كە دژ بە هیچ ئاین و بۆچونێكی ئاسمانی ناوەستێتەوە، هەربۆیە هەتا ئێستاش ئەمساڵ لە پاری گەرموگوڕترئەبێت.

هەرچی بەرانبەر نەورۆز بگوترێت و بكرێت هیچ لەو مەسەلە ناگۆڕێت هەر كە بیست و یەكی ئادار هات، خەڵكی وەكئەوەی خوێنی بكەوێتە جوڵە بەرەو پیری نەورۆز ئەڕوات و پێی دڵخۆشئەبێت هەر ئەم خەڵكەش كە ئێستا بە جلی  ڕەنگاوڕەنگی جوانەوە شادی ئەكات، سبەینێ لەهەموو موسڵمانانی تری دونیا زیاتر بە دەنگ بانگی مەرحەبا یا مەرحەبای مانگی پیرۆزی ڕەمەزانەوە ئەڕوات، كەواتە كورد پێویستی بە فەتوای سەیری ئێوە نییە و نەبوە بۆئەوەی فێری دینداری بكەن. 

نەورۆز جەژنی كوردێكی موسڵمانە وەكچۆن جەژنی كوردێكی ئێزیدی و زەردەشتی و یارسانی و كاكەیی و هاواری و یارسانییە، نەورۆز بۆنەیەكی كوردییە وەكچۆن بۆنەیەكی فارسی و ئازەری و تەواوی گەلانی ئەم ناوچەیە.

نەورۆز دژایەتی هیچ ئاین و نەتەوەیەك ناكات و هەر ئاین و نەتەوەیەكیش بكەوێتە دژایەتی نەورۆز جگە لە خۆناشیرینكردن زیاتر هیچی بۆ نامێنێتەوە.

ئەوەی گرنگە كە لەنەورۆزدا بكرێت ئەوەیە كە زیان بە سروشت نەگەیەنرێت، ژینگە تێكنەدرێت، لە كاتی چونە دەرەوەدا سەیارە بە هەڵە لێنەخوڕێت، ژاوەژای زۆرنەكرێت و بێڕێزی بەرانبەر هیچ كەسێك نەكرێت.

سڵاو لەو ژن و پیاوە جوانانەی كە فەیسوبوكیان بە وێنە جوانەكانیان ڕازاندبوویەوە، سڵاولەهەموو ئەو دیندارە ڕاستەقینانە كە بە جلی كوردی و بە خۆشی هاتنی نەورۆزەوە لە مزگەوت و بازاڕ و شاخ و دەشتەكاندا خۆشییان بەخشیەوە!

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.