سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

مەلا بەختیار: پەروەردەكردنی عەقڵ، زۆر لە داهاتی نەوت و گاز لەپێشترە

04/05/2023


لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی، لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، خولی (راهێنانی سەركردایەتیكردنی رێكخراو) بۆ 23 كادیر و چالاكوانی بواری رێكخراوەیی بەڕێوەچوو، كە تێیدا لەلایەن سیاسەتمەدار و كەسانی پسپۆڕەوە وانەكان پێشكەشكران. خولەكەش بە هاوبەشی لەنێوان تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر و رێكخراوی چەپك رێكخرابوو.

دەستپێكی خولەكە بە وانەیەكی مەلە بەختیار سیاسەتمەدارو رۆشنگەر دەستیپێكرد بە ناونیشانی (چۆن دەتوانن ببنە سەركردەی رێكخراو)؟

مەلا بەختیار لە سەرەتای باسەكەیدا تیشكی خستە سەر چەمكی گەشەپێدانی مرۆیی و لەوبارەیەوە وتی: ئەم زانستە لە نزیەكی 50 ساڵی رابردوە سەریهەڵداوەو گەشەی سەندوە، زۆرێك لە بیرمەندان و پسپۆڕان پێیانوایە گەشەپێدان و پەروەدەكردنی عەقڵ، زۆر لە سەرچاوە سەروشتیەكانی وەكو نەوت و گاز لەپێشتر و گرنگترە، بۆ نمونە وڵاتێكی وەكو تایوان نەوتی نیە بەڵام داهاتی تاك زۆر بەرزە، ئەمەش بەهۆی پەروەردەكردن و پەرەپێدانی عەقڵ و مەعریفەوە دروست بوە. سەنگاپورە نەوتی نیە، لە ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوەوە لە دواكەوتوترین وڵاتەوە گەیشتە هەرە پێشكەوترین وڵاتانی جیهان، ئێستا پاسپۆرتی سەنگاپورە پلەی یەكەمی هەیە لە جیهاندا، لەكاتێكدا سەنگاپورە قەترەیەك نەوت و گازی نیە، بەڵام تەنیا لەڕێگەی پەروەردەو گەشەپێدانی مرۆیی ئاوا پێشكەوتن.

دەربارەی سەركردەش، مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەكرد، كە وشەی سەركردە لە دوو وشەی لێكدراو پێكهاتوە، سەر لەگەڵ كردە، واتا ئەو سەرەی كە كردە و كردەوەی هەیە. واتا ئەو كەسەی بە كردار دەتوانێت بیسەلمێنێت توانای هەیە. وتیشی: ئێوە پێش هەموو شتێك پیویستە رێبازەكەتان رونبكەنەوە كە دەبن بە چ سەركردایەتیكردنێكی رێكخراوەیی، ئەگەر هەر دەتەوێت ببیتە سەركردەیەكی بچوك ئەوە كارێكی ئاسانە، بەڵام ئەگەر دەتەوێت ببیتە سەركردەیەك كە مەدەنیەت و دادپەروەری و ئازادی بەدیبهێنیت، ئەوا پیویستە پەروەردەكردنی عەقڵت لە ئاست ئەو ئامانجانەدا بێت.

مەلا بەختیار، لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد كە ئێستا بارودۆخی هەرێمی كوردستان لەقۆناغی گوزەری دیموكراسیدایە، كە ئەم قۆناغەش پڕە لەكێشە و گیروگرفت و تەنانەت شەڕی ناوخۆش، وڵاتانی دیكەش هەر بەم قۆناغەدا تێپەڕیون، ئنجا بونەتە وڵاتی دیموكراسی، بۆیە لەم قۆناغەدا ئێمەی كورد پێویستمان بە پەروەردەكردن و گەشەپێدانی عەقڵ و خەباتی مەدەنی و پەوەردەكردنی سەركردەی رێكخراوەییە. وتیشی: لە ئێستادا سەرچاوەكانی پەروەردەكردنی عەقڵ زۆر و فراوانن، ئێستا جگە لە كتێب و قوتابخانە، زانكۆ هەیە ئینتەرنێت و گوگڵ هەیە كە دەتوانی هەرچیت بوێت تێیدا بەدەستیبێنیت، بۆیە پێویستە ئێوە سود لەم سەرچاوانە وەربگرن و رۆژانە بە بەردەوامی و بە بەرنامە كاتێكی كەمیش بێت بۆ خوێندنەوەی تەرخان بكەن.

دوای تەواوبونی وانەكەی مەلا بەختیار، ئامادەبوانی خولەكە، پرسیارو سەرنجەكانیان دەربارەی بابەتەكە خستەڕوو، مەلا بەختیاریش وەڵامی پرسیارەكانی دانەوەو هێندەی تر گفتوگۆ لەسەر باسەكە كرا.  ئامادەبوەیەكی خولەكە، پرسیاری ئەوەی هەبوو كە كێ لەناو كوردا بە سەركردە لەقەڵەم دەدرێت، مەلا بەختیار لە وەڵامدا ئاماژەی بەوەكرد كە ئەقڵی گەورە لەناو كوردا هەن، بەڵام ئەقڵی گەورەی وەكو مام جەلال لە مێژوی كوردا هەڵنەكەوتوە، ئەمە بەو مانایە نیە كە مام جەلال رەخنەی لێنەگیرێت، بگرە خۆم لە كتێبی  (لەبری بیرەوەرەی) رەخنەم لە مام جەلال گرتوە.

وانەی دووەمی خولەكە، لەلایەن شاخەوان دوكانی بە ناونیاشانی (ئەوروپا لەنێوان واقیع و خەیاڵدا.. ئایا كۆچ دەمانگەیەنێتە چ كەنارێك؟) پێشكەشكرا.

هەر لە بەردەوامی خولەكەدا، دوانیوەڕۆی هەمان رۆژ، دوو بابەت لەلایون م. عەباس جومعە بەرێوەچوو بە ناونیشانی (ئەتەكێت لەكاتی سەركردەبون و نمایندەكردنی كاری رێكخراوەیی) هەروەها بابەتی دووەم بەناونیشانی (هونەری مامەڵە كردن و هونەری بێژان) پێشكەشكران.

دواین وانەی خولەكەش لەلاین پرۆفیسۆر د. هێرش رەسوڵ، بە ناونیشانی (راگەیاندن و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی) پێشكەش كرا.

دوای تەواوبونی وانەكانیش بڕوانامەی رێزلێنان بەسەر ئامادەبواندا دابەشكرا.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.