سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

یەكگرتوو و هەدەپە

پێش 3 هەفتە


د. سەردار عەزیز

یەكێك لە ڕەخنەكانی برادەرانی یەكگرتوو لە هەدەپە ئەوەیە كە دەبوو لە گەڵ ئەردۆگاندا حكومەتیان پێكبهێنایە بۆ ئەوەی بەر ئەو هەموو سزایە نەكەوتنایە. ئەمە تەنها ڕایەكی میدیایی نیە، بەڵكو خۆم لە زۆرێك لە كەسانی باڵای یەكگرتووم بیستوە.

برادەرانی یەكگرتوو ئەم ڕایە وەها دەخەنە ناو گفتوگۆوە وەك ڕەوایی دانێك بێت بە ڕەفتارەكانی ئەردۆگان بەرامبەر هەدەپە، بەو پێیە هەدەپە نەیویستوە هاوكاری ئەردۆگان بێت بۆیە، سزا دەدرێت.

ئەم دیدە لە چەند ئاستێكدا ترسناكە، لە ئاستی تێگەیشتن لە دیموكراسی، لە تێگەیشتن لە حوكومڕانی، لە ئازادی و چەندین بواری تر، بەڵام لە سەروی هەمویەوە ئەوەمان پێدەڵێت كە هێزێكی سیاسی دونیابینی چۆنە و ئەگەر سبەینێ بێتە سەر دەسەڵات چۆن ڕەفتار دەكات.

بۆچی ترسناكە؟ 

گریمان ئەو تێزەی كە دەڵێت ئەگەر هەدەپە هاوكاری ئەردۆگان بوایە، وەهای بە سەر نەدەهات، ڕاستە. ئەم تێزە زەمینەی ئەو دیدەمان بۆ دەڕەخسێنێت كە ئێمە لە ناو كایەی پاداشت و سزاین نەك دیموكراسی. بەم پێیە، لە ناو ئەم كایەیەدا براوەی موتڵەق یان رەها هەیە لە گەڵ ئەوانەی تر كە نەك هەر دۆڕاون بەڵكو شایستەی ئەوەی یان دەكرێت سزا بدرێن. بە پێی ئەم دیدە ئەردۆگان مافی هەیە سزای هەدەپە بدات چونكە هاوكاری نەبوە. ئەمە دیموكراسی نییە و مۆدێلێكی ئێجگار ترسناكە بۆ حوكمڕانی. 

بنەمای حوكمی دیموكراسی نابێت لە سەر براوەی ڕەها و دۆڕاوی ڕەهای، یان لە سەر بونی مافی سزادان بەوەی هاوكاری براوەنیت هەتا بگات بە ئامانجەكانی بونیادبنرێت. كرۆكی سیستەمی حوكمڕانی تەندروست ئەوەیە كە گشتگیربێت نەك پەرتكەر و سزادەر و بە شەیتانكردن.

ئەگەر هەدەپە لە بەر ئەوەی هاوكار نەبوە ڕەوابێت سزا بدرێت، ئەوا زەمینە دەڕەخسێنەت بۆ ئەوەی هەمیشە بەهێز مافی هەبێت كە سزای لاواز بدات بەوەی كە گوێڕایەڵی نییە، ئەمەش لە ڕوی ئەخلاقیی و مرۆییەوە تاوانە.

برادەرانی یەكگرتوو دەبێت كەمێك فراوانتر بیر بكەنەوە. ئەوەی ئەردۆگان لە توركیا دەیكات، مودیش لە هیند دەیكات، بەڵام لە هیند مودی سزای موسوڵمانان دەدات. 

حوكمڕانی تەندروست لە سەر بنەمای هێز و سزادان و بێبەریكردن و بردنەوەی ڕەهانابێت، چونكە دەرئەنجامەكەی پەرتبون و قین و كینە و شلەژانە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.