سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

فاشیست و حەنەفی و ئیخوان

پێش 3 هەفتە


هونەر تۆفیق 

فاشیزمی توركی لەسەرەتای دروستبوونی كۆمارەكەی ئەتاتوركەوە بەو جیوگرافیایە ڕازیبوون لە میراتی سەڵتەنەتی عوسمانیەوە بۆیان مایەوە ، ڕیسكی پەلهاوێشتنیان بۆ دەرەوە نەدەكرد (جگە لە قوبرس و ئەسكەندەرونە) بەتایبەتی توخنی جیهانی ئیسلام و وڵاتانی عەرەبی نەدەكەوتن . لەناوەوە خۆیان توند دەكردەوە لەدژی كوردەكان كە بەمەزهەب شافیعی و تەریقەتیش نەقشبەندی بوون . 

عوسمانیەكان بە ڕێكەوت نەبوو مەزهەبی حەنەفیان بۆ سەڵتەنەكەیان هەڵبژارد . چونكە لەناو هەر چوار مەزهەبەكەدا تەنیا حەنەفیەكان پێیان وابوو مەرج نیە كەسی خەلیفە دەبێت لە نەوەی هاشمیەكان بێت . سوڵتانە عوسمانیەكان دەیانویست ڕۆڵ و پێگەی خەلیفەشیان هەبێت كە حەنەفیەكان شەرعیەتیان دەدا بە غەیرە عەرەب و غەیرە قورەیشی و غەیرە هاشمی وەكو ڕەچەڵەكی تۆرانی ببن بە خەلیفەی موسڵمانان . 

حەنەفیەكان كە لە توركیا و میسر و شام زۆرینەن لەپاش كۆتایی خەلافەتی عوسمانی لە ڕێگای ئیخوان موسلمینەكانی میسرەوە هەوڵی سەرلەنوێ گەڕانەوەی خەلافەت دەدەن . لە ئەربەكان و گیولەینەوە بۆ ئاك پارتیەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و حەنەفی توركی بەهەمان ڕێڕەوی ئیخوانەكان جیاواز لە فاشیزمی توركی لەسەرەتاوە هەوڵی گەڕانەوە بۆناو جیهانی ئیسلام و وڵاتانی عەرەبی و گەلانی دیكەی ناوچەكە دەدەن . 

چ گیولەین و چ داود ئۆغڵۆ و ئەردۆغان سەرەتا كوردیان بە ئامانج گرت . بەر لەوەی دەستەڵاتیش لە توركیا بگرنە دەست لە ڕێگای پەیوەندیان بە ئیخوانی كوردیەوە لەناو كوردەكاندا بڵاوبوونەوە . لە ڕێگای ئاژاوە نانەوەی بەهاری عەرەبیشەوە خۆیان خزاندە ناو ئیخوانی میسری و سوری و قەتەری و عێراقیەوە . لەگەڵ دروستبوونی دوژمنایەتی گیولەینیەكان و ئەردۆغاندا لەناوخۆی توركیادا ئیخوانی حەنەفی توركی كە ئەردۆغان ڕابەرایەتی دەكات بووە هاوپەیمانی فاشیستی توركی (مەهەپە) پێكەوە ستراتیژێكی نوێیان بۆ حەنەفیەتی توركی داڕشت كە بریتی یە لە فراوانكردنی جیوگرافیای توركی لە ڕێگای ئایینی ئیسلامەوە كە تەواو ئایدیۆلۆجیای ئیمپریالیزمی عوسمانیەكانە بەناوی بڵاوكردنەوەی ئایین و سەركردایەتی ئەردۆغان لەناو گەلانی ناوچەكەدا ، بەتایبەتی كوردەكان كە ساڵانێكی زۆرە سەرپەرشتی ئیخوانی كوردی دەكەن بۆ گەیشتن بەو خواستە . 

لەم كورتە مێژووەی باسكرا لە پەیوەندی ئیخوانی حەنەفی توركی و فاشیەكانی توركیادا لەوە تێدەگەین هەر كوردێك بانگەواز بۆ سەركەوتنی ئەردۆغان و بردنەوەی بكات ڕاستەوخۆ پشتیوانیكردنە لە فاشیستی توركی و قبوڵكردنی  داگیركاری توركیە بۆ نیشتمانی كوردان .

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.