سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئایا ناوەكانی خودا هەموویان لەهەموو بارێكدا جوانن؟

پێش 2 هەفتە


رێبین ئەحمەد رەشید

ناوەكانی خواهێندەی ژمارەی ئەتۆمەكانی بوونن، ناوەكانی خودا ناوی زات نین بەڵكو سیفاتن، سیفاتیش ئیعتیبارین نەوەك زاتی و حەقیقی بن و بوونی واقیعییان ئاوێنەی ڕاستەقینەی ناوەكە بێت. بۆ تێگەیشتن لە ئیعتباری بوونی ناوەكانی خودا دەبێت سەرەتا لە وشەی ئیعتبار تێبگەین.

ئیعتیبار بەو مانایە دێت لە شتێك مانایەكی گەورەتر لەخودی شتەكە بخوێنینەوە. ئیعتیبار زیاتر سەبجێكتیڤە نەوەك ئوبجێكتیڤ بێت تا لە دەرەوەی خۆمان هەمومان چونیەك هەستی پێ بكەین، ناوەكین زیاتر نەوەك دەرەكی بن. بۆ نمونە من كتێبێك دەخوێنمەوە، كارێكم بۆ دروستدەبێت، كاغەزێك لەنێوان كتێبەكەدا دادەنێم تا كارەكەم تەواو دەكەم و دواتر دێمەوە سەر خوێندنەوەكەم. لەچاوی بونەوەرێكی دەرەوەی مرۆڤدا دانانی كاغەزێك لە نێوان پەڕەكانی كتێبێكدا دەشێت هیچ مانایەكی نەبێت، بەڵام لەچاوی مرۆڤێكدا ئەم كارە كارێكی ئیعتبارییە، دەلالەتی تایبەت بە خۆی هەیە، ئەم كاغەز دانانە واتە من تا ئێرەم لەم كتێبە خوێندووەتەوە. كارەكە دەشێت خۆی لەخۆیدا زۆر بێ مانا بێت، ئەوەی مانا دەداتە كارەكە ئیعتباری منە وەك كەس بۆ ئەو كارە. یاخود تەماشای هەڵبژاردن بكە، من كاغەزێك دەخەمە نێو سندوقێك، دەشێت مەیمونێكیش كتومت وەك من ئەو كارە بكات، بەڵام ئەوەی من لەمەیمونەكە جیادەكاتەوە ئیعتیباری پشت كارەكەیە، ئەو كاغەزەی من دەیخەمە نێو ئەو سندووقە كەسێك دەكاتە پاشا و كەسێكی دیكە لە پاشایەتییەوە دەكاتەوە كەسێكی ئاسایی، بەڵام سندوقی لای مەیمونەكە وانییە، كارێكی تەواو بێمانایە.

بۆ تێگەیشتن لە ناوەكانی خوداو دواتر دوعاكردن پێیان ئێمە دەبێت لە بیركردنەوەی سەلەفییانە و ئوبجێكتیڤیی بۆ بونیان دەرچین و زۆر بەباشێ لە ماناكانی ئیعتیبار و حەقیقەت تێبگەین.

لە سروشت و یاساكانیدا بەهچ شێوەیەك ئیعتیبار بوونی نییە، واتە لە دروستبوونییەوە تا ئەمڕۆ گەردون و سروشت بە یەك جۆر سوڕاون، هیچ دەلالەتێكی مێژووییمان نییە بڵێت ئەم یاسایانە ڕۆژێك لەڕۆژان وەستاون، یا بەشێوەیەكی دیكە كاریان كردووە. زانستە سروشتییەكان زیاتر سەر بەم باسەن، واتەئیعتیباری نین، هەر لەبەر ئەم هۆكارەیە بەهیچ شێوەیەك "درۆ" لە سروشتدا بوونی نییە، ئەوەی وادەكات "درۆكردن" لەدایك بێت ئیعتیبارە نەك حەقیقەت، ئیعتیباریش شتێكی تەواو تایبەتمەنە بە ئێمەوە وەك ئەو بونەوەرانەی خاوەنی شعورو و ڕیسێپتەری ئیعتباریین.

سەبارەت بە ناوەكانی خودا دەبێت لەم ڕوانگەیەوە تەماشایان بكەین، ئیعتباراتی ئێمە بۆ ئەو ناوانە ئەو ناو و سیفەتانە دێنێتە بوون نەوەك خۆیان لەخۆیاندا بوونی سەربەخۆیان هەبێت. جارێك نادانێك دێت بۆلای عیسا، پێی دەڵێت گەر تۆ پێغەمبەری خودای ئەو ناوەم فێربكە كە مردووی پێ زیندوو دەكەیتەوە. عیسا زۆری لەگەڵدەڵێت كە وشەكان گرنگ نین، نەفەسی پشت ئەو وشانەو ئیعتبارەكەیان گرنگە نەوەك جوڵاندنی دوو لێو و ئەنامدانی ورتە ورتێك، دیارە ئەم هەر سوورە و هەرتێناگات. خودا عیسا ئاگادار دەكاتەوە ئەو وشانەی پێ بڵێت كە مردوو زیندوو دەكاتەوە، كابرای نادان وشەكان فێردەبێت و دەڕواتە گۆڕستانێكی ئۆرشەلیم، هەرچی دەیڵێت هیچ مردوویەك لەگۆڕەكەی نایەتە دەرەوە، دێتەوە لای عیسا و دەستدەكات بە قسەی بەرز و نزم، عیسا سەری بۆ ئاسمان بەرز دەكاتەوە و دەڵێت:" خودایا تەماشای ئەم بەندەیەت بكە و ئاوڕێكی لێبدەرەوە. ئاخر من دەتوانم چی پێ بڵێم لە كاتێكدا خۆی مردووە و پێویستی بە زیندوو بوونەوە هەیە بەڵام داوای زیندووكردنەوەی مردووەكان دەكات"

لێرەوە تێدەگەین ئیعتیبار و ناوەكانی خودا دوانەیەكی چەندە لێكئاڵاو و پێچیدەن. بەدڵنیایی ناوەكانی خودا زیاتر لە نەوەدو نۆ ناون، ئەوە تەنها عەقڵێكی لەچوارچێوەنراوی سەلەفیزمە كە توانای دەركی زات و سیفاتەكانی باری تەعالای نییەو پێی وایە خوداش دەبێت لە چوارچێوەی ژمارە بگیردرێت و لە نەوەد و نۆدانەدا حەسریان دەكات، چونكە خۆی توانی دەرچوونی لەو چوارچێوەیە نییە، بەعەقڵێی تەوا سروشتی نەوەك مرۆیی دەجوڵێتەوە. ناوەكانی خودا بەئەندازەی تەجەلیاتن لە گەردون و بووندا واتە ملیارەهان، "قل لو كان البحر مدادا لكلمات ربي لنفد البحر قبل ان تنفد كلمات ربي"

ڕۆچوون لەهەرناوێكدا و ئیستیغراق تێیدا هەرچەندە حوسناش بێ دەیكاتە شتێكی قەبیح، سیفاتەكانی خودا تەرازوو و میزانن، ئاماژەن بۆ شتێ لەخۆیان گەورەتر، هەركەسەو بەقا گۆزەكەی دەستی دەتوانێ لەم دەریایە ئاو هەڵگۆزێت، دەریا ویستی و حەزی جێكردنەوەی هەموو دەریا لەگۆزەیەكدا دیارە چەندە شتێكی مەحاڵ و نەكردەیە. ویستی قوتدانی دەریا ویستێكی بەتاڵ و بێ جەدوایە. دەشێت ئیستیغراق لەنێو ناوێكدا بمانكاتە موشریكێكی تەمام عەیار.

هەموو گەردوون بە خێر و شەڕییەوە، بە باشە و خراپەیەوە، بە بوون و عەدەمییەوە، بە كوفرو ئیمانییەوە، بە جوانی و ناشیرینیەكانییەوە، تەجەلی و درەوشانەوەی ئەو ناوانەن. ئەو ناوانە خۆیان لەخۆیاندا بێ مانان، وەك حەرفی جەڕ لە زمانی عەرەبیدا وان، بە یارمەتی غەیری خۆیان"كە ئیعتباراتی ئێمەیە بۆیان" مانا پەیدا دەكەن. كاتێك جیلوە دەدەنەوە لە عالەمی بووندا كە دەدرێنە پاڵ شتێكی دیكە. دەقیق وەك ئەو تیشكە بێڕەنگە وان تا كاتێك بەناو ئاوێزە یا ئەڵماسدا نەیانبەین ناشكێنەوە بۆ حەت ڕەنگی شەبەنگی بینراو.

بە گوێرەی تەرمینۆلۆژی دینەكان خودا خۆی لە خۆیدا بێ فۆڕمە، كە تەجەلی دەكات و دەچێتە ناو فۆڕمەوە بەزات ناچێت، بەم سیفاتانەوە دەچێت، ئەو سیفاتانەش ئێمە و ئیعتیبارەكەمان مانایان دەداتێ. "المنتقم- تۆڵەسێن" دەتوانێ بە هەزاران جۆری جوان و ناشیرین تەجەلی بكات، تەجەلی"الرحیم- بەزەیی" خوا لە دایكێكدا بۆ مناڵەكەی شتێكی جوانە، بەڵام بۆ كەسێك كە بیهەوێت مناڵەكەی سەرببڕێت ئەم دایكە نابێت ڕەحیم بێت، دەقیق ڕەحیمیەت لە وەها دۆخێكدا ناشیرنیی و قەباحەتە، دایكیك دەبێت لە دۆخیكێی واا "الجبار-توند و سەختگیر" بێت، وەك ئەوەی لە مریشكێك بۆ جوجەڵەكانیدا دەیبینین كاتێك پشیلەیەك دەیەوێت بیانخوات، جەبارییەت لەم كاتەدا دەبێتە جوانی ڕەها.

بەنیسبەت خودی خوداوە ئەو ناوانە نە جوانن نە ناشیرین، چونكە لەڕاستیدا جوانی و ناشیرینیش هەر جیلوەی ئەو ناوانەن و ئیعتباریین، ئەمانە سیفاتن نەوەك زات بن واتە ئاماژە و ئیشاراتن بۆ زات. كوفر و ئیمان، ئاو و ئاگر ، شەو و ڕۆژ بۆ خوا نەباشن نەخراپ، نەجوانن نە ناشیرین، لەو ڕووەوە كە خالقی هەموویانە ئەو بەیەك دووری لەهەموو ئەوانە دەوەستێت، بە قەولی قورئان: "الرحمن علی العرش استوی"، عەرش دووریی چونیەكی زاتی خوایە بۆ تەجەلی و ڕەنگدانەوەی سیفەتەكانی، نەوەك كورسییەك بێت لە ئامان خودا ەسەری دانیشێت، بەڵام كاتێك ئێمە ئیعتیبار و ئیختیارمان دەدرێتێ بۆ ئەوەی جیلوەكان هەڵبژێرین، لێردایە فەرقەكە دروستدەبێت كە دەبێت جوانترینی جیلوەكان هەڵبژێرین. كوفر و ئیمان، ئاو و ئاگر، ڕووناكی و تاریكی وەك مەخلوق بۆ خودا یەك شتن، بۆ ئەو نەباشن نە خراپ، بەڵام كە لە دونیای فۆڕمدا بۆ ئێمە دەردەكەون ئێمە موكەلەف دەكرێین بەوەی ئیمان لەپێش كوفر و ڕووناكی لەپێش تاریكی دابنێین.

من و تۆ ناشێ لۆمەی ئەو كەسە بكەین كە بۆ یەكەمجار پارەی داهێنا، لەبەر ئەوەی بەشی زۆر دزیكردن پاش دروستبوونی پارە دروستبووە، نا، دزیكردن ئەنجام و جیلوەی ئیعتیبارێكە كە ئێمە بۆ پارەی دادەنێین نەوەك لەخودی ئەو پارچە كاغەزەدا هەبێت كە پێی دەگوترێ پارە. واتە گەر پارە ئیعتباری نەما دزیكردن ڕاستەوخۆ دەگوازێتەوە بۆ شتێك كە لای ئێمە ئیعتیباری هەیە. قسەكە نابێ وابكرلت گەر پارە نەبوایە ئەوا دزیكردنیش نەدەبوو، ئیعتیبار بۆ پارە دروستكەری دزیكردنە، بەڵام كەس نایەت نكۆڵی لێبكات. هەموو شتەكانی دیكەش هەر بەم جۆرەن.

سیفاتەكانی خودا زیاتر لە كیتابی مەنشوردا "گەردوون"دا دەردەكەون نەوەك لە كیتابی مەستووردا "كتێبە ئسمانییەكان"". ئەوە سەلەفیەتە پێی وایە تەنها یەك قورئانمان هەیە. گەردوون قورئانێكی تەواو بینراوە كە "كل يوم هو في شٲن" دەقیق ئەمە دەسەلمێنێت. بەنیسبەت ئێمە مانادارن نەوەك بەنیسبەت خۆی. تەماشا شەفەقەت و ڕەحیمیەتەكەی لە دایكێكدا بۆ كۆرپەكەی دەدرەوشێتەوە، بەڵام جەبەروتەكەی لە هەورە بروسكەیەكدا دەردەكەوێت، "السلام" لە ئاوی ڕوبارێك و "المنتقم" ەكەی لە تۆرنادۆیەكی تەكساسدا، ئەمان بەگوێرەی مانا "من حیث المعنی" بۆ ئێمە مانادارن چونكە خاوەنی گۆكنیشن و زیهن و عەقڵ و دڵ و ڕۆح و گیان و دەیان ئامرازی دیكەین كە ئیعتیبار دروستیان دەكات. ناوەكانی خودا هەمیشە بە گوێرەی ئیعتیبار حوسنان، نەوەك بۆخودی خوا خۆی حوسنا بن.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.