سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ماڵی ئیبراهیم

پێش 2 هەفتە


پەیكار عوسمان

بەشی پێنجەم


كێشەی هەموو دینەكان تەحریفەو هەموو پێغەمبەرێكیش كە هاتووە، دوو شتی گرنگی كردوە: لەلایەك ستایشی دینەكانی تری كردوەو وتوویەتی هەموومان یەكین و فەرقی نیە. لەلایەكیش دژایەتی تەحریفی كردوەو ئا لەوەیان بێدەنگ نەبووە.

ستایشەكەی یەكەم، موجامەلە نیە، بەڵكو یەعنی ڕاستی موڵكی كەس نیەو هەموومان لە ڕاستییدا هەر ڕاستین. دژایەتییەكەی دووەمیش، جیاكردنەوەی ئێمەیەك و دژایەتی ئەوانێك نیە، بەڵكو دژایەتی خودی ساختەو درۆیە، كە ئەوەش هی كەس نیەو مۆرێك نیە لە ناوچەوانی كەس درابێ، بەڵكو ئاوێكە هەمووان ئەشێ پێمان تێیكەوێ و هەمووشمان لە درۆدا هەر درۆین.
یەعنی ئەسڵەن شتەكە عەقیدەیی و شوناسی نیەو ئێمەو ئەوانی تێدا نیە، بەڵكو ویژدانی و فەزیلەتی و گشتییە. ئەوەش یاسای ڕاستییەو پێوەرێكە بۆ هەمووان، هیچ كەس و گروپێك لە خودی ڕاستی گەورەترنیەو لە دەرەوەی یاساكەدا نیە.

بەڵام كاهینەكان ئەو حیكمەتەیان هەڵگێڕایەوە، (دژایەتی تەحریفیان كرد بەدژایەتی دینەكان) ئیتر "ئێمەو ئەوان" دروستبوو، ئیتر مەشروعی فەرقی نیەو هەموومان یەكین، فەشەلی هێناو مەشروعی فیتنەو جیاكاریی و "ئێمە زۆر موهیمین" چووە جێگای. بە مانایەكی تر، مەشروعی ڕاستی فەشەلی هێناو مەشروعی درۆ سەركەوت، ئەم درۆیەش بوو بە دین!

دین بەو فۆڕمانەی كە هەیە، ڕێك ئەو شتەیە كە تیایدا، درۆ سەركەوت بەسەر راستییدا. ئاخر ڕاستی تەنیا لەوێدا سەركەوتووە، كە پێوەر بێلایەنبێ و كەس خۆی لێ نەبووبێ بە پێوەرەكە، خوا تەنیا لەوێدا سەروەرە، كە كەس خۆی لێ نەبووبێ بە خوا.. بەڵام كاهینەكان ئێمەیەكیان دروستكردو یەكسانیان كرد بە ڕاستی، ئیتر خۆمان كەوتینە دەرەوەی یاساكەو بووین بە خوا بەسەر ئەوانیترەوە، لەكاتێكا لە بەردەم ڕاستییدا ئێمەو ئەوانێك بوونی نیەو هەموو ڕووت و یەكسانین.

ئەوەی كە ویژدانی و فەزیلەتییەو بۆ هەمووان یەكسانەو هی كەس نیە، كاهینەكان گۆڕییان بەوەی كە عەقیدەیی و شوناسییەو تەنیا هی ئێمەیە، ئیتر ئێمە هەر لە شەریكەوە حەقین و پێش ئەوەی یارییەكە دەسپێبكا براوەین! میزانی حەقیش ئا لەوێوە تێكچوو، ئینقیلاب و ئینحیراف و هەڵگەڕانەوەش، ئا لەوێدا ڕوویداو دین و مەزهەبەكانی ئێستاش سەر بەو هەڵگەڕانەوەیەن.

خۆ "هەجری قورئان" هەر لەوێدا نەكراوە، كە حەدیس و قال و قیل كراوە بە عەنتەر بەسەرییەوە. هەجری قورئان لەوێدا كرا، كە خودی قورئان كراوە بە عەنتەر بەسەر حەق و حەقیقەتەوە، ئیتر هەر ئەوەی كە بە ویژدانی خۆت ئەزانیت حەقە، بە تەفسیری ئایەتێك ئەتوانرێ ببرێ بەلایەكی ترداو حەق و ناحەقت لێتێكبچێ.

ئێستاش كە مەزهەب و دینەكان جیاین و ڕقمان لە یەكە، وردیكەیتەوە ئەساسەكەی درۆیەو ئێمە نابێ وابین. كاتێكیش كە باسی پێكەوەژیان ئەكەین، وردیكەیتەوە، ئەوەش هەر درۆیە، چونكە ئەوەی كە لە ئێمەدا دژی پێكەوەژیانە، تەقدیسی ئەكەین و دەستی لێ بەرنادەین!

تەحریف پەیوەندی بە وشەو ڕستەوە نیە، ئەسڵەن پەیوەندی بە كۆی كتێبەكەشەوە نیە. تەحریف پەیوەندی بە حیرفەو پیشەوە هەیە "ڕێك كاسپییەكەی كاهینەكان".

هەموو دینیك ئەو كاتە ساختەیەو تەحریفكراوە، كە ئەبێتە پیشەو كەمینەیەك نانی لەسەر ئەخۆن، شەڕو فیتنەی نێوان مەزهەبەكانیش ئا ئەم نانخۆرانە دروستی ئەكەن و نایەڵن كۆتایی بێت!

بە دیاریكراویی تەحریف بە شەڕو پارە ئەپێورێ. ئەوەی كە بەرگریكاری دەمارگیرو نانخۆری ساختەچی هەیە، ئیتر پاك و بێنیازو خوایی نیە، بەڵكو ئیگۆیی و گیرفانیی و دەسەڵاتییە. ئەوەش یاسایەكی گشتییەو هیچ دین و فیكرو ئینسانێك لەوە عەفو نیە. ئەگەر وابزانی مەزهەبەكەی تۆ لەوە عەفووە، ئەوە ڕێك لەناو تەحریفەكەدایت، چونكە خودی تەحریفەكە، هەر ئەو وازانینەیە!

ئیمكانی تەحریف لەناو هەموو دینەكاندایەو لە دینێكیشدا جوڵاوەو بەپێ ی سەردەم و دۆخەكان ئەگۆڕێت. هەمان ئینجیل و مەسیحییەت، لە سەدەكانی ناوەڕاستدا، زۆر مونحەریفەو ئێستا كەمتر. هەمان قورئان و ئیسلام، لەدوای سەرهەڵدانی سەلەفیەت و ئیسلامیزمەوە، بێتام مونحەریفەو ئێستا تیایداین. ئینحیرافەكەش بریتییە لە لادان بە لای مەبدەئە جاهیلیەكەی "هەر من ڕاستمدا"، لەكاتێكا "ڕاستی" منی تێدا نیەو ئازادە لە ئیگۆ فەردی و جەماعییەكانی ئێمە!

هەر حەكیمێك بۆ ئەوە هاتووە كە پێت بڵێ، ئینحیرافەكە دوورنیەو هەر لای خۆتە، كاهینەكان ئەمەیان هەڵگێڕایەوەو دووریان خستەوە، كردیان بەوەی كە ئینحیرافەكە لای ئەوانیترەو شمولی ئێمە ناكات، لەكاتێكا ئەمەی دووەمیان حیكمەتێكی ناوێ، تۆ هەر بە دەماری قەبەلی، ئەتوانی غروری خۆت ڕازیكەیت و بڵێ ی من پاكم و ئەو پیسە.

حیكمەت ئەوەیە كە موخاتەبەی خۆت ئەكاو غروری ئیگۆت ئەشكێنێ و ئەوەت پێئەڵێ كە پێت ناخۆشە. ئینحیراف و هەڵگەڕاوەكە، ئەوەیە كە موجامەلەی غرورت ئەكاو پێت ئەڵێ ئێمە زۆر زەخمین. تۆش چەنێك پێتوابێ ئێمە جیاین، ئەونە لەسەر هەڵگەڕاوەكەیت، چەنێكیش پێتوابێ یارییەكە بۆ هەموومان یەكسانەو هەمان بەهاو فەزیلەتە، ئەونە لەسەر حیكمەتیت!

بۆ ئەوەش تەنیا ویژدانی خۆت فریات ئەكەوێ. تۆ ئەگەر بە ویژدانەوە بچیتە خزمەتی كتێبە پیرۆزەكەت، بۆت ئەبێتە هیدایەت و زیاتر بەرەو (پێوەری یەكسان و بەهای موجەڕەد) ئەتبا. كاتێكیش لەو سەرەتا ناویژدانییەوە دەستپێبكەیت، كە من جیام و خۆم پێوەرەكەم، ئیتر ئایەتەكانیش، زیاتر بەقوڕی جیاكارییدا ئەتبەن و ئەبنە تاریكی بۆت!

ئەوە تۆیت قورئان و ئینجیل و فەلسەفەو فیكر.. ئەكەیتە چرا، هەر تۆشی ئەیانكەی بە تاریكی و بە بۆمبی ڕق و فیتنە. تۆ تەنیا ئەو كاتە لە حزوری كتێبێكی پیرۆزدایت، كە خۆت حزورت هەبێ و ئەوەی كە لەناو تۆدا پیرۆزە، لەكاردابێت. تۆ لەخۆتدا دانەگیرسێیت هیچ شتێك بەدەستەوە داناگیرسێ. ئایەتی دەرەوە مانگەو تەنیا ئەوكاتە ڕووناكە، كە ئایەتی ناوەوە خۆربێ و تیشكی ئەوێ ی بەركەوێ.

ئەو هەموو دژایەتییەی مێگەلگەراكان بۆ (عەقڵ و فەرد) ئەزانی بۆ؟ چونكە تەنیا لە هۆشیاری خۆتدا (پێوەری موجەڕەدو یەكسان) دەرك ئەكرێ. لەوێدا عەقڵت بەوە ئەشكێ كە ستەم هەر ستەمە، نەك ئەوەی ستەمی من جیابێ. حەق هەر حەقە، نەك ئەوەی میزان لایەنگری منبێ. (كل اتیە یوم القیامە فردا) "قیامەت و فەرد" دووانەن، قیامەت ساتی خۆناسین و هەستانە لە خەوە جەماعییەكان، خۆناسین ئەوەیە كە ئاگائەبیتەوە بە (پێوەری بێڕەنگ) ئیتر پێوەری ڕەنگەكان، ئەخەیتە ژێر پرسیارو هەنێكیشیان ژێر پێ!

هیچ دینێك لە دەرەوەی تەحریفدانیەو شتەكە ڕابردوو نیە، بۆ هەمووانەو دوێنێ و ئێستاو داهاتووشە. تۆ ئەگەر كاڵاكەی خۆت بكەیت بە پێوەر، ئۆتۆماتیكی ئەویتر ئەبێتە لادەر. ئێ ئەویش هەر وایكردوە، بۆیە تۆش لادەریت بە پێوەرەكەی ئەو. ئەوەش بە زمانی لاكۆڵان پێیئەوترێ كەراوكەركەوتن.

بەڵام ئەگەر "حەق" پێوەرێكی بێلایەن و یەكسان بێت، ئیتر ڕەنگە لادانەكەی من زۆر لە هی تۆ زیاتر بێت و بەخۆم نەزانیبێ!

حەق خۆی سوڵتانەو نابێ سوڵتانی هەبێت، كە خۆتت یەكسانكرد بە ڕاستی، ئیتر تۆ سوڵتانی حەقیت و ئەبیتە شەریكی ئەو خوایەی كە نابێ شەریكی هەبێت. خۆ خەواریجەكان لەوەدا ڕاستبوون كە ئەیانگوت حوكم تەنیا بۆ خوایە، بەڵام لەوەدا هەڵەبوون كە وایانئەزانی حوكمی خوا ئەوەیە كە ئەحمەو لابەیت و مەحمو بخەیتە شوێنی، یان ئەم شەریعەت لابەیت و ئەو شەریعەت بخەیتە جێگای، لەكاتێكا حوكمی خوا هەر ئەوەیە كە كورسی حەق چۆڵبێ و هیچ كەس و فیكرو عەقیدەیەك نەچێ لەوێدا دانیشێ.

ئەگەر تەحریف لادانبێ، پرسیارەكە ئەوەیە چی لەچی لایداوە؟ مەسەلەكە عەقیدەو مەزهەب و كتێبەكان نیەو لادان لەوێدا ڕوونادا، مەسەلەكە ویژدانەو ئەوەیە كە تۆ لە نەفخە خوداییەكەی ناوەوەی خۆت لانەدەیت. كتێبەكە هەرچییەكبێ گرنگ ئەوەیە تێگەیشتنەكەی تۆ ناویژدانیی نەبێت.

ئەوەی كە ناحەقییە، هەزار پێغەمبەر ناتوانن بۆتی بكەن بە حەق، چونكە میزانی حەق لە دەرەوەدا نیەو لەناو ڕۆحی خۆتدایە. ئەوەشی كە حەقە، خۆت ئەیزانیت و حەكیمەكان شتێكی نەزانراویان نەهێناوە، تەنیا هاتوون پێت بڵێن، خۆت گێل مەكە لەوەی كە خۆت ئەیزانیت!

بەڵگەیەكی زۆر سادە، بۆئەوەی كە تەحریف پەیوەندی بە وشەوە نیەو پەیوەندی بە كاسپییەوە هەیە، ئەوەیە كە نبووەت ویژدانیی و بێ ئەجرەو هەموو پێغەمبەرو عارف و حەكیمەكان، هیچیان بۆ خۆیان نەویستووە، بەڵكو قوربانییشیان داوە. بەڵام كەهانەت تیجارییەو بەرامبەری هەیە، دەسكەوتی مادی و پێگەی كۆمەڵایەتی و پشكی دەسەڵات و لەوەڕی تێدایەو لە پەرستگای یەكەمەوە تاكو قیامەت، كەهانەتێكی بەلاش بوونی نیە!

دەنگی خوا لەناو دڵدایەو دەنگی كاهین لەناو مێگەلدایە، لە هەركوێ مێگەل بەهێزبوو لەوێ دڵ مردوە، لە هەركوێ دڵ زیندوبوو لەوێ مێگەل لاوازەو تاك و كۆمەڵگا هەردوكیان گەشاونەتەوە. (كلمە اللە هی علیا) وشەی خوا تەنیا لە ویژداندا ئەتوانێ بەرزبێ، چونكە ئەوێ خۆی وشەكەیە.
ماویەتی

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.