سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بزووتنەوەی بابەكی خوڕەمی

پێش 2 هەفتە


كەیوان ئازاد

یەكێك لە دیارترین ڕووداوەكانی سەردەمی خەلیفە (عەبدوڵا مەئموون)، سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەكی سیاسیی ئایینی بوو بە ناوی (بزووتنەوەی بابەكی خوڕەمی). بزووتنەوەكە لە ساڵی (201ك/ 816ز)- سەری هەڵدا و تا ساڵی (222ك/837ز)ی خایاند. ئەوەش درێژترین و كاریگەرترین بزووتنەوەی سیاسی بوو لە سەردەمی زێڕینی دەسەڵاتی عەباسییەكان، كە سەردەمی یەكەمی دەسەڵاتیان بوو، بە هۆی ئەوەی (22) ساڵی خایاند و (دوو) خەلیفەی یەك لە دوا یەكی عەباسیی پێوە سەرقاڵ كرد، كە (عەبدوڵا مەئموون و محەمەد موعتەسم) بوون.

ئەم بزووتنەوەیە لەلایەن كەسایەتییەكی هەرێمی ئازەربایجان بە ناوی (بابەك) سەری هەڵدا. بابەك لاوێكی بوێر و باوەڕدارێكی ئایینیی مەزدەكی بوو. بڕواش وایە لە بنەماڵەیەكی كوردی لۆڕ بووبێت و لە گوندێكی سەر بە شاری (خوڕەم ئاوا)ی هەرێمی لۆڕستان لەدایك بووبێت، دواتر بۆ پەیداكردنی بژێویی ژیانی ڕووی كردبێتە هەرێمی ئازەربایجان و لەوێش تێكەڵ بە كاری سیاسی بووبێت، تا دواتر سەركردایەتیی بزووتنەوەیەكی سیاسی و ئایینی لە شاری (بەز)ی هەرێمی ئازەریجاندا بكات.

ڕاگەیاندنی بزووتنەوەیەكی سیاسی و ئایینی لەسەر دەستی (بابەكی خوڕەمی) لە شاری (بەز) دوای ئەوە هات، كە (جاویدان كوڕی سەها) لە ساڵی (201ك/ 816ز) كۆچی دوایی كرد. ئەوەش دەرفەتی دایە (بابەك) و هاوڕێیانی، كاروباری شارەكە بەڕێوە ببەن. بە هۆی ئەوەش كە بەشێوەیەكی زۆر باش كاروباری شارەكەیان بەڕێوە برد، هانی دانیشتوانی گوند و شارۆچكە و شارەكانی دەوروبەری دا داوا لە (بابەك) بكەن، كە خاوەندارێتیی گوند و شارۆچكە و شارەكانی ئەوانیش بكات. بەم شێوەیە دەسەڵاتی (بابەك) نەك تەنیا هەرێمی ئازەربایجان، بەڵكوو بەشێكی هەرێمی چیا و ئەرمەنستانیشی گرتەوە.

سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەكی وەها، كە لاوێكی وەك (بابەك) ڕابەڕایەتیی كرد، هەڵێنجراوی ئەو دۆخەوە بوو كە دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی پێیدا تێدەپەڕی. لەوانە ململانێی توندی نێوان (ئەمین و مەئموون) لەسەر دەسەڵات، نەك تەنیا هۆكاری نائارامی بوو بۆ دەوڵەت، بەڵكوو بۆ كۆی گشتیی خەڵك. ئەمەو جگە لە شەڕی بەردەوامی عەباسییەكان لەگەڵ ئیمپراتۆڕی بێزەنتی لە بەری باكووری خۆرئاوا و توركە بتپەرەستەكان لە بەری باكووری هەرێمی ئازەربایجان.

هەروەها خواستی خەڵكی هەرێمەكە و دەوروبەری بۆ ڕزگاربوون لە بەرپرسانی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی، بەهۆی ئەو باجە زۆرانەی خرابووە سەریان. جگە لە ستەمی دەرەبەگ و خاوەن موڵكەكان لە جووتیار و كۆیلەكان. لەنێو ئەو دۆخەشدا (بابەك) بە پشتبەستن بە باوەڕ و بنەماكانی ئایینی مەزدەكی، توانیی چارەسەری بەشێكی زۆری ئەو كێشە و گرفتانە بكات. وەك ئەوەی ئازادیی ئایین و باوەڕی بڵاو كردەوە و كۆیلەكانی ئازاد كرد و و كۆیلایەتی نەهێشت. هەروەها دەستی گرت بەسەر بەشێكی زۆری زەویی دەرەبەگ و خاوەن موڵكەكان و بەسەر جووتیار و كۆیلەكاندا دابەشی كرد.

ئەمەو ئافرەتەكانی سنوورەكەی لە ژێردەستی و بە كەنیزەككردن لەلایەن خەلیفەكانی عەباسی و گەورەبەرپرسانی دەوڵەتەوە ڕزگار كرد و مافە كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەكانی بۆ گێڕانەوە. دواتر لەگەڵ پیاوەكاندا لە ئەرك و مافدا هاوبەشی كردن. بەو هۆیەوەش، بزووتنەوەكەی كردە موڵكی زۆرینەی خەڵك. واتە لەپێناو گێڕانەوەی مافەكان بۆ زۆرینەی كۆمەڵگا، لە كەمینەیەكی دا.

خاڵێكی گرنگی دیكە لەو بزووتنەوەیە، بەشداریی فراوانی چەندین پێكهاتەی وەك (كورد، فارس، ئازەری، عەرەب، ئاسووری، ئەرمەنی) بوون. هەروەها چەندین توێژی وەك (كۆیلە، جووتیار، كرێكار، پیشەوەر، بازرگان) تەنانەت خاوەن موڵك و دەرەبەگەكانی هەرێمەكەش پشتیوانییان لێ كرد، لەگەڵ ئەو كاربەدەستە لێدراوانەی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی، كە وەك ڕقێك لە خەلیفە و بەرپرسانیان، یان لەپێناو گەڕانەوە بۆ سەر كارەكانیان، پشتیوانییان لێ كرد.

ئەمەو (تیوفل)ی ئیمپراتۆڕی بێزەنتییش پشتیوانیی لە بزووتنەوەكە كرد. هەموو ئەو بەرفراوانییەش هاوكاریی (بابەك)یان كرد، كە سوپایەكی (300 هەزار) چەكداری دروست بكات.

بە درێژایی سەردەمی دەسەڵاتی خەلیفە (مەئموون) و چڕكردنەوەی هەوڵەكانی بۆ لێدانی ئەو بزووتنەوەیە، نەیتوانی بەسەریدا سەركەوێت، بۆیە بەرلەوەی كۆچی دوایی بكات، كارەكەی بە (محەمەد موعتەسەم)ی برای سپارد. خەلیفەی نوێش لە یەكەمین هەوڵیدا، سوپایەكی بە سەركردایەتیی (ئیسحاق كوڕی ئیبراهیم) لە ساڵی (218ك/ 833ز) لە شاری (هەمەدان)ەوە ناردە هەرێمی ئازەربایجان، بەڵام دوای ئەوەی ڕووبەڕووی سوپاكەی (بابەك) بووەوە، كە لایەن (عەبدوڵا)ی برایەوە سەركردایەتیی دەكرا، شكستی پێ هێنرا و ژمارەیەكی زۆریش لە سوپاكەی كوژرا.

هەر بۆیە خەلیفە ناچار بوو، ئەم ئەركە بە توركەكان بسپێرێت. بۆ ئەو كارەش (ئەفشین كوڕی كاوس)ی ڕاسپارد، تا سەركردایەتیی سوپایەكی دیكەی دەوڵەتەكەی بكات. (ئەفشین)یش لە ساڵی (222ك/ 836ز) سەركردایەتیی سوپاكەی كرد و بەرەو شاری (بەز) كەوتە ڕێ. لە سەرە رێگاشدا سەرباری ئەوەی لە هەموو ئەوانی دا، كە لایەنگرییان بۆ بزووتنەوەكە دەربڕی، ڕەز و باخ و كێڵگە كشتوكاڵی و ماڵ و دوكان و بازاڕی ئەو گوند و شارۆچكە و شارانەشی سووتاند، تا گەیشتە شاری (بەز). دواتر گەمارۆیەكی توندی خستە سەر شارەكە و قەڵای نزیك شارەكەیشی دایە بەر مەنجەنیق، كە شوێنی ئازووخە و كەرەستەی جەنگیی بزووتنەوەكە بوو.

دوای یەك مانگیش لە گەمارۆدانی شارەكە و لێدان و سووتاندنی بە مەنجەنیق، چووە ناو شارەكە و كەوتە وێزەی خەڵكەی و كوشتنی و شارەكەیشی سووتاند. لەو هەڵمەتەشدا (بابەك) و (عەبدوڵا)ی برای بە دیل گیران و ڕەوانی لای خەلیفە كران. دواتر بە فرمانی خەلیفە دەست و قاچیان پەڕێنرا و لاشەكانیان سووتێنران، بەوەش كۆتایی بە بزووتنەوەكە هات.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.