ئامادەکردنی: دوڕیان
ئەوە بە تەنیا بیروباوەڕی کۆن نییە کە لە کۆنەوە بۆ مرۆڤ دەمێنێتەوە، بەڵکو کۆی ئەزموونی ژیان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێتەوە لە فۆڕمی کەلتور و دابونەریت و چارەسەری کێشە و گرفتەکان و کەرەستە و ئامرازەکانی ژیان کردن و... هتد. کەڵەشاخ (cupping) پێش ئەوەی بچێتە خانەی پزیشکی نەریتییەوە (traditional medicine)، سەر بە خانەی ئوستورەیی و ئایینیە. خوێن لە هەموو ئوستورە و ئایینەکانی دونیادا شتێکی پیرۆز بووە و بە سەرچاوەی ژیان و هێزێکی خودایی زانراوە. نەخۆش کەوتنی مرۆڤ لەسەردەمی کۆندا زۆرجار دەگەڕێنرایەوە بۆئەوەی خوێنەکەی پیسە، بەم بۆنەوە خوین ڕشتن یەکێک لە هۆکارەکانی پاکبوونەوە و دەربازبوون لە نەخۆشی. کەڵەشاخ یەکێکە لەو هەزاران عادەتە کۆنە پێش مۆدێرنەی جیهانی کۆن، کە بۆ مرۆڤ گواستراوەتەوە و مانەوەشی تەنیا پشت ئەستورە بە باوەڕ نەک لایەنی پزیشکی.
کەڵەشاخ شێوازێکی چارەسەری پزیشکی نەریتییـە کە تەمەنەکەی دەگەرێتەوە بۆ نزیکەی 5000 ساڵ لەمەوپێش. لە نوسینی میسرە کۆنەکاندا، بۆ نمونە لە نوسراوە ناودارەکانی Ebers Papyrus کە تەمەنی دەگەرێتەوە بۆ نزیکەی 3550 ساڵ لەمەوپێش و چەند نوسینێکی تریش باسی کەڵەشاخ کراوە. بە هەزارەها ساڵ لەمەوبەر لەناو چینەکاندا و خەڵکی بیابانی گەورە ئەو کارە کراوە. لەناو یۆنانیە کۆنەکانیشدا کاری کەلەشاخ کراوە، بۆ نمونە هیپوکرات ئەو رەوشەی بەکارهێناوە. لەناو خەڵکانی سادەشدا، چ لە ئاسیا یاخود لە ئەوروپا کەڵەشاخ کراوە.
لە سەردەمە کۆنەکاندا و لە هەندێك دەقی ئاینییدا، بروایان بە واتای "خوێنی پیس" هەبوو و وایان دەزانی لە رێگەی رشتنی هەندێ لە خوێنی لەش، کەسەکان لە ئێش و ئازار و فشاری خوێن نەجاتیان دەبێت. ئەمەش لەوە باوەڕەوە سەرچاوە دەگرێت کە خوێنی بە سەرچاوەی ژیان دەزانی. هۆکاری ئەم وێنا هەڵەیەش بۆ ئەوە دەگڕێتەوە کە کاتێک مرۆڤی سەردەمانی کۆن توشی خوینبەربوون بووە و بۆی نە گیرساوەتەوە ئیدی بەو بۆنەوە مردووە. لەم سۆنگەوە خوێن بە سەرچاوەی ژیان دانراوە و پیسبوونی خوێنش وەک سەرچاوەی هەموو نەخۆشییەکان و کێشە ڕۆحییەکان تەماشا کراوە.
دیارە لە پاش دەرکەوتنی زانستی مۆدێڕنەوە کە بە شوێن خۆیدا پزیشکی مۆدێڕنیشی هێنا، پزیشکی نەریتی پاشەکشەیەکی گەورەی کرد. پزیشکیی مۆدێڕن لە ڕێگەی زانستی مۆدێرنەوە هاوکاری مرۆڤی کرد کە نەک لە ڕوالتی مرۆڤ بەڵکوو تا ئاستی نانۆیی خانەی لەش بڕوات و بە وردی ئاگای لە ئەندام، شانە، خانە و ...هتد و ڕۆڵ و کارکردیان ببێت. پێشکەوتنی پزیشکی مۆدێرن بە تەواوی ڕوانگەی مرۆڤی بۆ مرۆڤ و نەخۆشی و چارەسەکانی گۆڕی. بۆیە لە ڕوانگەی زانستی مۆدێڕنەوە کەڵەشاخ هیچ کەڵکێکی نییە. کەڵەشاخ نەک هەر کەڵکی نییە بەڵکو زەرەری هەیە بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لەسەرو چل ساڵەوەیە و لەگەڵ هەلکشانی تەمەندا زەرەرو زیانەکانی زۆرتر دەبێت. کەڵەشاخ دەشێت ببێتە هۆی ئیفلیجی بەشەکی. زۆرجار تێبینی ئەوە کراوە کە پاش کەڵەشاخ قاچ یان دەست هەوەی کردوە و یان توشی سستی بووە. کەڵەشاخ دەبێتە هۆی شۆککردنی سیستەمی بەرگری لەش و ناسک و لاوازی دەکات لە بەرانبەر نەخۆشیدا. دیاردەی کەڵەشاخ بە تەنیا خوێن رشتن نییە، بەڵکوو تێکشکاندنی بەشێکی تیشوەکانیشە.
لە ڕوانگەی پزیشکیی مۆدێڕنەوە، هیچ بەڵگەیەک نییە کە کەڵەشاخ کەڵکی بۆ لەش هەبێت. لە کتێبی زانستی ناودار(Trick or Treatment) بە ئاشکرا ئەوە دەردەخات کە ئەمە لە هەڵەتێگەیشتنێک و ساختەکاریەک بەولاوە، هێچ شتێکی تر نییە. لەم ماوانەی دوایشدا بوو کە دیسانەوە بنکەی American Cancer Society ئەوەی دوپات کردەوە کە "بەڵگە زانستیەکان پشتگیری ئەو بۆچونە ناکات کە گوایە کەڵەشاخ کەڵکی تەندروستی هەبێت". لە جیاتی کەڵەشاخ پزیشکیی مۆدێڕن خوێن بەخشین لە ژێر چاودێری پزیشکی پسپۆردا پێشنیار دەکات. بەدەربڕینێکیتر ئەوە تەنیا پزیشکە پسپۆڕەکانن کە دەتوان بە مرۆڤێکی دیاری کراو بڵێین کە تۆ ئایا پێویستت بە خوێن بەخشین هەیە یان نا پاش گرتنەبەری ڕێکارە پزیشکییەکان.
کەواتە بۆ هەندێ کەس ئەو کارە دەکەن؟ دەکرێت ئاماژە بە چەن هۆکاریک بدەین لەوانە؛
١- ریشەی قوڵی ئاینی هەیە و هیشامی کوڕی ساڵم لە ئەبوعەبدوڵاوە دەگێڕێتەوە کە پێغەمبەری ئیسلام وتویەتی لە شەوی ئیسرادا کە بەرزبوینەوە بۆ ئاسمانی حەوتەم بەلای هەر فریشتەیەکدا تێدەپەڕیم دەیوەت ئەی موحەومەد، کەڵەشاخ بکە و فەرمان بە ئۆمەتەکەت بکە کەڵەشاخ بکەن.
٢- کەمتەرخەمی وەزارەتی تەندروستی بەرانبەر پزیشکی نەریتی کە هێشتا کار دەکەن و بانگەشە بۆ خۆیان دەکەن.
٣- بەردەستنەبوونی پزیشکی مۆدرێرن بۆ هەموو کەس بە نرخێکی هەرزان و بڵاو نەکردنەوەی رۆشنبیری پزیشکی مۆدێڕن.
٤- تێکەڵبوونی بواری ئایینی و بواری پزیشکی مۆدێڕن کە دەرفەت بە مامۆستای ئاینی دەدات بتوانێت پزیشکی مۆدێڕن بۆ مەبەستی ئاینی بقۆزێتەوە و بەکاری بهێنیت.