سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بن باز

16/07/2017


دوڕیان – تایبەت

بایۆگرافیا
ناوی تەواوی:- عەبدلعەزیز بن عەبدوڵڵا بن عەبدلڕەحمان بن محەمەد بن عەبدوڵڵا ئال باز
بەرواری لەدایكبوون:- 1910
شوێنی لەدایكبوون:- ریاز - سعودیە
كۆچی دوایی:- 1999
ئایین و رێباز:- مسوڵمان- سوننی- سەلەفی
* بن باز، بانگخواز و دادوەر و فەقێیەكی ناوداری سعودییە و یەكێكە لە رابەرانی سەلەفیەت.
* تا كاتی مردنی موفتیی گشتیی سعودیە بووە.

كتێب و نوسراوەكانی
بن باز زیاتر لە 40 كتێبی لە بواری ئیسلامدا نوسیون. كتێبەكانی تەرخانكراون بۆ فیقه، عەقیدە، فەتوا، هزری ئیسلامی و رێبازەكانی ئایینی ئیسلام.

بن باز بە یەكێك لە دیارترین كەسایەتییەكانی ئەهلی سوننە و جەماعە ئەژمار دەكرێت. سەلەفییەكان بە "پێشەوای سەردەم" ناوزەد و وێنای دەكەن. بەشێكیان بە "پێشەوای ئەهلی سوننە" پێناسەی دەكەن. ئەلبانی كە یەكێكی ترە لە كەسایەتییە ناودارەكانی سوننە، لەبارەی "بن باز"ـەوە دەڵێت: "بن باز نوێكەرەوەی سەدەی بیستەمە".

بن باز لە تەمەنی 16 ساڵیدا دوچاری نەخۆشی چاو دەبێت و بەو هۆیەوە چاوەكانی كز دەبن، دوای چوار ساڵ بەهۆی كاریگەری نەخۆشییەكەوە بینایی لەدەستدەدات.


ژیانی ئیسلامگەرایی
بن باز لە تەمەنی هەرزەكاریدا بە هاوكاری "شێخ عەبدوڵڵا بن مفێرج" قورئانی لەبەركردوە. دواتر روی لە پیاوانی ئایینی (ریاز) كردوە بە مەبەستی خوێندنی شەریعەتی ئیسلامی، لەوانە محەمەد بن عەبدلـلەتیف، ساڵح بن عەبدلعەزیز، سەعد بن حەمەد بن عەتیق و چەندین كەسایەتی تری ئایینی.

كارەكانی بن باز
*بن باز لە تەمەنی گەنجێتیدا، یەكەمین كار و پیشەی "دادوەری"ـی بووە و ماوەیەك لە شارۆچكەی "دلم" دادوەر بووە.
*هاوكات لەگەڵ كاركردنیدا وەك دادوەر، لە مزگەوتەكەی مامیدا "مزگەوتی شێخ" بووەتە وتارخوێن و پێشنوێژ. لە هەمان مزگەوتیشدا وانەی ئایینی بە منداڵان و مێردمنداڵان وتوەتەوە.
*ساڵی 1371ـی كۆچی بن باز بووەتە مامۆستا لە "پەیمانگەی زانستی" لە ریاز و ماوەی 10 ساڵ لەو پەیمانگەیەدا وانەی وتوەتەوە.
*لە ماوەی ئەو ساڵانەدا، بن باز پێشنوێژی مزگەوتی "ئیمام توركی" بووە لە ریاز.
*ساڵی 1381ـی كۆچی، بن باز گواستویەتیەوە بۆ "مەدینە" و بووەتە جێگری سەرۆكی زانكۆی ئیسلامی. هاوكات لە "مزگەوتی نەبەوی" وانەی ئایینی وتوەتەوە.
*ساڵی 1390 بە فەرمانێكی شاهانە كراوە بە سەرۆكی زانكۆی ئیسلامی لە شاری مەدینە.
* دواتر لە چەندین شار و شارۆچكەی سعودیە و لە وڵاتانی تریشدا، لقی هەمان زانكۆی كردوەتەوە.
*دوای پێنج ساڵ بن باز چوەتەوە بۆ ریاز و بە پلەی وەزیر كراوە بە سەرۆكی كارگێڕی توێژینەوە و فەتوا و بانگخوازی و رێنوێنیكردن.
* ماوەیەك سەرۆكی كارگێڕیی توێژینەوەی زانستی و فەتوای سعودیە بووە.
* سەرۆكی ئەنجومەنی دامەزرێنەری رایەڵەی جیهانی ئیسلامی بووە.
* سەرۆكی كۆمەڵەی فیقهیی ئیسلامی بووە.
* ماوەی پێنج ساڵ بەڕێوەبەری زانكۆی ئیسلامی بووە لە مەدینە.
*سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای مزگەوتەكانی جیهانی ئیسلامی بووە.
*سەرۆكی "دەستەی گەورە زانایانی سعودیە" بووە.
* ساڵی 1982 لەلایەن شا فەیسەڵ پادشای ئەو كاتەی سعودیەوە خەڵاتی "خزمەتكردنی ئیسلام"ـی پێبەخشراوە.
*لەرێگەی كردنەوەی لق و بەشی ئەو زانكۆ و پەیمانگەیانەی سەرپەرشتی كردون لە بەشێك لە وڵاتاندا، بن باز كاریكردوە بۆ بڵاوكردنەوەی بیری سەلەفیەت لە دەرەوەی سعودیەدا.
* ساڵی 1992 كراوەتە موفتیی گشتیی سعودیە، تا ئەو كاتەی كۆچی دوایی كردوە.

بەشێك لە فەتوا و وتەكانی بن باز
*سەدام كافرە. بەعسیبوون كوفرە.
*یەكێك لە فەتوا دیارەكانی بن باز كە بووە مایەی مشتومڕ لە جیهانی ئیسلامیدا، ئەو فەتوایەی بوو سەبارەت بە "جەنگی دووەمی كەنداو" لە دژی رژێمەكەی سەدام حسێن. ئەوكات بن باز فەتوایدا بە شەرعیبوون و حەڵاڵیی پشتبەستن بە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بۆ هێرشكردنە سەر سوپاكەی سەدام و كۆنترۆڵكردنەوەی كوەیت.
لە فەتواكەیدا، بن باز سەدام و رژێمەكەی بە "مورتەد و كافر" ئەژمار دەكات و بڕوای وایە "سعودیە دەتوانێت پشت بە (كافرەكان) ببەستێت و داوای هاوكارییان لێبكات بۆ لێدانی سوپای عیراق".
*نابێت حاجیانی بە دەوری گۆڕی پێغەمبەری ئیسلامدا بسوڕێنەوە و "ئەو كارە بیدعەیە".
*شیعە كافرن. شیعەكانی ئێران، سوریا و هند لە مەترسیدارترینیانن.
*ریش تاشین گوناهێكی گەورەیە.
*وێنەگرتن (وێنە و ڤیدیۆ) حەرامە. (ئەم فەتوایەی بن باز بە ڤیدیۆ تۆماركراوە!)
*گوێگرتن لە گۆرانی و مۆسیقا حەرامە. گۆرانی فەسادە، دڵەكان پیس دەكات و نەخۆشیان دەخات.
*نوێژنەكردن "گەورەترین و قێزەونترین تاوانە" و بەشێك لە "زانایان پێیان وایە نوێژنەكەر كافرە".
*خۆڕازاندنەوە و خۆبۆنخۆشكردنی ژنان حەرامە.
*شۆفێریكردنی ژنان حەرامە.
*زەوی ناسوڕێتەوە و جێگیرە.
*تێكەڵبوونی ژن و پیاو لە شوێنی كاردا حەرامە.
*نابێت ژن دوای مردنی هاوسەرەكەی بۆ ماوەی چوار مانگ بچێتە دەرەوەی ماڵەكەی، تەنها بۆ كاری زۆر پێویست نەبێت. تەنانەت نابێت بە مەبەستی سەردانی كەسوكاریشی بچێتە دەرەوەی ماڵ.
*بن باز سەدان فەتوای هەیە و زۆربەیان لە یوتیوبدا بڵاوكراونەتەوە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.