دوڕیان – تایبەت
بایۆگرافیا
ناوی تەواوی:- ئەبو عەبدوڵڵا محەمەد بن ساڵح بن محەمەد بن عەبدلڕەحمان عوسەیمین "إبن عثیمین"
بەرواری لەدایكبوون:- 1929
شوێنی لەدایكبوون:- قەسیم - سعودیە
كۆچی دوایی:- 2001
ئایین و رێباز:- مسوڵمان- ئەهلی سوننە و جەماعە- سەلەفی حەنبەلی
* ئیبن عوسەیمین، موفتی، بانگخواز، راڤەكار و شیكەرەوەی قورئان فەرمودەی پێغەمبەری ئیسلام و فەقێیەكی ناوداری سعودییە. یەكێكە لە رابەرانی سەلەفیەت و لەسەر ئاستی جیهان سەلەفییەكان پشت بە فەتوا و بۆچونەكانی دەبەستن.
قۆناغی منداڵیی ئیبن عوسەیمین
ناوبراو لە تەمەنی منداڵیدا، لەلایەن باپیرییەوە فێری خوێندنەوە و نوسین كراوە. پاشان چوەتە خوێندنگە و قورئانی لەبەركردوە. هەر لە تەمەنی مێردمنداڵیدا، تا رادەیەك شارەزایی لە فەرمودە و فیقهدا پەیداكردوە.
سەردەمی لاوێتی
ئیبن عوسەیمین لە سەرەتای تەمەنی لاوێتیدا، تەوحید و فیقه و رێزمانی عەرەبی و شیكردنەوە و راڤەكردنی قورئان و فەرمودەی خوێندوە و و شارەزایی لەو بوارانەدا بەدەستخستوە. ساڵی 1372ـی كۆچی چوەتە "پەیمانگەی زانستی" لە ریاز و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە بواری ئایینی ئیسلامدا خوێندویەتی.
دوای تەواوكردنی خوێندنی پەیمانگە، چوەتە لای بن باز و لە مزگەوتەكەی ئەودا سەحیحی بوخاری و نامەكانی ئیبن تەیمیە و "زانستی فەرمودە"ـی خوێندوە و بەدواداچونی بۆ بۆچونەكانی ئەهلی سوننە و جەماعە لەبارەی ئایینی ئیسلامەوە كردوە.
دواتر چوەتە زانكۆی "ئیمام محەمەد بن سعود" كە زانكۆیەكی ئیسلامییە و لە هەمان ئەو بوارەدا بڕوانامەی بەدەستهێناوە.
كار و چالاكییەكانی ئیبن عوسەیمین
*ماوەیەك مامۆستا بووە لە ژمارەیەك زانكۆ و پەیمانگە و زۆربەی كات وانەی ئایینی وتوەتەوە. لەوانە پەیمانگەی زانستی لە عەنیزە، زانكۆی "ئیمام محەمەد بن سعود" لە ریاز و كۆلێژی شەریعە لە قەسیم.
*ماوەیەك وەك بەشداربوو لە رادیۆی قورئان لە سعودیە كاریكردوە و سەردەمانێك پرۆگرامی ئایینی لە هەمان رادیۆدا ئامادە و پێشكەشكردوە.
*لە رێگەی تەلەفۆنەوە، وانەی ئایینی بە خوێندكارانی چەندین زانكۆی ناوەوە و دەرەوەی سعودیە وتوەتەوە.
*سەرۆكی كۆمەڵەی لەبەركردنی قورئان بووە.
*ئەندامی ئەنجومەنی كۆلێژی شەریعە و بنەماكانی ئایین بووە.
*ئەندامی "دەستەی گەورە زانایان"ـی سعودیە بووە.
*پێشنوێژ و وتارخوێن و وانەبێژی چەند مزگەوتێكی سعودیە بووە، لەوانە مزگەوتی گەورەی عنێزە، كتێبخانەی نیشتمانیی عنێز، مزگەوتی پێغەمبەر لە مەدینە و مزگەوتەكەی مەككە.
*وانەبێژ بووە لە دیدار و كۆڕەكانی "دەستەی فەرمانكردن بە چاكە و رەتكردنەوەی خراپە" لە سعودیە.
*ساڵی 1414ـی كۆچی، "خەڵاتی باڵای شا فەیسەڵ" بۆ خزمەتكردنی ئیسلامی بەدەستهێناوە.
نوسین و كتێبەكانی ئیبن عوسەیمین
*ناوەكانی خودا و تایبەتمەندییەكانیان و بۆچونی ئەهلی سوننە و جەماعە لەبارەیانەوە.
*حوكمەكانی نوێژ.
*شیكردنەوەی چل فەرمودەكە.
*فەتواكان لەبارەی كۆڵەكەكانی ئیسلامەوە.
*شیكردنەوەی پێشەكی تەفسیرەكەی ئیبن تەیمیە.
*سیفەتی حەج و عومرە.
*چەندین كتێبی تر. لەگەڵ ژمارەیەك نامە و وتار و لێكۆڵینەوەی ئیسلامی.
بۆچونی ئیبن عوسەیمین سەبارەت بە دەسەڵاتداران
ئیبن عوسەیمین هاوشێوەی رابەرانی تری سەلەفیەت، پێی وایە دەبێت گەل ملكەچی دەسەڵاتداران ببن. سەرباری ئەوەی پێی وابووە "بەشێك لە دەسەڵاتدارانی ئەم سەردەمە لە رێبازی خودا دەرچون"، كەچی جەختیكردوەتەوە لەوەی نابێت خەڵك یاخیببن و دەبێت ئامۆژگاری دەسەڵاتداران بكەن و روبەڕویان نەبنەوە، چونكە ئەو كارەی بە هەڵەیەكی گەورە ئەژمار كردوە.
بەشێك لە بۆچون و فەتواكانی ئیبن عوسەیمین
*نابێت ژنان مەلە بكەن، چونكە ئەوە دەرگای خراپەكاری دەكاتەوە و بە كردنەوەی دەرگاكەش، داخستنی ئەستەم دەبێت. ژنان لاوازن، بۆیە نابێت بچنە مەلەوانگە، تەنانەت ئەگەر:-
1- مەلەوانگەكە داخراوبێت.
2- تەنها ژنانی لەنێو مەلەوانگەكەدا بن.
3- ژنەكان جلوبەرگی ئیسلامییشیان پۆشیبێت.
*بەكارهێنانی ئینتەرنێت مەترسیدارە و هەڵەیەكی گەورەیە (ئیبن عوسەیمین وێبسایتێكی بە ناوی خۆیەوە هەبوو، تا ئێستا وێبسایتەكە بەردەوامە لە كار و پەخش و بڵاوكردنەوە)
*نوێژنەكەر كافرە.
*رێگەپێدراو و ئاساییە پیاو سێكس لەگەڵ مەمكی هاوژینەكەیدا بكات و بە مەمكەكانی خۆی بگەیەنێت بە ئۆرگازم و تۆوی خۆی بەسەریاندا خاڵی بكاتەوە.
*دواخستنی نوێژ حەرامە.
*مەسیحی و جولەكە كافرن.
*شیعەكانی لادەر و لەڕێدەرچوون.
*كوشتنی مێرولە حەرامە.
*كەسی خۆكوژ خودا لێی خۆشدەبێت، چونكە بە هەڵە ئەو كارە دەكات و وادەزانێت جیهادە.
*ریشتاشین لە تاوانە گەورەكانە.
*مۆسیقا حەرامە، چونكە دڵ داگیر دەكات و دووری دەخاتەوە لە خودا.
*دەركەوتنی دەست و دەموچاوی ژن فیتنە و بێڕەوشتییە.
*باشتر وایە بە پەنجەكان زیكری خودا بكرێت، نەك بە "تەزبیح".
*نابێت ژنان پانتۆڵ بپۆشن، حەرامە.
*نابێت پیاو لە كاتی نوێژكردندا سەری بە كڵاو و ئەو جۆرە كاڵایانە دابپۆشێت.
*بەپێوە میزكردن ئاساییە و پێغەمبەر بە پێوە میزیكردوە.
*بەپێوە ئاوخواردنەوە رێگەپێدراو نییە.
*نابێت پیاو مستیلە "بە مەبەستی جوانكاری" لە دەست و پەنجە بكات.
*پێغەمبەر مستیلەی لە پەنجە كردوە.
*ئاساییە كاتژمێر لە دەستی چەپ بكرێت و دەستی چەپ و راست جیاوازییان نییە. پێغەمبەر مستیلەی لە پەنجەكانی هەردوو دەستەكەی كردوە.
*نابێت ژنان پێڵاوی پاژنەبەرز لەپێبكەن.
ئیبن عوسەیمین دەربارەی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لەلایەن ژنانەوە دەڵێت:" لە خراپیەكانی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بۆ ئافرەت، داماڵینی حەیایە لێی، حەیا وشەرمیش لە ئیمانە وەك لە ڕێگای سەحیحەوە لە پێغەمبەرەوە هاتوە، حەیاش ڕەوشتێكی بەرزە و سروشتی ئافرەت پیی دەوێت، تا بیپارێزێت لە توشی بوونی فیتنە! ئەگەر حەیا لە ئافرەت نەما، لێی مەپرسە. لە خراپەكانیتر: دەرچوونی زۆری ئافرەتە لە ماڵەوە، ماڵەوەش باشترین شوێنە بۆی وەك چاكترین كەس بە بەرژەوەندیەكانی خەڵك، كە پێغەمبەرە [د.خ] وادەڵێت! چونكە شەیدایانی لێخوڕین چێژی لی وەردەگرن! بۆیە دەیانبینیت لێرە ولەوێ دەخولێنەوە بە ئوتۆمبیلەكانیان هەر بۆ خۆشی!"
لە خراپیەكانیشی ژن ئازاد دەبێت و دەچێتە كوێ و بۆ لای كێ و بە هەر ئامانجێك بیەوێت. چونكە سوكان لەدەستی خۆیەتی و بە هەر كاتێك لە شەو و ڕۆژدا دەتوانێت بچێت، لەوانەیە تا درەنگانێكی شەویش بمێنێتەوە بە تەنها. ئەگەر خەڵك گازاندە لەدەست لاوانی كوڕ بكەن، كەوابوو چۆن بەرگەی دەرچوونی ئافرەتان دەگرن بە كەیفی خۆیان ڕاست وچۆب بڕۆن وبێن!؟
لە خراپیەكانیشی: لێخوڕینی هۆكارێكە بۆ یاخیبوون لە خێزانی ومیردی لەبەر بچوكترین هۆكار لە ماڵەوە دەردەچێت بۆ ئەوەی خۆی هێمن كاتەوە، وەك هەندێ لە پیاوان وادەكەن، كە لە ژن بەهێزتر و بەرگەگرترن.
لە خراپیەكانیتری: دەبێتە هۆی فیتنە لە زۆر هەڵوێستدا، بۆ نمونە: ڕاوەستان لای ترافیك لایتی ڕێگاكان، یان وەستان لە بەنزینخانەكان، یان وەستان بۆ خالەكانی پشكنین، یان وەستان لەگەڵ پۆلیسی هاتوچۆ لە كاتی نووسینی سزای سەرپێچی یان ڕوداوێك! یان وەستان بۆ هەوا تێكردنە تایەكان و بۆ پەنچەربوون، یان وەستان لەبەر ڕوودانی عەیبێك لە ئوتۆمبیلەكەی، و پێویستی بە یارمەتی خەڵكیتر بوو، ئەو كاتە چ دەكات؟! لەوانەیە تووشی پیاوێكی بەدڕەوشت بێت سازشی لەگەڵ بكات لەسەر شەڕەفی بۆ ڕزگاركردنی لە كێشەكەی، بە تایبەت ئەگەر زۆر ناچار بوو؟!
لە خراپیەكانیتری لێخوڕینی ئافرەت: قەرەبالغی زۆری ئۆتۆمبیلەكان لە سەر شەقامەكان، یان نەهێشتن و مەحرومكردنی لاوان[ نێر] لە لێخوڕینی ئۆتۆمبیل، ئەو لاوانە موستەهەقتر وشایەنترن لە ژنان ئۆتۆمبیل لێخوڕن!
تێبینی/
هەموو ئەو فەتوایانەی عوسەیمین، بە دەنگ و رەنگی خۆی لە یوتیوبدا بڵاوكراونەتەوە.