دوڕیان- تایبەت
بایۆگرافیا
ناوی تەواوی:- رەبیع بن هادی محەمەد عومەیر ئەلمەدخەلی
بەرواری لەدایكبوون:- 1932
شوێنی لەدایكبوون:- گوندی جەڕادیە – سامتە - سعودیە
ئایین و رێباز:- مسوڵمان – ئەهلی سوننە و جەماعە - سەلەفی
رەبیع مەدخەلی، وەك هاوبیرە سەلەفییەكانی تری، گرنگییەكی زۆری بە فەرمودەكانی پێغەمبەری ئیسلام داوە و وەك پسپۆڕی "زانستی فەرمودە" ناسراوە و خۆی لەو بوارەدا قاڵ كردوە. مەدخەلی لە سەردەمی لاوێتیدا، لای زۆرێك لە بانگخواز و كەسایەتییە سەلەفی و وەهابیە دیارەكانی سعودیە وانەی ئایینی خوێندوە، لەوانە بن باز، ئەلبانی و عوسەیمین. چوەتە ئەفغانستان و ماوەیەك لەوێ "جیهاد"ـی كردوە.
خوێندن و كاركردن
مەدخەلی ساڵی 1961 پەیمانگەی زانستی لە شاری سامتە تەواوكردوە. پاشان چوەتە كۆلێژی شەریعە لە ریاز. بەڵام دوای كەمتر لە دوو مانگ وازی لە خوێندن لەو كۆلێژە هێناوە و چوەتە زانكۆی ئیسلامی لە مەدینە، لە كۆلێژی شەریعەی ئەو زانكۆیە درێژەی بە خوێندن داوە و لە هەمان زانكۆ ساڵی 1964 خوێندنی تەواو كردوە.
دوای تەواوكردنی خوێندنی شەریعە، رەبیع مەدخەلی بووە بە مامۆستا لە زانكۆی ئیسلامی. دوای ماوەیەك دەستیكردوە بە خوێندنی باڵا و لە زانكۆی شا عەبدلعەزیز و ساڵی 1977 بڕوانامەی ماستەری لە فەرمودەدا بەدەستهێناوە.
ساڵی 1980، رەبیع مەدخەلی دكتۆرای لە هەمان زانكۆدا بەدەستهێناوە و دواتر گەڕاوەتەوە بۆ پیشەی مامۆستایی و وانە وتنەوە لە زانكۆ و كراوەتە سەرۆكی بەشی سوننە.
بەشێك لە كتێبەكانی رەبیع مەدخلی
*لەنێوان هەردوو پێشەوا موسلیم و دارقتنی دا.
*ئاشكراكردنی هەڵوێستی غەزالی سەبارەت بە سوننە و پەیڕەوكارانی.
*رێبازی پێغەمبەران.
*پێگەی پەیڕەوكار و یارانی فەرمودە.
*یاداشتێك لە فەرمودەی پێغەمبەردا.
*رێبازی ئیمام موسلیم لە رێكخستنی سەحیحەكەیدا.
*یار و پەیڕەوكارانی فەرمودە كۆمەڵە رزگاربووەكەن.
*بەرپەرچدانەوەی دوژمنكاریی بێباوەڕان و حوكمی هانابردن بۆ نامسوڵمان.
*سەركێشییەكانی حەدداد.
چی لەبارەی رەبیع مەدخەلی یەوە دەوترێت؟
*بن باز: مەدخەلی لە پیاوە هەرە باشەكانی ئەهلی سوننە و جەماعەیە و خاوەن زانست و چاكە و بیروباوەڕی چاكە.
*ئەلبانی: ئەوانەی رەخنە لە مەدخەلی دەگرن، بە زانست رەخنەی لێناگرن. بەڵام مەدخەلی "توندە و توندڕەوییەكەی لە هەمو كتێبەكانیدا رەنگی داوەتەوە. بریا بە نەرمی پەیامەكەی دەگەیاند بە جەماوەر".
*پێشتر سەلەفییەكانی سعودیە ئەوەیان بڵاوكردبووەوە كە ئەلبانی "تەزكیە"ـی مەدخەلی كردوە، بەڵام بەشێك لە كەسایەتییە ئیسلامییەكانی سعودیە جەختدەكەنەوە كە سەلەفییەكان زیادەڕۆییان لەو بابەتەدا كردوە و قسەی تریان بەدەم "ئەلبانی"یەوە كردوە. ئەلبانی دوای "لادانی" مەدخەلی لە بۆچونەكەی پاشگەزبووەتەوە.
*فەوزان: "مەدخەلی درۆزنە". ئەو قسەیەی ساڵح فەوزان بە "دەنگ" لە ئینتەرنێتدا هەیە.
*نەبیل عەوەزی: شوێنكەوتوانی مەدخەلی، لە یەكتاپەرستیدا تەواو نین و ریزی مسوڵمانان پەرت دەكەن و فیتنە بڵاودەكەنەوە و پێویستە لێیان دوربكەوینەوە.
*لە ناوخۆی سعودیەدا، هەواڵێك بڵاوكرایەوە كە "رەبیع مەدخەلی" و شوێنكەوتوانی لەلایەن ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرێن. زانیارییەكە یاخود هەواڵەكە لە ئینتەرنێتدا بە زمانی عەرەبی بەردەستە.
*دەوترێت "رەبیع مەدخەلی پشتیوانی لە كۆمەڵێك كەسایەتی و گروپی ئیسلامگەرا كردوە، بەڵام كاتێك ناكۆكی كەوتوەتە نێوانیانەوە، دەستیكردوە بە هاندانی خەڵك لە دژیان و ناوهێنانیان بە بیدعەچی، لەوانە حەلەبی، حجوری و حەددادی.
*ساڵێك لەمەوبەر و لە 20-7-2016ـدا، "دەستەی گەورە زانایان"ـی سعودیە و موفتی گشتی ئەو وڵاتە، بەیاننامەیان لە دژی رەبیع مەدخەلی دەركرد و بە گومڕا ناویانبرد. تەنانەت هەڵمەتێكی بەرفراوانیان لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لە دژی ناوبراو بەرپاكرد و هەڵمەتەكە لە ژێر ناونیشانی "هۆشداریدان لە گومڕاییەكانی رەبیع مەدخەلی" بەرپاكرا.
رەبیع مەدخەلی، پێشەوای زۆرێك لە سەلەفییەكانی كوردستانە. عەبدولـلەتیف سەلەفی رێبەری سەلەفییەكانی كوردستان، بە شوێنكەوتەی مەدخەلی ئەژمار دەكرێت. بەڵام ماوەیەك ناكۆكی كەوتوەتە نێوانیانەوە و ململانێكە گەیشتوە بە ئاستێك كە مەدخەلی هێرشی كردوەتە سەر عەبدولـلەتیف و بە لادەر ئەژماریكردوە. هۆشداریشی داوە بە سەلەفییەكانی كوردستان لە "لادانەكانی عەبدولـلەتیف كوردی" و لەبارەی ناوبراوەوە وتویەتی: "دەستبەرداری مەنهەجی سەلەفی بووە كە پێشتر لەسەری بوو، درۆزنە، لێی دوور كەونەوە، وەڵامی هەر كەسێكی ئەهلی باتڵ بدەنەوە لە ڕافزی، سروری و ئیخوانەكانی وەكو ئەبوو عەبدولحەق".
بەشێك لە فەتواكانی رەبیع مەدخەلی
*دەبێت جیهاد لە دژی شیعەكان (حوسییەكان)ـی یەمەن بكرێت.
*تێكەڵبوونی هەردوو رەگەز لە زانكۆ و شوێنكاردا حەرامە.
*رێگەپێدراوە هانا بۆ كافر و بێباوەڕان ببرێت بۆ لابردنی ستەم.
*وێنەگرتن و تۆماركردنی ڤیدیۆ حەرامە. وێنەگران توندترین سزا دەدرێن لە قیامەتدا.
*پانتۆڵ لەپێكردنی ژنان حەرامە و خۆ بەكافركردنە.
تێبینی/
هەموو ئەو فەتوایانەی مەدخەلی "بە دەنگی خۆی" لە ئینتەرنێتدا هەن.