دوڕیان – تایبەت
بایۆگرافیا
ناوی تەواوی:- تەقیودین ئەبولعەباس ئەحمەد عەبدلحەلیم بن عەبدلسەلام ئەلنومەیری ئەلحەرانی ناسراو بە "ئیبن تەیمییە" كە بە (شێخی ئیسلام)ـیش ناوبانگی بڵاوبووەتەوە.
ساڵی لەدایكبوون:- 1263 زایینی
شوێنی لەدایكبوون:- حەڕان
ساڵ و شوێنی مردن:- 1328 زایینی. دیمەشق – سوریا
ئایین و رێباز:- مسوڵمان – ئەهلی سوننە و جەماعە – حەنبەلی
منداڵی و مێردمنداڵی
ئیبن تەیمیە لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە دەستیكردوە بە خوێندنی ئایین و زمانی عەرەبی و بیركای، هەر لە تەمەنی مێردمنداڵیدا قورئانی لەبەركردوە. لای زیاتر لە 200 شارەزا و مامۆستای ئیسلامی وانەی ئایینی خوێندوە و زانیاری و ئەزمونی لێوە بەدەخستون. لە تەمەنی مێردمنداڵیدا شارەزاییەكی باشی هەبووە لە بوارەكانی تەفسیر، فەرمودە، فیقه و زمانی عەرەبی دا. بە گوێرەی هەندێك سەرچاوەی ئیسلامی، جگە لە زمانی عەرەبی، ئیبن تەیمیە شارەزای زمانەكانی عیبری، لاتینی و توركی بووە و لە نووسین و نامەكانیدا ئەو زمانانە دەركەوتون.
قۆناغی گەنجێتی ئیبن تەیمیە
شارەزاییەكەی ئیبن تەیمیە لە ئایینی ئیسلام و لق و پۆپەكانی ئەو ئایینە و وردەكارییەكانیدا، بە رادەیەك بووە كە لە تەمەنی 17 ساڵییەوە فەتوایداوە و لە بواری ئایینی ئیسلامدا نوسیویەتی و كتێبی بڵاوكردوەتەوە. لە تەمەنی 21 ساڵیدا، ئیبن تەیمیە بووەتە مامۆستای ئایینی و وانەی ئیسلامیی وتوەتەوە و بووەتە شێخ و سەرمەشقی ئەو خوێندنگە ئایینیەی كە پێشتر باوكی وانەی تیادا دەوتەوە. ماوەیەك لە قوتابخانەی حەنبەلی وانەی وتوەوە. لە تەمەنی 30 ساڵیدا و لە رۆژی 10ـی سەفەری 691ـی كۆچیدا، ئیبن تەیمیە وەك وانەبێژی تەفسیری قورئان لە مزگەوتی ئەمەوی دەستبەكاربووە و ساڵانێكی زۆر لەوێ وانەی وتوەتەوە و فێرخوازان رویان لە مزگەوت و خوێندنگەكەی كردوە و وانەی ئایینیان لە لای ئیبن تەیمیە خوێندوە.
رەچەڵەك و نەتەوەی ئیبن تەیمیە
محەمەد ئەبو زەهرە لە كتێبەكەیدا بە ناونیشانی "ئیبن تەیمیە" لەبارەی رەچەڵەكی ناوبراوەوە دەڵێت: "شێخی ئیسلام عەرەب نەبووە، كورد بووە، بەو بەڵگەیەی كە مێژونوسان ئاماژەیان بۆ هۆزەكەی نەكردوە." بەڵام ئیبراهیم محەمەد ئەلعەلی مێژونوسی عەرەب و شارەزای ئیسلام، بەرپەرچی ئەو بۆچونەی داوەتەوە و لە كتێبەكەیدا "شێخی ئیسلام ئەحمەد بن تەیمیە پیاوی چاكسازی و بانگخوازی" جەختیكردوەتەوە لەوەی ئیبن تەیمیە عەرەب بووە. هەروەها نورەدین مەحمود عەدەوی لە كتێبەكەیدا كە بە ناونیشانی" الزیارات" بڵاویكردوەتەوە، جەختیكردوەتەوە كە ئیبن تەیمیە لە هۆزی "بەنی نومەیر"ـە و ئەوەش نازناوی خۆی و بنەماڵەكەیەتی.
نازناوی ئیبن تەیمیە
بەهۆی ئەو شارەزاییەی ئیبن تەیمیە لە ئایینی ئیسلامدا هەیبووە و پابەندی رێبازی سوننە و جەماعە بووە و زۆربەی كاتەكانی ژیانی بۆ لێكۆڵینەوە لە ئایینی ئیسلام تەرخانكردوە، زۆرێك لەو شارەزا و كەسایەتییە ئایینیانەی هاوسەردەمی بوون و چەندینی تریش كە دوای ئیبن تەیمیە پەیدابوون، نازناوی "شێخی ئیسلام"ـیان بە ناوبراو بەخشیوە و تا ئێستاش، لە نێوەندی ئیسلامیدا ئیبن تەیمیە بە "شیخ الإسلام" دەناسرێت و ناوبانگی بڵاوبووەتەوە.
كار و پیشە
ئیبن تەیمیە شارەزایەكی ناوداری ئیسلامە. لە بۆچونەكانیدا پشتی بە دەقەكانی قورئان و فەرمودەی پێغەمبەری ئیسلام بەستوە. ئیبن تەیمیە، رۆڵێكی كاریگەر و گەورەی هەبووە لەوەی "جیهاد" بخاتە پلەوپایەیەكەوە كە بەلای شوێنكەوتوانیەوە ببێت بە یەكێك لە كۆڵەكە و پایە سەرەكییەكانی ئیسلام. ئەوەش كاریگەرییەكی بەرچاوی خستە سەر بیركردنەوەی ئەو ئیسلامگەرا و گروپە ئیسلامیە سیاسییانەی لە سەدەی بیستەم بەدواوە سەریانهەڵداوە و تا سەردەمی ئێستاش بەردەوامن لە پەیدابوون و جموجۆڵ و كاركردن.
بەشێك لە كتێبەكانی ئیبن تەیمیە
ئیبن تەیمیە، خاوەنی 154 كتێبە، لێرەدا ناونیشانی چەند كتێبێكی دەخەینەڕوو:-
*رێبازی سوننەتی پێغمبەر.
*كۆی فەتواكان.
*"الفرقان".
*رەتدانەوەی لۆژیكخوازان.
*وەڵامی راست بۆ ئەوانەی ئایینی مەسیحیان گۆڕی.
*حوكمی جنێودان بە هاوەڵان.
*كۆمەڵەی یەكتاپەرستی.
*پەیامی مەدەنی.
*باوەڕ.
*لۆژیك.
ئیبن تەیمیە و فەتواكانی
ئیبن تەیمیە ژمارەیەكی بێشومار فەتوای هەیە و لە كتێبەكەیدا بە ناوی "مجموع الفتاوی" كۆكراونەتەوە كە لە 20 بەرگ پێكهاتوە. لە فەتواكانیدا، شێخی ئیسلام زۆر توندڕەوە و بۆ زۆرێك لە پرس و بابەتەكان، حوكمی تەكفیری سەپاندوە و فەتوای كوشتنی داوە و خوێنی ئەو كەسانەی حەڵاڵكردوە كە ئاماژەی بۆ كردون. ئیبن تەیمیە "428" جار لە كتێبەكانیدا دەڵێت: "دەبێت تەوبە بكات و ئەگەر نەیكرد، دەبێت بكوژرێت". لەو ژمارەیەش، 200 جار لەو كتێبەیدا كە پێشتر ئاماژەی بۆ كراوە (كۆی فەتواكان)، ئەو رستەیەی دووبارە كردوەتەوە. ناوبانگی ئیبن تەیمییە لە ناو موسڵماناندا بە شەیخولئیسلام، وایكردوە مسوڵمانان لە زۆرێك لە مەسەلە ئاینییەكاندا پشت بە وتارەكانی ئیبن تەیمییە ببەستن. ئیبن تەیمییە بانگەشەی ئەوە دەكات كە ئەوەی ئەو دەیڵێت، ئیسلامی ڕەسەنە و دەگەڕێتەوە بۆ قورئان و پێغەمبەر و هاوەڵانی. بەواتایەكیتر، دورە لە بیدعە و داهێنراو و هەر شتێكیتر كە خزێنراوەتە ناو ئیسلام.
شارەزایانی ئیسلامناسی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە زۆرێك لە فەتوا و كار و كردەوەكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام، لە كتێبەكانی ئیبن تەیمیەوە سەرچاوەیان گرتوە. بەڵام بەشێكی زۆر لە مەلا و پیاوانی ئایینی ئیسلام لە كوردستان، هەمیشە سەرزەنشتی داعش و شوێنكەوتوانی دەكەن و ئیبن تەیمیەش بە كەسێكی هەڵە نەكردو، زانا و موقەدەس ئەژمار دەكەن.
چەند فەتوایەكی ئیبن تەیمیە
*مرۆڤی "بالغ" ئەگەر یەكێك لە پێنج نوێژە فەرزەكە نەكات، یاخود هەندێك لەو فەرزانە نەكات كە كۆدەنگییان لەسەرە، ئەوا دەبێت تەوبە بكات و ئەگەر نەیكرد دەبێت بكوژرێت.
*هەركەسێك بە شەرعەوە پابەند نەبێت، یان تانەی لێبدات یاخود رێگە بە كەسێك بدات پێشێلی بكات، ئەوا دەبێت تەوبە بكات و ئەگەر نەیكرد دەبێت بكوژرێت.
*هەركەسێك نەڵێت خودا لەسەروی ئاسمانەكانیدایە و لەسەر عەرشەكەیەتی، دەبێت داوای تەوبەكردنی لێبكرێت، ئەگەر تەوبەی نەكرد، دەبێت بكوژرێت.
*ئەوەی مار و دووپشك بخوات، دەبێت داوای تەوبەكردنی لێبكرێت و ئەگەر نەیكرد دەبێت بكوژرێت.
*هەركەسێك بڵێت قورئان هەڵبەستراوە، ئەوا دەبێت تەوبە بكات و ئەگەر نەیكرد دەبێت بكوژرێت.
*ئەوەی بڵێت خودا قسەی لەگەڵ موسا نەكردوە، دەبێت تەوبە بكات. ئەگەر تەوبەی نەكرد دەبێت بكوژرێت.
*هەركەسێك بەهۆی ئیشوكار، یان راوكردن، یان راپەڕاندنی كارێك بۆ وەستا و خاوەنكار و كاربەدەستەكەیەوە نوێژی دواخست تا خۆرئاوابوون، ئەوا دەبێت سزا بدرێت، بەڵكو ئەگەر تەوبەی نەكرد دەبێت بكوژرێت.
*هەركەسێك بانگەشەی ئەوە بكات كە رێگەیەكی هەیە بەرەو رەزامەندی خودا دەیبات جگە لە شەریعەتی ئیسلام، ئەوا كافرە و دەبێت تەوبە بكات و ئەگەر نەیكرد دەبێت ملی بپەڕێندرێت.
*ئەوەی بڵێت گەشتیار "مسافر" دەبێت لە مانگی رەمەزاندا بە رۆژوببێت، ئەوا دەبێت تەوبە بكات و ئەگەر نەیكرد دەبێت بكوژرێت.
*هەركەسێك پێی وابێت یەكێك لە هاوەڵان، یان شوێنكەوتوان یاخود شوێنكەوتوی شوێنكەوتوان هاوشانی بێباوەڕەكان شەڕی كردوە، ئەوا كافرە و دەبێت تەوبە بكات و ئەگەر نەیكرد دەبێت بكوژرێت.
*هەركەسێك پێی وابێت یەكێك لە وەلییەكانی خودا لەگەڵ "موحەمەد"ـدا بووە، وەكچۆن "خەزیر" لەگەڵ موسا دا بووە، ئەوا دەبێت تەوبە بكات و ئەگەر نەیكرد دەبێت ملی بپەڕێندرێت.
كافر كێیە؟ و چۆن ڕەفتاری لەگەڵدا دەكرێت؟
بە لای ئیبن تەیمیە شێخی ئیسلامەوە، كافر چەند جۆرێكن كە بریتین لە:-
١- بەدرۆخەرەوەی پەیام.
٢- ڕاڕا لێی جا ڕاڕایی گەڕان بێت بە دوای هەقیقەت یان ڕاڕایی هەوا و هەوەست.
٣- بێ ئاگا لە پەیام جا پەیامی پێگەیشتبێت یان نەگەیشتبێت. بەڵام سزای ئاخیرەت تەنها بۆ ئەوەیە كە پەیامی پێگەیشتبێت، نەك ئەوانەی پێیان نەگەیشتوە، بەڵام لە دنیادا ئەوانە هەمویان وەك یەكن و حوكمەكانی كافریان لەسەر جێبەجێ دەكرێن و دەبێت بكوژرێن.