سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئیبن قەیم

21/07/2017


دوڕیان – تایبەت

بایۆگرافیا
ناوی تەواوی: شەمسەدین ئەبو عەبدڵڵا محەمەد بن ئەبی بەكر بن ئەیوب بن سەعد بن حورەیز بن مەكی زینەددین ئەززەرعی ئەددیمەشقی ئەلحەنبەلی ناسراو بە "ئیبن قەییم ئەلجەوزییە".
ساڵی لەدایكبوون: 1292 زایینی
شوێنی لەدایكبوون: ناكۆكی لەبارەی شوێنی لەداكبوونیەوە هەیە. بەشێك لە مێژونوس و شارەزایانی ئیسلام دەڵێن لە شارۆچكەی ئەزرەع سەر بە پارێزگای دەرعا لەدایكبووە. بەشەكەی تر دیمەشق بە شوێنی لەدایكبوونی ئین قەیم دەزانن.
كۆچی دوایی: 1349 زایینی - سوریا
ئایین و رێباز: موسڵمان – سوننە و جەماعە – حەنبەلی

شارەزایی و پسپۆڕی
ئیبن قەیم، یەكێكە لە "زانا ناودارەكانی ئیسلام" و خاوەنی چەندین كتێب و لێكۆڵینەوەیە لە بواری ئیسلامدا. فەقێ و گێرەرەوەیەكی شارەزای فەرمودەی پێغەمبەری ئیسلامە. خوێندكار و فێرخوازی "ئیبن تەیمیە" شێخی ئیسلامە و ماوەی 16 ساڵ لەلای ئەو ئایینی ئیسلامی خوێندوە و ماوەیەك پێكەوە لە "قەڵای دیمەشق"ـدا زیندانیكراون، ئەوەش بەهۆی پشتیوانیكردنی بووە لە ئیبن تەیمیە. لەو ماوەیەدا كە لە زینداندا بووە، ئیبن قەیم كاتەكانی بە خوێندنی قورئان و تێڕامان لە ئایینی ئیسلام و بیركردنەوە بەرسەر بردوە.

شارەزایانی ئیسلام ستایشی ئیبن قەیم دەكەن بەوەی كە كەسێكی زۆر شارەزا و لێوەشاوە بووە لە تێگەیشتن لە ئاییندا. بە جۆرێك كە شارەزاییەكی ناوازەی لە قورئان و فەرموودەدا هەبووە. ئەوەش وایكردوە هاوشێوەی ئیبن تەیمیە بە شێخی ئیسلام ناوبانگی بڵاوببێتەوە. ئیبن رەجەب حەنبەلی كە یەكێكی ترە لە شارەزایانی ئیسلام و سەر بە رێبازی سوننە و جەماعە – سەلەفی – حەنبەلییە، لەبارەی"ئیبن قەیم)ـەوە دەڵێت: "كەسێكی خواپەرست بوو، نوێژی زۆر دەكرد و نوێژەكانی كاتی زۆریان دەخایاند. كاتێكی زۆری بە زیكری خودا و داوای لێخۆشبوون و خوداپەرستی و گوێرایەڵی و ملكەچی بۆ خودا بەسەر دەبرد. هەرگیز كەسێكی هاوشێوەی ئەوم نەبینیوە و كەسیشم نەدیوە لە زانستدا "شارەزایی لە ئیسلامدا" لەو دەوڵەمەند و فراوانتر بێت. لە واتای قورئان و فەرمودە و ئیمان لەو زیاتر بزانێت و تێبگات".

ئیبن حەجەر ئەلعەسقەلانی لەبارەی (ئیبن قەیم)ـەوە دەڵێت: "رۆژانە دوای نوێژی بەیانی، دادەنیشت و زیكری خودای دەكرد تا رۆژدەبووەوە" و هەمیشە دەیوت: "بە ئارامگترن و یەقین، دەتوانیت ببیت بە پێشەوا لە ئاییندا".

خوێندن و شارەزایی پەیداكردن
ئیبن قەیم، هەر لە تەمەنی منداڵیدا دەستیكردوە بە خوێندن و خۆشارەزا كردن لە ئایینی ئیسلامدا. سەرەتا لای باوكی "قەیم ئەلجەوزییە" خوێندویەتی و شارەزایی وەرگرتوە و "زانستی فەرزەكان"ـی لێوەفێربووە. دواتر لای ئیبن تەیمیە شێخی ئیسلام خوێندویەتی و "فیقه و ئسوڵی ئایین"ـی لێوەفێربووە. دواتر لای چەندین شارەزای ناوداری تری ئیسلام خوێندویەتی و شارەزایی بەدەستخستووە، لەوانە:- ئیبن عەدبددائیم، بەدرەدین بن جەماعە، ئەحمەد نابلسی، ئیبن شیرازی، ئیبن مەكتوم، كەحال، ئەلمەجد ئەلحەڕانی، ئیبن ئەبی ئەلفەتح و چەندینی تر.

كتێبەكانی ئیبن قەیم
نوسین و تێزەكانی ئیبن قەیم ئەلجەوزیە لە بواری ئایینی ئیسلامدا، لە دووتوێی 98 كتێبدا چاپكراون. ئەمانەی لای خوارەوە ناونیشانی بەشێك لەو كتێبانەن:-
*گوێزەرەوەی رۆح بۆ وڵاتی شادی.
*دەركەوتن لە بەشەكانی قورئاندا.
*ناوازەیی سوودەكان.
*شۆڕەسواری.
*سوودەكان.
*پزیشكیی نەبەوی.
*رۆح.
*كتێبی نوێژ و حوكمی نوێژنەكەر.
*قەزا و قەدەر.
*دەرد و دەوا.
*رێگە راست لە حوكمدان لەبارەی ئەهلی دۆزەخەوە.

بەشێك لە وتە و بۆچون و فەتواكانی ئیبن قەیم
*"ئامێرەكانی مۆسیقا وەك عود و هاوشێوەكانی حەرامن."
ئەم فەتوایە هەمان فەتوا و بۆچونی "ئیبن تەیمیە" شێخی ئیسلامیشە و لە كتێبەكەیدا "رێبازی سوننەتی پێغەمبەر" باسیكردوە. بانگخواز و شارەزایانی ئیسلام دەڵێن: "ئەگەر ئیبن تەیمیە و ئیبن قەیم لەم سەردەمەدا بوونایە و ئاگایان لە گۆرانی و مۆسیقا بووایە، ئەوا بێگومان بۆچونیان زۆر توندتر دەبوو سەبارەت بە گۆرانی و مۆسیقا".
*جیهاد چوار جۆرە:-
1- جیهادی نەفس "خود".
2- جیهاد لە دژی شەیتان.
3- جیهادكردن لە دژی بێباوەڕان.
4- جیهادبەرپاكردن لە دژی مونافیقەكان.
*ئەوە خودایە وا لە مرۆڤ دەكات كاری باش بكات، نەك خودی خۆی.
*ئەو مرۆڤەی خودا بۆ بەهەشت دروستیكردوە، ئەوا دیارییەكانی بەهەشت بۆ ئەو كەسە بریتین لەو دژواری و گرفتانەی لە ژیاندا روبەڕوی دەبنەوە. هەركەسێكیش خودا بۆ دۆزەخ دروستیكردبێت، ئەوا دیارییەكانی دۆزەخ بۆ ئەو كەسە، بریتین لەو چێژانەی پەنایان بۆ دەبات.
*ئەگەر عاشق نەبوویت و نەتزانی خۆشەویستی چییە، ئەوا كا بخۆ چونكە تۆ گوێدرێژیت. (بەشێك لە سەرچاوەكان ئەم وتەیە دەگەڕێننەوە بۆ ئیبن قەیم، بەڵام بەڵگەی دڵنیاكەرەوە لەبەردەستدا نییە)

ئەم بابەتە بەردەوام نوێدەبێتەوە...

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.